رووداو دیجیتاڵ
لەم ساڵانەی دواییدا و لەگەڵ گەشەسەندنی بازرگانیی ئەلیکترۆنی، دیاردەیەکی نوێ لە بازاڕەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی هەرێمی کوردستان سەریهەڵداوە، ئەویش فرۆشتنی "کارتۆنی داخراو"ـە بە ناوی براندە جیهانییەکانی وەک ئەمازۆن. بەڵام زۆرجار ئەوەی لەنێو کارتۆنەکاندایە، پێچەوانەی چاوەڕوانیی کڕیارانە و تەنیا کۆمەڵێک "زبڵ و خاشاک"ـە.
ئەم بازرگانییە کە پشت بە بەختی کڕیار دەبەستێت، بووەتە هۆی مایەپووچبوونی ژمارەیەک کاسبکار و هاووڵاتی، بەو پێیەی کاڵاکان بەبێ بینین و پشکنین دەفرۆشرێن و زۆربەیان لەکارکەوتوون یان بێبەهان.
لە دوکاندارییەوە بۆ تیکتۆک؛ چیرۆکی گەنجێکی زەرەرمەند
ژیکار کۆسرەت، گەنجێکی دانیشتووی هەولێرە، ماوەی شەش ساڵ خاوەنی دووکانێکی کەلوپەلی ئەلیکترۆنی بوو. ئەو یەکێکە لە قوربانییانی کڕینی "کارتۆنی داخراو". بەهۆی ئەوەی ڕێگەی پێنەدراوە پێش کڕین سەیری کاڵاکان بکات، تووشی زیانێکی دارایی گەورە بووە و دواجار دووکانەکەی داخستووە.
ژیکار ئێستا وەک تیکتۆکەرێک کار دەکات و بەسەرهاتی خۆی بۆ (رووداو) دەگێڕێتەوە: "لە ماوەی دوو مانگدا بڕی 15 ملیۆن دینارم دا بەو کەلوپەلانە، بەڵام تەنیا 5 ملیۆن دینارم دەستکەوتەوە. 80٪ـی کاڵاکان کاریان نەدەکرد."
بە گوتەی ئەو گەنجە، فێڵ لە کێشی کارتۆنەکاندا دەکرێت: "لە ژێرەوەی کارتۆنەکان شووشەوات و شتی قورسی بێسوود دادەنێن بۆ ئەوەی کێشی زیاد بکات، ئەمەش وادەکات هەرکەسێک بیەوێت قازانج بکات، تووشی زەرەر دەبێت."
بازاڕی ئۆنلاین و "دەستلێدان قەدەخەیە"
سەرچاوەی سەرەکیی ئەم کاڵایانە بازاڕێکە کە تیکتۆکەر و دووکاندارەکان لێیەوە کاڵا دەکرن و شەوانە لەڕێگەی پەخشی راستەوخۆ (لایڤ) ساخی دەکەنەوە. لەو بازاڕەدا یاسایەک هەیە: "ماڵەکە مەشێوێنە و دەستی لێ مەدە".
هۆشیار مامەند، یەکێکە لە بازرگانەکان و ئاماژە بەوە دەکات کە فێڵەکە لە سەرچاوەکەوە نییە، بەڵکو دەستکاری دەکرێت. ئەو دەڵێت: "ئەمازۆن فێڵی تێدا نییە، بەڵام لێرە شتە باشەکان دەردەهێنن و بە جیا دەیفرۆشن، پاشان کەلوپەلە خراپەکان دەخەنە کارتۆنێکەوە و دەیدەن بە خەڵک. خەڵکی هەژاریش نازانن و چەند شتێکی باش لە سەرەوە دادەنێن بۆ هەڵخەڵەتاندن."
ئازاد قەرەنی، فرۆشیارێکی دیکەیە و دەڵێت چەندین جار هەوڵیداوە بەر لە کڕین کارتۆنەکان بکاتەوە، بەڵام رێگەی پێنەدراوە. ئەو دەڵێت: "پێیان گوتووم بەچ شێوەیەک کڕیومانە، بەو شێوەیەش دەیفرۆشینەوە."
هەوڵێک بۆ شەفافییەت
لە بەرامبەر ئەم فێڵانەدا، کۆمەڵێک گەنجی کورد پلاتفۆرمێکی ئەلیکترۆنییان پەرەپێداوە بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بۆ بازاڕی ئۆنلاین.
بێستوون عومەر، بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە بە (رووداو)ی راگەیاند: "سیستمەکەی ئێمە لەسەر بنەمای زیادکردنی ئاشکرا کار دەکات و لە یەک دۆلارەوە دەستپێدەکات. ئێمە گەیاندنمان بۆ هەموو کوردستان و عێراق هەیە."
بێستوون عومەر جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوان گرەنتی دەدەنە کڕیار: "کڕیار دەتوانێت لە 24 بۆ 48 کاژێردا کاڵاکە تاقی بکاتەوە، هەموو تایبەتمەندییەکان و نرخە راستەقینەکەی ئەمازۆنیش دەخەینەڕوو، بەمەش رێگە لە هەر جۆرە فێڵێک دەگرین."
رای ئایین و لیژنەی فەتوا
مامەڵەکردن بە کاڵایەک کە ناوەڕۆکەکەی دیار نییە (مجهول)، لەڕووی شەرعەوە جێگەی مشتومڕە. مامۆستا محەممەد عەبدوڵڵا، مامۆستای ئایینی باس لەوە دەکات کە زۆر کەس بەهۆی ئەم کارتۆنانەوە پارەیان بە شتی بێ بەها داوە.
مامۆستا محەممەد دەڵێت: "بە چاوی خۆم بینیومە، تاکە پێڵاو و بنکەی فڵچەی تەوالێت کە نرخیان نییە، بە کیلۆ بە خەڵک فرۆشراوە و یەک کیلۆیان بە 10 هەزار دینار پێ داون. ئەمە دروست نییە، چونکە ئەگەر کاڵاکە بێ کێشەیە، بۆچی بە ئاشکرا نایخەنەڕوو بۆ ئەوەی خەڵک بیبینێت؟"
بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، رۆژی 9ـی ئەم مانگە، لیژنەی باڵای فەتوای یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان لەسەر ئەم بابەتە ئەنجامداوە. بڕیارە بەم نزیکانە لیژنەکە فەتوای کۆتایی لەبارەی حەڵاڵی یان حەرامیی مامەڵەکردن بەم شێوازەی "کارتۆنی داخراو" یەکلایی بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ