رووداو- هەولێر
دانیشتووانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن، جۆرە جیاوازەکانی ماددەی هۆشبەر بە فراوانی لە ناوچە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوبووەتەوە. کۆمەڵناسێک دەڵێت، بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان یەک لە هۆکارەکانی پەرەسەندنی گیرۆدەبوونی خەڵکە.
لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەروەها لەبارەی هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی سزای بازرگانانی ماددەی هۆشبەر هۆشداری دەدەن و دەڵێن، ئەگەر ئەو هەوڵانە بێ پلان بچێتە پێش، کاریگەری نەرێنی زۆری لێدەکەوێتەوە.
ماددەی هۆشبەر بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان شتێکی نامۆ نییە. جۆرە جیاوازەکانی ئەو ماددە ماڵوێرانکەرە بە رادەیەک لەنێو خەڵکدا بڵاوبوونەتەوە کە هەموو کەس بە نیگەرانییەوە باسی دەکات. شارەزایان دەڵێن، بەدەستهێنانی ماددەی هۆشبەر لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کارێکی ئاسانە و زۆربەی لاوان لە مەترسییەکانی ئاگادار نین.
لە ئێران هەوڵێک هەیە بۆ نەهێشتنی سزای لەسێدارەدان لەسەر بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر. لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێیانوایە ئەگەر ئەو هەوڵە بێ پلان بەرەوپێش بچێ، کارەساتی لێدەکەوێتەوە.
حکومەت، بنەماڵە و دامەزراوە خێرخوازییەکان لەرێگەی جیاوازەوە هەوڵی کەمکردنەوەی رێژەی گیرۆدەبوون بە ماددەی هۆشبەر دەدەن، بەڵام خەڵک باشترین چارەسەر بە پێشگرتن لە بڵاوبوونەوە و پەرەسەندنی دەزانن.
دەروونناسان دەڵێن، سڕینەوەی ئاسەواری گیرۆدەبوون بە ماددەی هۆشبەر لەسەر ژیانی تووشبووان زۆر ئاسان نییە، بەڵام دەرگاکانی گەڕانەوە لێی، هەرکاتێک بیانەوێ، کراوەیە.
پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت ورمێ، لەسەر رێگەی ترانزیتی ماددەی هۆشبەری نەریتی لە ئەفغانستانەوە بۆ ئەوروپا هەڵکەوتووە. چەند ساڵێکیشە شارە سنوورییەکانی وەک سەردەشت و مەریوان وەک ناوەندی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەری پیشەسازی ناویان دێت. دۆخێک کە دەریدەخات، خەسارێکی کۆمەڵایەتی گەورە لە بۆسەی کەرتی کۆمەڵایەتی و تەندروستی رۆژهەڵاتی کوردستاندایە.
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ