خێزانێکی هەژار لە هەڵەبجە: زۆرکات نانمان نەبووە بیخۆین

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
عەدنان رەشید
دایکێک بژێویی دوو منداڵ و دوو نەوەی لەئەستۆیە
دایکێک بژێویی دوو منداڵ و دوو نەوەی لەئەستۆیە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پڕشنگ شەوکەت، نیشتەجێی هەڵەبجەیە و دوای 11 ساڵ لە کۆچی دوایی هاوژینەکەی، ئێستا لەژێر باری قورسی کرێچێتی، نەخۆشیی خۆی و کوڕە 14 ساڵانەکەی و بێدەرەتانیدا دەناڵێنێت. ئەو دەڵێت: "هەندێک جار خواردنی سەر سفرەکەمان تەنیا بەشی منداڵەکانمی کردووە و منیش گوتوومە بەڕۆژووم."
 
پڕشنگ، میوانی بەرنامەی (بەرپرسیاری رەمەزان)ـی رووداو بوو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، چیرۆکی پڕ لە ئازاری ژیانی خۆی و خێزانە پێنج کەسییەکەی گێڕایەوە. ئەو پێشتر بە کرێکاری و کشتوکاڵی لە سنووری هەڵەبجە و پێنجوێن بژێویی خێزانەکەی دابین کردووە، بەڵام ئێستا بەهۆی "ئینزیلاق" و نەخۆشیی بڕبڕەی پشتەوە، ساڵێکە توانای کارکردنی لەدەستداوە.
 
ئەو دایکە بە چاوێکی پڕ لە حەسرەتەوە باسی لە رۆژانی کرێکاریی خۆی کرد و گوتی: "رۆژانە 150 تاوەکو 200 سندووقی قورسم بار دەکرد، هەرچی کرێکاری بێت کردوومە، بەڵام ئێستا بەهۆی ئازاری پشتەوە ناتوانم بجووڵێم."
 
ئەم خێزانە پێنج کەسییە لە خانوویەکی کرێدا دەژین و مانگانە 125 هەزار دینار دەدەن، لە کاتێکدا تەنیا سەرچاوەی داهاتیان مووچەی خانەنشینیی هاوژینە کۆچکردووەکەیەتی کە 319 هەزار دینارە. پڕشنگ ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی کەمیی داهات و نەخۆشییەوە، ئێستا یەک ملیۆن و 200 هەزار دینار قەرزاری کرێی خانووەکەیانن.
 
محەممەدی کوڕی، کە تەمەنی تەنیا 14 ساڵە، یەکێکی دیکەیە لە خەمە گەورەکانی ئەم دایکە. محەممەد هەڵگری نەخۆشیی تالاسیمیایە و مانگانە پێویستی بە 51 هەزار دینارە بۆ کڕینی دەرمان، جگە لەوەی نەخۆشیی دڵیشی هەیە. پڕشنگ دەڵێت: "زۆربەی کات پارەی حەبەکانی قەرز دەکەم، ئەوە دوو مانگە نەمتوانیوە بۆی بکڕم."
 
هەر لە ناو ئەو خێزانەدا، گۆڤاری کچی کە تەمەنی 25 ساڵە و لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە، لەگەڵ دوو منداڵەکەی لەلای دایکی دەژی. پڕشنگ دەڵێت بەهۆی باری کۆمەڵایەتییەوە ناتوانێت رێگە بدات کچەکەی بچێتە دەرەوە بۆ کارکردن.
 
پڕشنگ بۆخۆیشی پێویستی بە چارەسەری سرووشتیی بەردەوام هەیە کە رۆژانە 7 هەزار دیناری تێدەچێت، بەڵام دەڵێت: "ئەو پارەیەم نییە و بۆ چارەسەر ناڕۆم." حیکمەتی برای پڕشنگ، دەڵێت وەک برا بەپێی توانای خۆی هاوکارییان دەکات، بەڵام چونکە خۆی مووچەخۆرە و خوشکێکی دیکەشی هەمان دۆخی هەیە، توانای سنووردارە.
 
تاکە هیوای پڕشنگ لەم مانگی رەمەزانەدا ئەوەیە ببێتە خاوەنی خانوویەکی خۆی و دەڵێت: "خانوویەک لەم دەردەسەری و نەهامەتییە رزگارمان دەکات و ژیانمان 100٪ دەگۆڕێت."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رێکخراوی بەختەوەری هاوکاریی گەیاندە پیرانشار

رێکخراوێک لە هەرێمی کوردستان هاوکاریی دەگەیێنێتە رۆژهەڵاتی کوردستان

سەرۆکی رێکخراوی بەختەوەری دەڵێت، هاوکاریی مرۆییان گەیاندووەتە ژمارەیەک خێزان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کە پێویستیان بە خۆراک و پێداویستیی رۆژانە بووە.