رووداو دیجیتاڵ
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە رۆشنبیران و چالاکڤانان، نیگەرانیی قووڵی خۆیان لە گیانلەدەستدانی غەزال مەولان، کچە برینداری هێرشە درۆنییەکەی سەر سوورداش رادەگەیێنن و نەخۆشخانەکان بە کەمتەرخەم دەزانن.
غەزال مەولان، کچێکی تەمەن 18 ساڵانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، کە لە 14ی نیسان، لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنیی ئێران بۆ سەر کەمپێکی نیشتەجێبوون لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بە سەختی بریندار بوو. دوای گواستنەوەی بۆ سلێمانی، بەهۆی وەرنەگرتنی لە چەند نەخۆشخانەیەک، گیانی لەدەستدا.
دەستەی مافی مرۆڤ دەڵێت، غەزال سەرەتا براوەتە نەخۆشخانەیەکی حکومی، بەڵام بە بیانووی نەبوونی پێداویستی گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی تایبەت. لەوێش نەخۆشخانە تایبەتەکان بە بیانووی نەبوونی مۆڵەتی پۆلیس بۆ چارەسەرکردنی بریندارانی رووداوەکان، وەرگرتنیان رەتکردووەتەوە.
دەستەکە دەڵێت: ە چارەسەرکردنی نەخۆش سەرەتاییترین مافی مرۆڤە و نابێت بە هیچ بیانوویەک پشتگوێ بخرێت.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە دوای گیانلەدەستدانی، رێگری کراوە لەوەی لە مزگەوت مەراسیمی شوشتن و کفنکردنی بۆ بکرێت، کە ئەمەش بە "پێچەوانەی بنەما عورفی و ئایینییەکان" وەسف کراوە، چونکە مزگەوت ماڵی خودایە و نابێت رێگری لە کەس بکرێت.
لە لایەکی دیکەوە، ژمارەیەک لە رۆشنبیران، هونەرمەندان و چالاکڤانانی مەدەنی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، نەخۆشخانەکانی (بەخشین و ئاسیا) بە بەرپرسیاری سەرەکیی گیانلەدەستدانی غەزال دەزانن.
ئەوان دەڵێن: "رەتکردنەوەی چارەسەر لادانە لە ئاکاری پزیشکی و شکاندنی سوێندی یاساییە." هەروەها ئەو پاساوەی نەخۆشخانەی بەخشین رەتدەکەنەوە کە پشتی بە رێنماییەکی ساڵی 2022ـی وەزارەتی تەندروستی بەستووە، چونکە "ئەو رێنماییە بۆ کەیسی تاوانە نەک برینداری جەنگ."
هەردوو لایەن داوا دەکەن لیژنەیەکی باڵا لە داواکاری گشتی، وەزارەتی تەندروستی و لایەنە ئەمنییەکان بە چاودێریی دەستەی مافی مرۆڤ پێکبهێندرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و سزادانی لایەنە کەمتەرخەمەکان و راگەیاندنی ئەنجامەکەی بۆ رای گشتی.
چالاکڤانان ئاماژە بەوەش دەکەن، ئێستا بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکانەوە ناتوانن گردبوونەوەی جەماوەری رێکبخەن، بەڵام بەردەوام دەبن لە داکۆکیکردن لە مافی ئەو کچە "شەهیدە".
دەشڵێن: هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان بە هەر بیانوویەک بێت، کارێکی ناڕەوایە و دوورە لە هەموو ئاکارێکی مرۆیی و داوا دەکەن یەکدەنگیی کورد بەرامبەر ئەم ناهەقییانە بپارێزرێت.
غەزال مەولان چەپەراباد، کچە پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بوو، لە بۆردوومانێکدا کە حیزبەکەی دەڵێت "کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە" رۆژی 14ی نیسانی 2026، لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لەگەڵ دوو هاوسەنگەری دیکەیدا بریندار دەبێت.
دوای گەیاندنی غەزاڵ و هاوسەنگەرانی بە نەخۆشخانەکان، دوای چەند کاژێرێک غەزال بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە شەهید دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ