دەزگای روانگە چاڵێنجـی خوێن بەخشین رادەگەینێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هۆرڤان رەفعەت
ژمارەیەک کارمەندی دەزگای روانگە لەکاتی خوێن بەخشیندا
ژمارەیەک کارمەندی دەزگای روانگە لەکاتی خوێن بەخشیندا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دەزگای روانگە لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا هەڵمەتێکی فراوانی خوێنبەخشینی دەستپێکرد. ئامانجی هەڵمەتەکە پڕکردنەوەی بانکەکانی خوێنە پێش هاتنی مانگی رەمەزان.
 
لە هەڵمەتەکەدا، کارمەند و خۆبەخشانی دەزگای روانگە لە هەولێر، دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، سۆران، راپەڕین، ئاکرێ و بەغدا بەشدار بوون.
 
حەسەن شێخ عەلادین، سەرۆکی جێبەجێکاری دەزگای روانگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم هەڵمەتە بیرۆکەکەی لەوەوە هات کە مانگی رەمەزانی ساڵی رابردوو، بۆ ئێوارە خوانێک، رێکخراوەکانی تالاسیمیا و نابیستان و نابینایان و کۆمەڵێک لە رێکخراوە خاوەنپێداویستییە تایبەتییەکان بانگهێشت کرابوون، لەوێ نوێنەری رێکخراوی تالاسیمیا داوایانکرد هەڵمەتی خوێنبەخشین پێش مانگی رەمەزان ئەنجام بدرێت، چونکە خەڵک لە مانگی رەمەزان بەهۆی پابەندبوونی ئایینی و بەڕۆژووبوونەوە ناتوانێت خوێن بدات و بەو هۆیەشەوە کەمخوێنی دروست دەبێت لە بانکەکان، بۆیە بیرۆکەکە لەوە هات کە ئیدریس نێچیرڤان بارزانی داوایکرد ئێمە وەکو کارمەندانی دەزگای روانگە خوێن ببەخشین بە بانکی خوێن پێش مانگی رەمەزان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان".
 
زۆربەی خوێنە بەخشراوەکان بۆ تووشبووانی تالاسیمیایە، لە تەواوی هەرێمی کوردستان 3600 تووشبوو هەن و مانگانە پێویستیان بە نزیکەی پێنج هەزار بوتڵ خوێن هەیە. دەزگای روانگە لەم هەڵمەتە دا 500 بوتڵ خوێنی بەخشیوە.
 
سوڵتان سالار، بەرێوەبەری راگەیاندنی لقی هەولێری کۆمەڵەی تالاسیمیای کوردستان بە رووداوی گوت: "زۆر دڵخۆشین بەم کەمپینە، ئەمە گەڕاندنەوەی ژیانە بۆ ئێمە. دەبێت هەموو کەس بزانێت، ئەو زەردەخەنەیەی سەر رووخساری ئێمە بەرهەمی ئەو خوێنەیە کە پێمان دەبەخشرێت".
 
دەزگای روانگە لە رێگەی ئەم هەڵمەتەوە "چاڵێنج"ـی رێکخراوەکانی دیکەش دەکات تاوەکو ئەوانیش بەشدار بن لە بەخشینەوەی ژیان بە نەخۆشان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە