حکومەتی هەرێمی کوردستان: مووچەی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاکانیان لە سوپای عێراق یەکبخرێت

15-09-2025
رێبەر حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتیی مەسرور بارزانی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەدواداچوونی رێکار و هەنگاوەکانی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە کرد. لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە حکومەتی فیدراڵ کرا "مووچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاکانیان لە سوپای عێراق یەک بخات."
 
رۆژی دووشەممە، 15-09-2025، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ژمارەیەک بڕیاری گرنگ بۆ خێراترکردنی چاکسازییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە دران.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکە بڕیار دراوە، "پێویستە هەموو پێکهاتەکانی پێشمەرگە، تەنیا یەک یەکەی ژمێریاری هەبێت لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و لە ژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت لەڕووی ژمێریاریی و داراییەوە، بە گوێرەی یاسا و رێنماییە داراییەکان."
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، بڕیاری رێکخستنەوەی پێکهاتە و بەیکەربەندیی دابەشبوونی هێزەکانی پێشمەرگە درا بەشێوەیەک لەگەڵ چاکسازییەکانی حکومەت بگونجێت.
 
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە ئاسانکاریی لە ڕاییکردنی مامەڵەی خانەنشینی هێزەکانی پێشمەرگە بەشێوەیەک "بەرژەوەندی پێشمەرگە لەبەرچاو بگیرێت"، لەمبارەیەوە مەسرور بارزانی، لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد "پەلە بکەن لە راییکردنی مامەڵەکان" و جەختی کردەوە "نابێت کێشە یاسایی و تەکنیکیەکان ببنە رێگر لەبەردەم خەرجکردنی مووچە و شایستەکانیان."
 
لە کۆبوونەوەکەدا داوایش لە حکومەتی فیدراڵ کرا "مووچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاکانیان لە سوپای عێراق یەک بخات، چونکە بە پێی دەستوور، پێشمەرگە بەشێکە لە سیستمی بەرگریی عێراق و پێویستە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانیان لەم چوارچێوەیەدا بێت."
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە