رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماری هێرشە درۆنییەکانی ئەمڕۆی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، پێنج هێرش کراوەتە سەر چەند ناوچەیەکی جیاواز، بەڵام هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە.
بەپێی راگەیێندراوێکی دەزگای ئاسایشی هەرێم، زنجیرە هێرشەکان لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ 16-4-2026 دەستیان پێکردووە و یەکەم هێرش لە کاژێر 00:10 بە یەک درۆن کراوەتە سەر گوندی زڕگوێزەڵە.
دواتر لە کاژێر 13:55ـی نیوەڕۆی هەمان رۆژ، گوندی زڕگوێز بە یەک درۆنی دیکە کراوەتە ئامانج. هەروەها لەنێوان کاژێر 21:15 بۆ 21:23ـی شەو، بە سێ درۆن هێرشکراوەتە سەر کەمپی پەنابەران لە شاری کۆیە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت: لە ئەنجامی هەموو ئەو هێرشانەدا هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدان کە ناوچەکانی زڕگوێز و زڕگوێزەڵە لە سلێمانی و کەمپی ئازادی لە کۆیە، شوێنی نیشتەجێبوونی ئەندامان و خێزانەکانی حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانن.
لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا و هاوکات لەگەڵ شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، ئەم شوێنانە چەندین جار رووبەڕووی هێرشی درۆنی و مووشەکی بوونەتەوە.
هەرچەندە ئێستا ئاگربەست لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران پیادە دەکرێت، بەڵام هێرشەکان بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان بەردەوامن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ