موراد قەرەیلان: ستراتیژی تێکۆشانمان دەبێتە سیاسەتی دیموکراسی

09-08-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیەکی باڵای هێزی پاراستنی گەل (هەپەگە) دەڵێ، پێویستە تورکیا بۆچوونی پێشووی خۆی بگۆڕێت بۆ ئەوەی پڕۆسەی چارەسەری بگاتە ئەنجام؛ داواش دەکات حکومەتی عێراق "گەمارۆ"ـی سەر کەمپی مەخموور هەڵبگرێ. 
 
میدیای نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ موراد قەرەیلان، فەرماندەی باڵای هێزی پاراستنی گەل بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هەندێک مژاری تایبەت بە دۆخی ئێستا خراوەتەڕوو.
 
موراد قەرەیلان باس لە ''گەمارۆ''ـی کەمپی مەخموور لە پارێزگای نەینەوا دەکات و دەڵێ: ''بۆ ئەوەی لەسەر دەوڵەتی عێراق گوشار دروست نەبێت و هەموو شتێک بە شێوەیەکی یاسایی و رێکوپێک بەڕێوەبچێ، وەک هێزێکی سەربازی لەوێ دەرچووین و هەموو سەنگەرەکانمان رادەستی ئەوان کرد.''
 
بەگوتەی موراد قەرەیلان، ''ئەوان [حکومەتی عێراق] ئێستا لە هەمان سەنگەرەکانەوە هەوڵ دەدەن گەمارۆی کەمپەکە بدەن و گوشار دەخەنە سەر گەلەکەمان. دەبێت حکومەتی عێراق ئەمە بزانن؛ ئەو خراپەیەی بەرامبەر ئەو خەڵکە دەکرێ، بەرامبەر بەهاکانی ئێمە دەکرێ، هیچ کات قبووڵ ناکەین و لە بەرامبەریدا بێدەنگ نابین.''
 
فەرماندەکەی هێزی پاراستنی گەل (هەپەگە) هۆشداری دەدات کە ''ئەگەر ئەو گەمارۆیە بەرامبەر خەڵکی کەمپەکە بەردەوام بێ، ناچار دەبین دەستوەردان بکەین و گەریلا بنێرین''.
 
کەمپی مەخموور لە ساڵی 1998 لە بناری چیای قەرەچووخ لە رۆژهەڵاتی مەخموور بۆ پەنابەرانی کوردی باکووری کوردستان دروستکراوە.
 
کەمپەکە لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە قەزای مەخموورە لە پارێزگای نەینەوا. بە گوێرەی قسەی دانیشتووانی کەمپەکە بۆ رووداو، لە 10ـی نیسانی ئەم ساڵەوە حکومەتی عێراق "گەمارۆیەکی تووند"ـی خستووەتە سەریان.
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پرسی کورد لە تورکیا 
1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) پرۆسەی چارەسەریی تورکیا دەستیپێکردەوە.
 
موراد قەرەیلان گوتی: ''تاوەکو ئێستا دەوڵەتی تورک بە بۆچوونی ئەمنییەوە رووی لە پرسی کورد کردووە و بە لۆژیکی، 'ئێمە بە هێزە ئەمنییەکان چارەسەری دەکەین' لە بابەتەکە نزیک بووەتەوە. بۆیە [پڕۆسەی] چارەسەری نەگەیشتووەتە ئەنجام. هیوادارین ئەم بۆچوونە گۆڕدرابێت، ئەگەرنا جارێکی دیکە پڕۆسەکە ئەنجامی نابێت''.
 
موراد قەرەیلان باسی پەکەکەش دەکات و دەڵێت: ''دەتوانم 32 ساڵی رابردوو بەوشێوەیە روون بکەمەوە. لەوانەیە کەموکوڕی لەلایەن ئێمەشەوە روویدابێت، بەڵام بەرپرسیاری سەرەکی دەوڵەتە کە رژد بووە لەسەر ئەوەی کێشەکە نەوەک بە سیاسەت، بەڵکو بە سیاسەتی ئەمنی و تووندوتیژی چارەسەر بکات.''
 
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
قەرەیلان ئاماژەی بە کۆنگرەی 12ـی پەکەکە کرد کە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ بەسترا و گوتی: ''ئێمە کۆتاییمان بە ستراتیژیی تێکۆشانی چەکداری هێنا و چووینە نێو پرۆسەیەکی نوێوە. ستراتیژی تێکۆشانمان دەبێتە سیاسەتی دیموکراسی.''
 
موراد قەرەیلان ئەوەشی خستەڕوو، بەر لە بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، گەریلاکانی پەکەکە بە شێوەیەکی ''سەردەمییانە و پیشەگەرانە'' راهێنانیان پێکرا و ئامادەیی تەواویان بۆ بەرەنگاربوونەوەی سوپای تورکیا هەبوو و رایگەیاند: ''ئەگەر ئەم پرۆسەیە (چارەسەری) لەئارادا نەبووایە، ساڵی 2025 نەوەک بە ئاسایی، بەڵکو بە شێوەیەکی جیاواز تێدەپەڕی. بەڵام لە 27ـی شوباتدا بانگەوازی مێژوویی رێبەر ئاپۆ هاتە ئاراوە و هەموو شتێک بەپێی ئەوە دیزاین کرا.''
 
فەرماندەکەی هەپەگە ئاماژەی بە تواناکانی گەریلا دەکات و دەڵێت: ''ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی سیخوڕی خراونەتە خوارەوە. دوایین جار لە نیساندا [فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی] ئاکنجی کە دەوڵەت زۆر متمانەی پێی هەبوو، لە بەرزایی 9 هەزار و 645 [مەتر] خرایە خوارەوە. ئەمە چی دەگەیەنێت؟ واتای ئەوەیە کە چیدیکە ئەو چەکانەش ناتوانن گەریلا بخەنە ژێر گوشار و لە بەرامبەرئەوانیشدا چارەسەر دۆزراوەتەوە.''
 
رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند
.
هەروەها ''لیژنەی هاوپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی'' کە بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە، تاوەکو ئێستا دوو کۆبوونەوەی کردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.