رووداو- هەولێر
بە ئامادەبوونی وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان و سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین، بەبۆنەی یەکەمبوونی زانکۆکە لە گرووپی بی ریزبەندیی نیشتمانیی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان ئاهەنگێكی سەرکەوتنی لە سەنتەری رۆشنبیریی زانکۆکە سازکرد.
هۆشمەند رەفیق، بەڕێوەبەری بەدواداچوون بۆ چالاکییەکان و کۆنفرانسەکان لە زانکۆ سەلاحەددین لەوبارەیەوە بە رووداوی راگەیاند "ئەمڕۆ بەبۆنەی یەکەمبوونی زانکۆی سەلاحەددین لە گرووپی بی ریزبەندیی نیشتمانیی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و ئەو سەرکەوتن و پێشڤەچوونەی لە بواری ئەکادیمی و زانستی زانکۆی سەلاحەددین بەدیهاتوون، رێوڕەسمێکی رێزلێنان بۆ 50 مامۆستای زانکۆکە سازکرا کە دەستیان لە بەرەوپێشبردنی داتاو زانیاری زانکۆکە هەبووە".
لەبارەی ئەو پێوەرانەی چی بوون، کە زانکۆی سەلاحەددین پلەی یەکەمی لە گرووپی بی هاتووە؟ هۆشمەند رەفیق بە رووداوی گوت "چەند پێوەرێک هەبوون کە زانکۆکانی لەسەر دیاری دەکرێن، وەک رێژەی مامۆستای پسپۆڕ، رێژەی خوێندکار، رێژەی ئەو توێژینەوەیانەی لەو زانکۆیە ئەنجامدەدرێن، هەروەها چالاکیی ماڵپەری زانکۆ کە تاوەکو چەند لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکانی تێدا بڵاودەکرێتەوە، ئەمانە هەموویان دەبنە هۆی ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان پلەی زانکۆکان دیاری بکات، خۆشبەختانە ئەمە دووەم ساڵە زانکۆی سەلاحەددین لە پێشەنگی زانکۆکانی کوردستانە".
زانکۆکانی کوردستان لە ریزبەندی نێودەوڵەتیدا گۆڕانکارییان بەسەرداهاتووە، بەڕێوەبەری بەدواداچوون بۆ چالاکییەکان و کۆنفرانسەکان لە زانکۆی سەلاحەددین دەڵێت "بە خۆشحاڵییەوە زانکۆی سەلاحەددین توانی لەسەر ئاستی جیهانیش قۆناخێکی زۆر باش ببڕێت و لە ریزبەندی 15 هەزارەوە گەیشتووەتە ریزبەندی چوار هەزار، ئەمەش دەستکەوتێکی مەزنە بۆ زانکۆی سەلاحەددین و هەموو کوردستان".