لە 12 کاژێری رابردوودا 15 بوومەلەرزە لە شارۆچکەی بەمۆ تۆمارکراون

15-11-2017
سیروان عەباس
نیشانەکردن بوومەلەرزە هەڵەبجە
A+ A-

رووداو - سلێمانی

لە 12 کاژێری رابردوودا بوومەلەرزە 15 جار سنووری شارۆچکەی بەمۆی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە هەژاندووە، بەڕێوەبەری شارۆچکەش هۆشداری دەدات کە رێگای سەرەکی دەربەندیخان - بەمۆ بەهۆی هەرەسی بەشێک لە دەربەندی سەرتەک بووەتە رێگەیەکی مەترسیدار.

عادل مەلا ساڵح، بەڕێوەبەری ناحیەی بەمۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە 12 کاژێری رابردوودا 12 بوومەلەرزە لە سنووری ناحیەی بەمۆ تۆمارکراون، بەهۆیانەوە بەشێک لە چیای خوشک و سەرتەکی بەمۆ هەرەسیانهێناوە، رێگەی سەرەکی دەربەندیخان - بەمۆش بەهۆی هەرەسی "بەشێک لە دەربەندی سەرتەک و کەوتنەخوارەوەی گاشەبەرد بووەتە رێگەیەکی مەترسیدار.

عادل مەلا ساڵح گوتیشی: "بەهۆی بەردەوام دووبارەبوونەوەی بوومەلەرزەوە، هاونیشتمانیان خانووەکانیان چۆڵکردووە و لەدەرەوە دەمێننەوە".

ناحیەی به‌مۆ سەر بە پارێزگای هەڵەبجەیە و لە نزیک دەربەندیخان هەڵکەوتووە، له‌ 15 گوند پێكدێت و 12 گوندیان ئاوه‌دانن.‌ 

شەوی یەكشەممە 12-11-2017، بوومەلەرزەیەكی بەهێز بەگوڕی 7.2 و 7.3 بە پلەی رێختەر هەر چوار پارچەی كوردستان و چەند وڵاتێكی دیكەی هەژاند، زۆرترین زیانیش لە باشووری کوردستان بەر دەربەندیخان و هەڵەبجە کەوت، لەوکاتیشەوە بەردەوام بوومەلەرزە لە باشووری کوردستان روودەدەن، بەڵام گوڕەکەیان کەمە و زۆر بە دەگمەن نەبێت هەستیان پێناکرێت.

بەهۆی بوومەلەرزە کارەساتبارەکەی شەوی یەکشەممە لە باشووری کوردستان 8 کەس گیانیان لەدەستدا و 321 کەسیش رەوانەی نەخۆشخانە کران، لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش زۆرترین زیان بەر پارێزگای کرماشان کەوت و بەهۆیەوە 432 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 9 هەزار کەسیش بریندارن بوون.

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە