ئاسایشی سلێمانی لەبارەی کوژرانی گەنجەکەی چەمچەماڵ: پێشینەی تاوانی هەیە و سەرانەیان لە خەڵک وەرگرتووە

16-02-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
وێنەی ئەو گەنجەی لە چەمچەماڵ کوژرا
وێنەی ئەو گەنجەی لە چەمچەماڵ کوژرا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئاسایشی سلێمانی روونکردنەوەیەکی لەبارەی کوژرانی گەنجەکەی چەمچەماڵ بڵاوکردەوە و دەڵێت، "پێشینەی تاوانی هەیە" و شەوی رابردوو کاژێر 12:00 لەسەر فەرمانی دادوەر ویستوویانە دەستگیری بکەن، بەڵام "بە دەمانچە رووبەڕووی هێزەکانیان بووەتەوە" و سەرەنجام "بریندار بووە و دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە."
 
لە راگەیێندراوەکەی ئاسایشی سلێمانیدا هاتووە، شەوی رابردوو 16-02-2024 کاژێر 12:00ی شەو لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش بە مادەی 405 لە یاسای سزادان، هێزەکانیان بە مەبەستی دەستگیرکردنی داواکراوێک و جێبەجێکردنی فەرمانی دادگە لە قەزای چەمچەماڵ، "هەوڵی دەستگیرکردنی تۆمەتبار (عیسا عەلی جەبار) درا."
 
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، داوا لە تۆمەتبار کراوە خۆی بەدەستەوە بدات، بەڵام "بە چەکی جۆری (دەمانچە) رووبەڕووی هێزەکانمان بووەوە و لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەکەدا تۆمەتبار بە برینداری دەستگیرکرا و راستەوخۆ گوازرایەوە بۆ فریاکەوتنی (نەخۆشخانەی شەهید پێشڕەو)، دواتر گیانی لەدەستدا، ئەو چەکەی لە رووبەڕووبوونەوەکەدا تۆمەتبار بەکاریهێنابوو، دەستی بەسەردا گیرا."
 
شەوی رابردوو لە سنووری چەمچەماڵ لە رووداوێکی تەقەکردندا گەنجێکی تەمەن 19 ساڵ دوای برینداربوونی گیانی لەدەستدا، باوکی گەنجەکە دەڵێت، "ئاسایش تەقەی لە کوڕەکەم کردووە." وەک باوکی عیسا دەڵێت، کوڕەکەی چەند رۆژ لەمەوپێش چەکێکی کڕیوە و لەگەڵ هاوڕێیەکی لەنێو شاردا تەقەی هەوایی کردووە، "ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە لەلایەن ئاسایشەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بدرێت."
 
باوکی گەنجەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "لە رانیە بووم، کاژێر 12:30ی شەو تەلەفۆنیان کرد کە کوڕەکەم بریندارە و ئاسایش تەقەی لێکردووە."
 

 

 
بەپێی ئاسایشی سلێمانی، عیسا پێشینەی تاوانی هەبووە و بەر لە سێ مانگ لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیر کراوە "بە تاوانی تەقەکردن و نانەوەی پشێوی و هەڕەشەکردن لە هاووڵاتییان و هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت،" بۆ ئەو مەبەستەش رووبەڕووی یاسا کراوەتەوە، دواتر دادگا بە کەفالەت ئازادی کردووە.
 
ئاسایشی سلێمانی ئەو گەنجە 19 ساڵە بە "دزیکردن" تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، لە شەودا چووەتە سەر خوێندنگەی (فەقێ قادر) لە گەڕەکی ئازادی لە چەمچەماڵ.
 
"تۆمەتبار بەردەوام بووە لە هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت و تەقەکردن و دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لای هاووڵاتییان،" ئەمەش وەکو ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی پێکردووە و دەشڵێت، بۆ ئەو مەبەستە دوای لێکۆڵینەوە و چاودێریی ورد و خستنەڕووی بەڵگەکان بۆ دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، بۆ جاری دووەم فەرمانی دەستگیرکردن بە مادەی 405 بۆ تۆمەتباری سەرەکی عیسا عەلی و هاوکارەکەی "ئێڤەرەست محەممەد توفیق" دەر کرا، رۆژی 16ی شوبات "ئێڤەرەست" دەستگیرکرا و دانی بەوەدا ناوە کە چەندین جار لەگەڵ عیسا عەلی لەناو قەزای چەمچەماڵ "تەقەیان کردووە و سەرانەیان لە هاووڵاتییان وەرگرتووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە