رووداو دیجیتاڵ
هیوا مەحموود عوسمان، رۆژنامەڤان و بەڕێوەبەری دامەزراوەی میدیایی (964+) دەڵێت، عێراق و هەرێمی کوردستان لەنێو گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکەدا لە دۆخێکی نادیاردان و دەشڵێت: "نەبوونی یەکدەنگیی ناوخۆیی، هەرێمی کوردستانی کردووەتە ئامانجێکی ئاسان و عێراقیش وەک دەوڵەتێکی بێ بڕیار، تەنیا چاوەڕێی قەدەری رووداوەکان دەکات."
هیوا مەحموود عوسمان لە بەرنامەی "رووداوی ئەمڕۆ" باسی لە ئاڵۆزییەکانی تەنگەی هورمز و پەیوەندییەکانی نێوان تاران و واشنتن کرد. ئەو پێیوایە دۆزینەوەی جێگرەوە بۆ تەنگەی هورمز لە کورتخایەندا کارێکی ئاستەمە و جیهان ناتوانێت بە ئاسانی شوێنی ئەو رێڕەوە ستراتیژییە بگرێتەوە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا لە سەردەمی ترەمپدا، ئەو رۆژنامەڤانە ئاماژەی بەوە کرد کە لە گوتەکانی ترەمپدا رێککەوتنی "ژێربەژێر" بەدی دەکرێت و ئێستا گفتوگۆی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە نێوانیاندا هەیە، تەنانەت شاندی ئێرانی لە ئیسلام ئاباد لەگەڵ ئەوانە دانیشتوون کە پێشتر بە "بکوژ" ناویان دەبردن. هیوا مەحموود عوسمان گوتیشی: "گەمارۆ لەسەر تەنگەی هورمز تەنیا زیان بە ناوچەکە ناگەیێنێت، بەڵکو دەبێتە کێشەیەکی گەورە بۆ خودی ئەمریکاش، بۆیە هەردوولا هەوڵی جۆرێک لە لێکتێگەیشتن دەدەن."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، هیوا مەحموود عوسمان رەخنەی تووند لە ئەدای سیاسیی عێراق دەگرێت و دەڵێت: "ئەو لایەنەی نازانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکان بکات، عێراقە. لە عێراقدا حکومەت بە مانا راستییەکەی نییە؛ عێراق دانیشتووە و خۆی داوەتە دەستی رووداوەکان و چاوەڕێ دەکات چی روودەدات." وەک نموونەیەکیش بۆ گۆڕانی هاوکێشەکان، ئاماژەی بە دۆخی لوبنان کرد کە جاران ئەگەر باس لە گفتوگۆ لەگەڵ ئیسرائیل بکرایە، خۆپێشاندانی جەماوەریی گەورە لوبنانی دەهەژاند، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە گۆڕاوە.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان، هیوا مەحموود عوسمان هۆشداری دەدات کە کورد لە هاوکێشە ناوچەییەکاندا پێگەیەکی ئەوتۆی نییە و دەڵێت: "کورد تاوەکو ئێستا لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا بەتەنیایە، ئەمریکا لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ ئێران، پرسی کوردی نەکردووە بە هیچ مەرج یان بابەتێک." جەختیشی کردەوە کە نەبوونی یەکدەنگی لە نێوان لایەنە کوردییەکان گەورەترین کێشەیە و وای کردووە هەرێمی کوردستان ببێتە شوێنێکی زۆر ئاسان بۆ بەئامانجگرتن. هاوکات ستایشی هەڵوێستی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی کرد لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو حیزبانە بۆ ئەوەی بیانوو نەدەنە دەست ئێران، هیچ هێرشێکیان نەکردووەتە سەر ئەو وڵاتە.
هەر لەو بەرنامەیەدا، زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو رایگەیاند، ئەگەری رێککەوتن لەنێوان ئێران و ئەمریکا لە ئارادایە و دۆناڵد ترەمپ وەک بازرگانێک سەیری پەیوەندییەکان دەکات. زریان رۆژهەڵاتی گوتی: "ترەمپ کەسایەتییەکی وایە کە زۆر ئاساییە بەلایەوە سەرمایەگوزاری لە ئێران بکات؛ وەک چۆن ئەمریکا پێشتر بۆمبی ئەتۆمی لە ژاپۆن دا و دواتر هەر خۆی سەرمایەگوزاریی گەورەی تێدا ئەنجامدا."
بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو پێیوایە چارەنووسی تەنگەی هورمز کەوتووەتە مەترسییەکی گەورەی درێژخایەنەوە و دەڵێت: "ئەمریکا رازی نابێت تەنیا ئێران کۆنترۆڵی هورمز بکات، ئێستا هیچ وڵاتێک ئامادە نییە جارێکی دیکە هەموو هێلکەکانی خۆی بخاتە سەبەتەی هورمزەوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێرانییەکان دەیانویست لە رێگەی گوشار لە تەنگەی هورمز، پشتگیریی بەردەوامی چین بەدەستبهێنن، بەڵام گۆڕانکارییەکان بە ئاراستەیەکی دیکەدا دەڕۆن.
زریان رۆژهەڵاتی باسی لەوەش کرد کە دوای سەردانەکەی عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان بۆ تاران، دەرکەوتووە ناوەندی راستیی بڕیار لە ئێران "قەرارگەی خاتەمولئەنبیا"یە و ئەوان ئاراستەی سیاسەتەکان دیاری دەکەن. لەبارەی لوبنانیشەوە پێیوایە دەستپێکردنی دانوستاندن لەنێوان لوبنان و ئیسرائیل، لە ناوەڕۆکدا بە واتای دانپێدانان بە دەوڵەتی ئیسرائیل دێت لەلایەن لوبنانەوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو رەخنەی لە نەبوونی ستراتیژیی هاوبەشی کورد گرت و گوتی: "هەرێمی کوردستان بەشێک نەبووە لە شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکا، کەچی دوای ئاگربەستیش هەر هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان." زریان رۆژهەڵاتی بە تووند سەرکۆنەی هێرش بۆ سەر کەمپی مەدەنییەکان دەکات و دەڵێت هیچ پاساوێک بۆ هێرشکردنە سەر کەمپێک کە ژن و منداڵی تێدا بێت نییە، هاوکات رەخنەی لە حکومەتی عێراقیش گرت کە لە ئاست ئەم پێشێلکارییانەدا بێدەنگە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ