ئۆجەلان بۆ پەنابەرانی نیشتەجێی کەمپی مەخموور: دەگەڕێنەوە زێدی خۆتان

09-08-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە پەیامێکدا بۆ دانیشتووانی کەمپی مەخموور دەڵێ، لەگەڵ بەرەوپێشچوونی پرۆسەی چارەسەری ''دەگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆتان''.
 
میدیای نزیک لە پەکەکە بڵاویکردەوە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە پەیامێکی بۆ دانیشتووانی کەمپی مەخموور ناردووە و بۆیان خوێندراوەتەوە.
 
کەمپی مەخموور لە ساڵی 1998 لە بناری چیای قەرەچووخ لە رۆژهەڵاتی مەخموور بۆ پەنابەرانی کوردی باکووری کوردستان دروستکرا. کەمپەکە لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە قەزای مەخموورە لە پارێزگای نەینەوا.
 
ئۆجەلان لە پەیامەکەدا سڵاوی ئاراستەی دانیشتووانی کەمپەکە کردووە و گوتوویەتی: ''گەلەکەمان لە مەخموور، لە مێژووی تێکۆشانی ئازادیماندا رۆڵێکی زۆر گرنگی گێراوە و خاوەن بەهایەکی گەورەیە. سەرەڕای هەموو سەختییەکان، بە کردەوەکانیان سەلماندیان کە بەرخودان ژیانە، پاڵەوانی گەورەیان پێگەیاند و باری قورسی تێکۆشانیان بە سەرکەوتوویی لە ئەستۆ گرتووە''.
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەبارەی رۆڵی ئەو پەنابەرە کوردانەی باکووری کوردستان لە پرۆسەی چارەسەری گوتوویەتی: ''باوەڕم وایە گەلەکەمان لە مەخموور، هەروەک چۆن لە رابردوودا کۆڵەکەی سەرەکیی تێکۆشانمان بوو، لە پرۆسەی بنیاتنانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسیشدا هەمان رۆڵ و ئەرک لە ئەستۆ دەگرێت''.
 
ئۆجەلان لەبارەی گەڕانەوەی ئەو پەنابەرانە بۆ باکووری کوردستان، ئاماژەی بەوە کردووە، لەگەڵ بەرەوپێشچوونی پرۆسەی چارەسەریدا '' ''دەگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆتان''.
 
1ی تشرینی یەکەمی پار، هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بۆ پرۆسەی چارەسەری نرا. 
 
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
پەکەکە لە 5-7ی ئایاری ئەم ساڵ، 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
 
رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند.
 
دەقی پەیامەکەی ئۆجەلان:
سڵاوی گەرمی خۆم ئاراستەی تەواوی گەلەکەمان دەکەم کە لە مەخموور دەژین. گەلەکەمان لە مەخموور، لە مێژووی تێکۆشانی ئازادیماندا رۆڵێکی زۆر گرنگی گێراوە و خاوەن بەهایەکی گەورە بووە. سەرەڕای هەموو سەختییەکان، بە کردەوە سەلماندیان کە بەرخودان ژیانە، پاڵەوانی گەورەیان پێگەیاند و باری قورسی تێکۆشانیان بە سەرکەوتوویی هەڵگرتووە. دۆخ هەرچییەک بێت، سەلماندوویانە کە ژیانی ئازاد لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە. خاوەن سووربوون و ماندووبوونێک بوون کە شایستەی گەلی کورد و تێکۆشانەکەی بێت.
 
باوەڕم وایە گەلەکەمان لە مەخموور، هەروەک چۆن لە رابردوودا کۆڵەکەی سەرەکیی تێکۆشانمان بووە، لە پرۆسەی بنیاتنانی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراسیشدا هەمان رۆڵ و ئەرک لە ئەستۆ دەگرێ. وەک هێزی داینامیکی ئەم پرۆسەیە، لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی و پێشەنگایەتیکردنیان، پێویستیی میراتی تێکۆشانەکەیانە. یەکێک لە خاڵەکانی گفتوگۆکانمان لەبارەی دۆخی گەلەکەمانە لە مەخموور. بێگومان لەگەڵ پێشکەوتنی ئەم پرۆسەیەدا، گەڕانەوەی گەلەکەمان بۆ  خاکی خۆیان بەدی دێت. بەڵام دەبێت بزانرێت کە نابێت مامەڵەی کەسی و خێزانی زاڵ بێت. پرسە کۆمەڵایەتی، سیاسی و یاسایییەکان چارەسەر دەکەین و لەسەر ئەم بنەمایە بەرەو چارەسەری هەنگاو دەنێین.
 
سەبارەت بە پەنابەرانی مەخموور، ئەورووپا و هەموو پەنابەرانی دیکە، بەم شێوەیە بیر دەکەمەوە: گەڕانەوەی هەمووتان بە کۆمەڵ دەبێ و جوگرافیاکە ئێمە دیاری دەکەین. ئایا دەتانەوێت بگەڕێنەوە؟
 
وا دادەنێین کە داواکاریی گەڕانەوە نیوە بە نیوە دەبێت. پێویستە بە کۆمەڵ بیر لە گەڕانەوە بکەینەوە. لەم چوارچێوەیەدا سڵاوی من بگەیەنن بە گەلی مەخموور.
 
لەسەر ئەم بنەمایە، سڵاو و خۆشەویستیی قووڵ و بێ پایانم ئاراستەی تەواوی گەلی مەخموور دەکەم، بەتایبەتی ژنان و گەنجان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە