گالەری


رووداو دیجیتاڵ 

نەناردنی مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە و جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، بارێکی قورسی خستووەتە سەر بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان. لە شاری هەولێر، کاریگەرییەکان بەتایبەتی لە بازاڕە قەرەباڵخەکانی وەکو شێخەڵڵا بەڕوونی دەبینرێت، کە ئێستا سستییەکی بەرچاوی پێوە دیارە.
 
بازاڕی شێخەڵڵا بە یەکێک لە قەرەباڵخترین و زیندووترین بازاڕەکانی کوردستان و هەولێر ناسراوە، ئێستا کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی کڕیاری پێوە دیارە. دیمەنەکانی ئەمڕۆی بازاڕەکە دەریدەخەن، زۆرێک لە دووکانەکان بەتاڵن لە کڕیار. 
 
نەبوونی مووچە و دواکەوتنی، هێزی کڕینی هاووڵاتییانی بەشێوەیەکی بەرچاو لاواز کردووە، کە بزوێنەری سەرەکیی بازاڕن. لەلایەکی دیکەوە، ناسەقامگیریی ناوچەکە بەهۆی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیلەوە، کەشێکی گشتیی لە دڵەڕاوکێ و ترس دروست کردووە، کە کاریگەریی لەسەر متمانەی کڕیاران و تەنانەت جووڵەی بازرگانیش هەبووە.
 
کاسبکاران و هاووڵاتییان نیگەرانیی قووڵی خۆیان لەم دۆخە دەردەبڕن. یەکێک لە خاوەن دووکانەکان بە نیگەرانییەوە بە رووداوی گوت، "دۆخەکە زۆر خراپە. ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات، کرێی دووکانەکانیشمان بۆ نادرێت و ناچار دەبین دایانبخەین. بازاڕ بەتەواوی وەستاوە."
 
هاشم مستەفا، خاوەن دووکانێکی جوانکاری ئافرەتان و فرۆشتنی کەلوپەلی ناوماڵە و بە رووداوی گوت: "هیچ کات بازاڕی شێخەڵڵام بەم جۆرە نەدیوەتەوە. بەشێک لە کڕیارەکانی ئەم بازاڕە هاووڵاتی عەرەب بوون، بەڵام بەهۆی ئەم شەڕەی ئێران و ئیسرائیل، ئەوانیش نایەنە دەرەوە. کرێی دووکانەکانمان گرانن و دۆخەکە زۆر خراپە. ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات، کرێی دووکانەکانیشمان بۆ نادرێت و ناچار دەبین دایانبخەین. بازاڕ بەتەواوی وەستاوە."
 
کڕیارێکیش لەنێو بازاڕەکەدا گوتی: "خەڵک مووچەی نییە و لە داهاتووش دەترسێت، بۆیە بازاڕکردن دوا شتە کە بیری لێ بکاتەوە."
 
ئەم دۆخە تەنها کاریگەریی لەسەر کاسبکاران نییە، بەڵکو مەترسییەکی جدییە لەسەر سووڕی ئابووریی شارەکە و بژێویی هەزاران خێزان کە پشتیان بە جووڵەی بازاڕ بەستووە