سەرۆککۆماری ئێران گەیشتە سنە

02-11-2023
سینا سۆما
نیشانەکردن سنە ئیبراهیم رەئیسی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری ئێران ئەمڕۆ بە سەردانێکی دوو رۆژە گەیشتە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان و بڕیارە کۆمەڵێک پڕۆژە بکاتەوە. رەئیسی لە شاری سنە و بانەدا بەشداری لە کۆبوونەوەی جەماوەریدا دەکات و بۆ خەڵکی ئەو دوو شارە گوتاری دەبێت. 
 
ئەمڕۆ، (پێنجشەممە، 2-11-2023) ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران گەیشتە پارێزگای سنە و لە فڕۆکەخانەی سنە لە لایەن ئیسماعیل زارعی کووشا، پارێزگاری سنە و ژمارەیەک بەرپرسی ئەو پارێزگایە پێشوازی لێکرا.
 
لەو سەردانەیدا، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکایەتیی ئێران، جێگری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری جێبەجێکردن، وەزیرانی کولتوور و ئیرشادی ئیسلامی، وزە، میراتی کولتووری و گەشتیاری، رێگە و شارسازی، کشتوکاڵ و سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی ژینگە و سەرۆکی دامەزراوەی خانووبەرەی ئێران، یاوەری ئیبراهیم رەئیسین.
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، بڕیارە لەو سەردانەیدا، ئیبراهیم رەئیسی چەندین پڕۆژەی وەک فڕۆکەخانەی سەقز، هێڵی شەمەندەفەری سنە - هەمەدان، بەنداوی چراخ وەیسی سەقز، هەروەها کۆمەڵێک پڕۆژەی رێگەوبان، یەکەی نیشتەجێبوون، پیشەسازی و وەرزشی بکاتەوە.
 
سەرۆککۆماری ئێران هەروەها لە شاری سنە و بانە بەشداری لە کۆبوونەوەی جەماوەریدا دەکات و گوتار پێشکەش دەکات.
 
ئیبراهیم رەئیسی لە کاتی گەیشتنیدا بۆ سنە لە یەکەمین لێدوانیدا خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانەکە دەربڕی و رایگەیاند "کوردستان، پارێزگای کولتوور، هونەر، وەفاداری، جوامێری و خۆراگرییە."
 
رەئیسی گوتی، لەو سەردانەیدا کۆمەڵێک پرۆژەی گرنگ لە هەموو بوارێکدا دەکاتەوە، هەروەها سەردانی چەندین شاریش دەکات و بەشێک لە پرۆژەکان بەسەردەکاتەوە.
 
سەرۆککۆماری ئێران دواتر لە وێستگەی ناوەندیی هێڵی ئاسنینی سنە ئامادە بوو و بە فەرمی هێڵی شەمەندەفەری هەمەدان-سنەی کردەوە.
 
هێڵی شەمەندەفەری هەمەدان - سنە، کە درێژییەکەی 151 کیلۆمەترە، بەشێکە لە پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەری تاران - هەمەدان - سنە، کە درێژییەکەی 420 کیلۆمەترە و تێچووی پڕۆژەکەش دوو تریلیۆن و 400 ملیار تمەنە. 
 
لە قۆناخی یەکەمدا، هێڵەکە لە توانایدایە ساڵانە 300 هەزار کەس و 600 هەزار تۆن شتومەک بگوازێتەوە؛ لە قۆناخی کۆتاییدا لە توانایدا دەبێت ساڵانە 600 هەزار کەس و سێ ملیۆن تۆن کەلوپەل بگوازێتەوە.
 
ئیسماعیل زارعی کووشا، پارێزگاری سنە دوێنێ لەبارەی سەردانی سەرۆککۆماری ئێران بۆ سنە رایگەیاندبوو "هەوڵدەدەین لەم سەردانەی سەرۆککۆماردا 14 تریلیۆن تمەن (نزیکەی 300 ملیۆن دۆلار) پڕۆژەی خزمەتگوازی، ئاوەدانکردنەوە، پیشەسازی، کشتوکاڵ، رێگەوبان، تەندروستی و گەشتیاری لە سنووری پارێزگای سنە پەسند بکرێت." 
 
ئەمە دووەمین سەردانی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێرانە بۆ پارێزگای سنە. یەکەم سەردانی لە 8ـی تەمموزی 2022 بوو.
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەنجێک لە عەلوەی سلێمانی خەریکی کارکردنە

عەلوەی سلێمانی: بەهۆی گرانیی کارەباوە رۆژانە 3 بۆ 4 تۆن سەوزە و میوە فڕێ دەدەین

بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی گرانیی نرخی کارەباوە ناتوانن ساردکەرەوەکان کارپێبکەن، بەو هۆیەشەوە رۆژانە سێ بۆ چوار تۆن سەوزە و میوەیان خراپ دەبێت و فڕێی دەدەن