كەمال فوئاد كۆچی دواییكرد

16-11-2014
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
نیشانەکردن کەمال فوئاد
A+ A-

 

رووداو ــ بەرلین

سیاسەتمەدار و روناكبیری كورد د.كەمال فوئاد دوای نزیكەی سێ ساڵ ململانێ لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە، شەوی رابردوو لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا كۆچی دواییكرد.

كەمال عەبدولكەریم فوئاد، ناسراو بە د.كەمال فوئاد ساڵی ١٩٣٢ لە سلێمانی هاتووتە دنیا. لە ناوەڕاستی پەنجاكانی سەدەی رابردوو بۆ خوێندن روو لە ئەڵمانیا دەكات و لە بەشی رۆژهەڵاتناسی زانكۆی هومبۆلت لە بەرلین دەخوێنیت. هەر لە و زانكۆیە لە ساڵی ١٩٧٠ بڕوانامەی دكتۆرا لە فەلسەفە وەردەگرێت. 

ئەو یەكێك بووە لەو خوێندكارە كەمانەی كورد كە لە ساڵی ١٩٥٦ كۆمەڵەی خوێندكارانی كورد لە ئەوروپای دامەزراند. دوای رێککەوتننامەی ١١ی ئادار دەگەڕێتەوە كوردستان و بۆ ماوەیەك لە بەشی زمانی كوردی زانكۆی سلێمانی وەك مامۆستا دەستبەكار دەبێت.

ساڵی ١٩٧٥ لەگەڵ جەلال تاڵەبانی و هاوڕێكانی، یەكێك لە دامەزرێنەرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بووە. ساڵی ١٩٧٦ دەگەڕێتەوە بەرلین، هاوشانی كاری سیاسی وەك لێكۆلەرێك لە فۆندی دەستنووسەكانی رۆژهەڵاتی لە زانكۆی بەرلین لە چەندین لیكۆڵینەوەدا لە بارەی زمانی كوردی و زمانە رۆژهەڵاتییەكان بەشدار بووە. 

پاش راپەڕینی ساڵی١٩٩١ دەگەڕێتەوە كوردستان و لە خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز بووە، هەروەها ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بووە. ماوەیەكی كورت، دوای یەكگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی كوردستان لە ساڵی ٢٠٠٢ دەبێتە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان. 

بە درێژایی ژیانی سیاسی و رۆشنبیری خۆی، كەمال فوئاد چەندین پەرتووك و لێكۆڵینەوەی لەبارەی سیاسەت، زمان و مێژووی كورد چاپ و بڵاوكردووەتەوە.

 ماوەی 3 ساڵە لەلای كچێكی خۆی، لە بەرلین لە ژێر چارەسەری پزیشكیدا بوو، شەوی 15/16-11-2014 كۆچی دواییكرد. بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو كەوتوون، كچەكەی دەیەوێت باوكی لە بەرلین بە خاك بسپێرێت و هەندێك لە كادیرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش داوادەكەن بگەڕێندرێتەوەو لە كوردستان بنێژرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە