رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت، ئەمشەو بافڵ تاڵەبانی بۆ پرسی مووچە و هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکاتەوە."
رۆژی چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، لوقمان وەردی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ ئەو لێکتێگەیشتنەی لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبوو، لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پەسندکرا و بە نووسراوی فەرمی بۆ بەغدا نێردراوەتەوە".
بە گوتەی لوقمان وەردی، بڕیارە ئەمشەو بافڵ تاڵەبانی دووبارە بچێتەوە بەغدا بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵێک کۆبوونەوەی دیکە. گوتیشی: "سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر پرسی مووچەی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، ئەوانیش ئەو رێککەوتنە پەسند دەکەن".
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بە رووداوی گوت: "بڕیارە سبەی نزیکەی 950 ملیار دینار تەمویل بکرێت".
سەرچاوەکە گوتیشی: "بڕیارە سبەی رێکەوتنەکە لە بەغداش پەسەند بکرێت، هەر سبەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیش تەمویل بکرێت".
لەبارەی رێککەوتن، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت: "بڕیارە بۆ مووچەی مانگی 5 و 6، 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی و 230 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ بەغدا بنێردرێت، دوای ئەم دوو مانگە لیژنەیەک پێکدێت و لێکۆڵینەوە لەبارەی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکات، داهات هەرچەندێک بێت 50٪ـی بۆ بەغدا دەنێردرێت".
سەبارەت بە دابینکردنی سووتەمەنی بۆ پێویستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، وەردی گوتی، "50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ هەرێمی کوردستان دانراوە، لیژنەیەکیش بۆ ئەم مەبەستە پێکدێت، ئەگەر دەرکەوت کە ئەو بڕە بەشی هەرێمی کوردستان ناکات، لیژنەکە دەسەڵاتی هەیە تاوەکو 15 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێداویستیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان زیاد بکات".
وەکو لوقمان وەردی دەڵێت، یەکێکی دیکە لەپرسە گرنگەکان ئەو هێرشانەن کە دەکرێنە سەر پێگە ئابووری و گرنگەکانی هەرێمی کوردستان، ئەم پرسەش یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی سەردانی بافڵ و دەبێت لەم بابەتەش "یەکڕیز و هاوھەڵوێست بین".
چوارشەممە 16ـی تەممووزی 2025 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبووەوە.
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای گفتوگۆ و را گۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازیی لەو لێکتێگەیشتنە هاوبەشە کردووە و لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بڕیاری دا بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەو لێکتێگەیشتنە، کە بڕیارە لە بەرامبەردا حکومەتی فیدراڵ مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ