رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی هێرشە درۆنییەکەی 6ی نیسانی گەڕەکی بەختیاریی سلێمانی، 70 منداڵی نابینا، داون و بیرکۆڵ، شوێنی وانەخوێندن و راهێنانیان وێران بووە؛ ئێستا ئەوان لە وانەکانیان دواکەوتوون و چاوەڕێی دەستێکی میهرەبان دەکەن بۆ نۆژەنکردنەوەی "ماڵی دووەمیان".
شەوی 6-4-2026، درۆنێک ماڵێکی لە گەڕەکی بەختیاریی سلێمانی کردە ئامانج. پارچەکانی ئەو درۆنە زیانی گەورەیان بە دوو باڵەخانەی هاوسێ گەیاند کە وەک قوتابخانە و ناوەندی راهێنان بەکاردەهێنران؛ ئەوانیش "پەیمانگای رووناکی بۆ نابینایان" و "پەیمانگای ئاوات بۆ پەروەردەی مێشک" بوون.
نابیناکان چاوساغێکیان دەوێت
کاتێک دەچیتە نێو باڵەخانەکە، دیمەنی سەقفی رووخاو، ئامێری شکاو و زەوییەکی پڕ لە تۆز و لم دەبینیت. بۆ کەسێکی چاوساغ هاتووچۆکردن لەنێو ئەو وێرانەیەدا کارێکی ئەستەمە، چ جای بۆ قوتابییە نابیناکان.
ئەو قوتابیانەی پێشتر بەهۆی شارەزاییان لە شوێنەکە، بەبێ هاوکاریی کەس هاتووچۆیان دەکرد، ئێستا لە گۆشەیەکی هۆڵەکەدا وەستاون و ناتوانن هەنگاو بنێن؛ شیشی سەقف و کەلوپەلە شکاوەکان بوونەتە رێگر لەبەردەمیان و ئێستا دەبێت "چاوساغێک" ببێتە گۆچانی دەستیان.
رەهەند، یەکێکە لە قوتابییە نابیناکان، بە جلوبەرگێکی کوردیی رێک و پۆشتەوە چاوەڕێی تیمەکەی رووداوی دەکرد. ئەو بە دڵێکی پڕ و گریانەوە دەڵێت: "هیچم ناوێت، تەنیا قوتابخانەکەم بۆ چاک بکەنەوە، نامەوێت لێرە بڕۆم."
ئالیا، قوتابییەکی دیکەیە و هەموو قورئانی پیرۆزی لەبەرە، ئەو باس لە کێشەی خوێندنی ئۆنلاین دەکات و دەڵێت: "خوێندنی ئۆنلاین بۆ ئێمە سوودی نییە، چونکە ئێمە تەنیا بە بیستن فێرنابین، دەبێت کەلوپەلی تایبەت بەکاربهێنین کە ئێستا هەموویان شکاون."
30 بۆ 40 هەزار دۆلار زیان
مامۆستا بێستوون، یاریدەدەری بەڕێوەبەر و مامۆستای ئایین، کە خۆیشی نابینایە، خەمبارە بۆ ئەو ئامێرە گرانبەهایانەی کە بە خێرخوازی کڕدراون و ئێستا وێران بوون. ئەو دەڵێت: "جگە لە زیانی بیناکە، تەنیا کەلوپەلەکانمان بایی 30 بۆ 40 هەزار دۆلار زیانیان پێگەیشتووە." ئەو داوا دەکات وێنەی پرینتەر و ئامێرە شکاوەکان بگیڕێت، تاوەکو خێرخوازان بیبینن چۆن رەنجی چەند ساڵەیان فەوتاوە.
دایکان و باوکانیش نائومێدن. چنار، دایکی یەکێک لە قوتابییەکانە و دەڵێت: "منداڵەکەم هەموو بەیانییەک زوو هەڵدەستێت و جلەکانی دەپۆشێت، چاوەڕێی تاکسی دەکات بیبات بۆ قوتابخانە، بەڵام نازانێت قوتابخانەکەی رووخاوە."
پەیمانگای ئاوات؛ دیوارەکان بەرگەیان نەگرت
لە تەنیشت پەیمانگای رووناکی، پەیمانگای ئاوات هەیە بۆ منداڵانی داون و شەلەلی دەماغ. بەهۆی ئەوەی دیوارەکانی ئەو پەیمانگایە لە "ساندویچ پەنێڵ" دروستکرابوون، پارچەکانی درۆنەکە بە ئاسانی بڕیویانە و بەشێکی دیوار و سەقفەکەیان رووخاندووە. منداڵانی داون کە هەمیشە پێکەنین لەسەر لێویانە، ئێستا لە شوێنی راهێنانەکانیان دابڕاون.
چارەسەر چییە؟
ژیلوان عادل، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "70 قوتابی و منداڵ لەو دوو پەیمانگایە بێ شوێن ماونەتەوە. بۆ نۆژەنکردنەوەی خێرای بیناکان، پێویستمان بە 78 ملیۆن دینارە."
ئەو بەڕێوەبەری گشتییە ئاماژەی بە چارەسەرێکی بنەڕەتیش کرد و گوتی: "لە ساڵی 2015وە بینایەکی نوێمان لە بەکرەجۆ بۆ دروستکراوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە تەواو نەکراوە؛ ئەگەر 549 ملیۆن دینار دابین بکرێت و ئەو بینایە تەواو بێت، کێشەی ئەم منداڵانە بۆ هەمیشە چارەسەر دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ