مەسرور بارزانی: بەغدا تائێستا ئامادەنییە رێکارەکانی بەپارێزگەبوونی هەڵەبجە تەواو بکات

16-03-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یادی 36 ساڵەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا بەغدا ئامادەنییە رێکارەکانی بەپارێزگەبوونی هەڵەبجە تەواو بکات.
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ئامانجی سەرەکی ئەم تاوانە و تاوانەکانی دیکەی رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە دژی خەڵکی کوردستان، جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان و سڕینەوەی ناسنامەکەی بوو، کە پێویستە هەمیشە ئەم تاوانانەمان لە یاد بێت و هاندەرمان بێت بۆ داکۆکیکردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان".
 
رۆژی 16ی ئاداری 1988 شاری هەڵەبجە لەلایەن دەسەڵاتی ئەو کاتی عێراقەوە کیمیاباران کرا و لە ئەنجامدا نزیکەی پێنج هەزار هاونیشتمانی شارەکە شەهید بوون و زیاتر لە 10 هەزاری دیکە بریندار بوون.
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەخنە لە حکومەتی فیدراڵی دەگرێت و دەڵێت، "جێی داخ و نیگەرانییەکی قووڵە، کە لە دوای رووخانی رژێمی پێشوو، حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، تا ئێستا ئامادە نین، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبووی کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجە و قوربانییانی شاڵاوەکانی ئەنفال و تاوانەکانی دیکە بکەنەوە کە ئەوە مافێکی رەوا و دەستووری خەڵکی کوردستانە، تەنانەت تائێستا ئامادەنین رێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەش تەواو بکەن".
 
دەقی راگەیێندراوی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
 
لە سی و شەشەمین ساڵیادی کیمیابارانکردن و کۆمەڵکوژیی شاری هەڵەبجەدا، بەڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی بێتاوانی ئەو شارە خۆشەویستەی کوردستان دەکەینەوە کە بوونە قوربانی دڕەندەیی ڕژێمی پێشووی عێراق و بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
 
ئامانجی سەرەکی ئەم تاوانە و تاوانەکانی دیکەی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە دژی خەڵکی کوردستان، جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان و سڕینەوەی ناسنامەکەی بوو، کە پێویستە هەمیشە ئەم تاوانانەمان لە یاد بێت و هاندەرمان بێت بۆ داکۆکیکردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
 
جێی داخ و نیگەرانییەکی قووڵە، کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، تا ئێستا ئامادە نین، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبووی کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجە و قوربانییانی شاڵاوەکانی ئەنفال و تاوانەکانی دیکە بکەنەوە کە ئەوە مافێکی ڕەوا و دەستووری خەڵکی کوردستانە، تەنانەت تا ئێستا ئامادە نین ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەش تەواو بکەن.
 
خزمەتکردنی خەڵکی هەڵەبجە بە ئەرکی خۆمان دەزانین و مانگی ڕابردوو لە کاتی سەردانمان بۆ پارێزگای هەڵەبجە، ڕەزامەندیمان لەسەر هەموو ئەو داواکارییانە دا کە لەلایەن بەڕێزان پارێزگار و بەرپرسانی کارگێڕی دەڤەرەکە خرانەڕوو. هیوادارين لە داهاتوودا، بتوانین زیاتر خزمەتی خەڵکی نیشتمانپەروەر و قوربانیدەری هەڵەبجە بکەین.
 
شەهیدانی کارەساتی هەڵەبجە و هەموو ئەو جینۆسایدانەی بەرانبەر خەڵکی کوردستان ئەنجامدراون، هەمیشە لە یادمانن و هەرگیز نابێت ڕێگە بدەین هیچ شتێک ئەم تاوان و شەرمەزارییانە لەبیر خۆمان و لەبیر دەوڵەتی عێراق و دەسەڵاتدارانی بەغدا بباتەوە و دەبێ بەردەوام بەبیریان بهێنینەوە کە پێویستە قەرەبووی خەڵکی کوردستان بکەنەوە.
 
سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی کوردستان.
 
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2024/3/16

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.