رووداو دیجیتاڵ
قوتابخانەی نێودەوڵەتیی شوەیفات لە ھەولێر، بۆ دووەمین ساڵ لەسەریەک، ئۆڵمپیادی بیرکاریی بەڕێوەبرد.
ئەم چالاکییە زانستییە بە مەبەستی پەرەپێدانی تواناکانی قوتابییان لە بواری بیرکاریدا و ھاندانیان بۆ بیرکردنەوەی داھێنەرانە سازکرابوو.
لەم ئۆڵمپیادەدا 85 قوتابی لە حەوت قوتابخانەی جیاوازی سابیس لە ھەرێمی کوردستان و عێراقەوە بەشدارییان کرد و لە کۆتاییدا سەرکەوتووەکان خەڵات کران.
ئۆڵمپیادەکە، کە لە کاژێر 10:30ی بەیانی دەستی پێکرد و تاوەکو کاژێر 3:00ی پاشنیوەڕۆ بەردەوام بوو، قوتابییانی پۆلەکانی سێیەم تاوەکو شەشەمی سەرەتایی لەخۆگرتبوو.
بەشداربووان بەسەر شەش گرووپی سێ کەسیدا دابەشکرابوون و رووبەڕووی کۆمەڵێک پرسیاری بیرکاریی هزری و جیاواز بوونەوە کە پێویستی بە بیرکردنەوەی ورد و خێرایی لە وەڵامدانەوەدا ھەبوو. قوتابییە بەشداربووەکان ئاستێکی بەرزیان لە ئامادەکاریدا نیشان دا و بە خێرایی و لێھاتووییەوە وەڵامی پرسیارەکانیان دەدایەوە. بۆ دڵنیابوون لە دادپەروەری و زیادکردنی کێبڕکێکردن رێکخەران سیستمی زەنگ و کاتی دیاریکراویان بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان دانابوو.
کەشی کێبڕکێکە پڕ بوو لە ھێزی فکری و ورەی بەرز، قوتابییە بەشداربووەکان بەوپەڕی جۆش و خرۆشەوە تواناکانی خۆیان نمایش دەکرد. ھەرچەندە دڵخۆشیی سەرکەوتووان و ھەستی ئاسایی دڵتەنگیی ئەوانەی ئەمجارە سەرنەکەوتن بەشێک بوون لە دیمەنەکە، بەڵام ئامانجی سەرەکیی ئۆڵمپیادەکە تەنیا دیاریکردنی یەکەم و دووەم نەبوو. بەڵکو، وەکو رێکخەران ئاماژەیان پێدا، مەبەست پەرەپێدانی متمانەبەخۆبوون، ھاندانی قوتابییان بۆ دوورکەوتنەوە لە کات بەفیڕۆدان و بابەتە لاوەکییەکان، و وروژاندنی حەز و ئارەزوویان بوو بۆ زانست و بەتایبەتیش بیرکاری. ئەم جۆرە چالاکییانە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی منداڵان فێری کاری بەکۆمەڵ، رێزگرتن لە رکابەر، و قبووڵکردنی ئەنجامەکان ببن، جا ھەرچییەک بێت.
ئەم جۆرە چالاکییانە تەنیا بۆ کات بەسەربردن و کێبڕکێ نین، بەڵکو کاریگەرییەکی زانستی و پەروەردەیی قووڵیان لەسەر قوتابییان ھەیە. ئۆڵمپیادەکانی بیرکاری چەندین سوودی گرنگیان ھەیە، لەوانە:
پەرەپێدانی توانای شیکارکردنی کێشە: قوتابییان فێردەبن چۆن کێشە ئاڵۆزەکان شیکار بکەن و رێگەچارەی داھێنەرانە بدۆزنەوە.
ھاندانی بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و لۆژیکی: پرسیارەکان وا لە قوتابیان دەکەن بە شێوەیەکی قووڵتر بیربکەنەوە و بەڵگەی لۆژیکی بۆ وەڵامەکانیان بھێننەوە.
زیادکردنی ئارەزوو بۆ بابەتی بیرکاری: کێبڕکێ و سەرکەوتن دەتوانن ببنە ھاندەرێکی بەھێز بۆ ئەوەی قوتابیان زیاتر حەز بە بابەتی بیرکاری بکەن.
دۆزینەوەی بەھرەکان: ئەم ئۆڵمپیادانە یارمەتیدەرن لە دۆزینەوەی ئەو قوتابیانەی کە بەھرەیەکی تایبەتیان لە بیرکاریدا ھەیە و پێویستیان بە پاڵپشتی زیاترە.
ئامادەکردنیان بۆ قۆناخەکانی داھاتووی خوێندن: ئەو توانایانەی لەم جۆرە کێبڕکێیانەدا بەدەست دەھێنرێن، یارمەتی قوتابیان دەدەن لە قۆناغەکانی تری خوێندن و تەنانەت لە ژیانی پیشەییشدا.
لێکۆڵینەوەیەکی زانستی کە لە ساڵی 2022 لەلایەن لێکۆڵەرانی زانکۆکانی تۆبینگێن (ئەڵمانیا) و لۆفبۆرۆ (بەریتانیا) ئەنجامدراوە، دەریخستووە کە بەشداریکردن لە ئۆڵمپیادەکانی بیرکاریدا چەندین سوودی گرنگی ھەیە، لەوانە:
پەرەپێدانی تێگەیشتنێکی قووڵتر و باشتر لە چەمکەکانی بیرکاری.
بەرزکردنەوەی ئاستی متمانەبەخۆبوون لای قوتابیان لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە بیرکارییەکان.
زیادکردنی چێژوەرگرتن لە بابەتەکە و گۆڕینی بیرکاری لە بابەتێکی وشکەوە بۆ چالاکییەکی سەرنجڕاکێش.
هاندانی زیاتری قوتابیان بۆ فێربوون و بەدواداچوونی زانستی.