رووداو- هەولێر
دوای نزیكەی 10 ساڵ، زانكۆی كوردستان لە سنە دیسان هەنگاوێكی دیكەی بۆ خوێندن بە زمانی كوردی لەو زانكۆیەدا هەڵنا و بڕیارە لە ساڵی نوێی خوێندندا خوێندكاری بۆ وەربگرێ.
خوێندن بە زمانی كوردی لە زانكۆی كوردستان لەلایەن فەردین ئەخلاقیان، سەرۆكی ئەو زانكۆیەوە راگەیەندرا. سەرچاوەیەك لە زانكۆی سنەوە بە (رووداو)ی گوت "هەنگاوەكان بۆ خوێندن بە زمانی كوردی ئەمجارە زۆر جددییە". عەدنان بەرزنجی، مامۆستای زمانی كوردی دەڵێ "هەموو ئامادەكارییەكان بۆ خوێندن بە زمانی كوردی كراوە".
بەپێی زانیارییەكان زانكۆی كوردستان لە سنە بەشێكی تایبەت بە زمان و ئەدەبیاتی كوردی، هەر بەو ناوە دەكاتەوە و بڕیاریشە 30 خوێندكار وەربگرێ. هاوكات خوێندكارانی سەرجەم بەشەكانی دیكەی خوێندنی ئەو زانكۆیە دەتوانن وانەیەكی زمانی كوردی لەسەر ویست و داواكاریی خۆیان بخوێنن.
مامۆستایەك لە زانكۆی كوردستانی شاری سنە بە (رووداو)ی گوت "بۆ ساڵی داهاتووی خوێندن كتێب بۆ خوێندن بە زمانی كوردی ئامادە كراوە. لە پایزی ساڵی رابردووەوە بە ژمارەیەك لە مامۆستاكانی زانكۆ راگەیەندراوە كە بۆ ساڵی داهاتووی خوێندن خۆیان ئامادە بكەن".
بڕیارە دوایین مانگی بەهار رێوڕەسمێك بە بۆنەی خوێندن بە زمانی كوردی بەڕێوە بچێت و لەوێدا بە شێوەی فەرمی خوێندن بە زمانی كوردی رابگەیەندرێ، هەروەها رێز لەو كەسانە بگیرێ كە لەو پێناوەدا هەوڵیان داوە.
لە كۆتاییەكانی مانگی شوباتی ئەمساڵ، محەممەد قوربان كیانی، سەرۆكی زانكۆی ئازاد لقی سنە گوتی "لە ساڵی داهاتووی خوێندندا وانەیەكی زمانی كوردی بەشێوەی ئیختیاری لەو زانكۆیەدا دەگوترێتەوە".
ئەو داوای لە مامۆستاكان و شارەزایانی بواری زمانی كوردی كرد وانەكان ئامادە بكەن و دوای تەواوبوونی وانەكان و مامۆستاكان، لە پایزی ئەمساڵدا زمانی كوردی لە چوارچێوەی وانەیەكدا و بەشێوەی ئیختیاری دەخوێندرێت.
خوێندن بە زمانی كوردی لە ساڵی 2005 و لەسەردەمی حكومەتی ریفۆرمخوازی سەید محەممەد خاتەمیدا لە زانكۆی كوردستانی سنە تا بەرەبەری وەرگرتنی خوێندكاریش چووە پێش، بەڵام دواتر بێ هیچ پاساوێك راگیرا.
ئەوكاتیش بڕیار بوو زمانی كوردی وەك وانەیەكی ئیختیاری بخوێندرێ. تەنانەت پۆلی خوێندن و مامۆستاشی بۆ ئامادە كرا. بەگوتەی مامۆستایەكی زانكۆی كوردستان نزیكەی 100 خوێندكاریش خوێندن بە زمانی كوردییان وەك یەكێك لە وانەكانی خوێندن هەڵبژاردبوو، بەڵام دواتر بەرپرسانی زانكۆ رایانگەیاند كە هیچ خوێندكارێك خوێندنی بە زمانی كوردی هەڵنەبژاردووە.
ئەم پێشینەیەش زۆر كەسی بە نیسبەت خوێندن بە زمانی كوردی لە ساڵی داهاتووی خوێندن لە زانكۆكانی سنەدا، تووشی گومان كردووە.
هاوكات لەگەڵ ئەم باسانەدا، لە شاری سەقز بە هەوڵی كۆمەڵێك مامۆستا وانەیەكی خوێندنی زمانی كوردی بۆ قوتابیانی قۆناغی ناوەندی ئامادە كراوە و لە قوتابخانەكانی ئەو شارەدا خوێندرا.
ئەو وانە كوردییە ئەگەرچی كتێبێكی فێركاریی جیاوازە، بەڵام بەشێك لە كتێبی ئەدەبیاتی فارسییە. كتێبی ئەدەبیاتی فارسی بەشی شەشەمی بۆ خوێندنی ئەدەبیاتی خۆجێیی بەجێهێڵدراوە.
كتێبی "وانەی كوردی" تا ئێستا نزیك بە پێنج هەزار دانەی لێ چاپكراوە و بەگوتەی ئامادەكارانی كتێبەكە، پێشوازییەكی كەم وێنەی لێكراوە.
یاسای بنەڕەتیی ئێران خوێندنی بە زمانی نەتەوەكانی ئێران ئازاد كردووە، بەڵام ئەم بەندە یاساییە هێشتا جێبەجێ نەكراوە. یەكێك لە بەڵێنەكانی حەسەن روحانی، سەرۆك كۆماری ئێران لە سەروبەندی هەڵبژاردنەكاندا جێبەجێكردنی ئەو بەندە یاساییە بوو. نزیكەی 10 مانگ لەمەوبەر چالاكانی مەدەنیی كورد 10 هەزار ئیمزایان كۆكردەوە و داوایان لە حەسەن روحانی كرد پابەندی بەڵێنەكەی خۆی بێت.
زاهید ئارمی، یەكێك لە مامۆستا ئامادەكارەكانی كتێبی وانەی كوردی، پێشتر رایگەیاندبوو كە ئەم كتێبە هیچ پەیوەندییەكی بە یاسای بنەڕەتییەوە نییە، بەڵكو تەنیا پاشكۆیەكی كتێبی "فارسی"یە. چونكە دەتوانین بەندی 15ی یاسای بنەڕەتی بەوجۆرە راڤە بكەین كە هەموو وانەكان هەر بە زمانی كوردی بخوێندرێن، بەڵام دەكرێ تەنیا وانەیەكی تایبەت بە زمانی كوردیش بگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ