کارمەندێکی کەنەدی لەکاتی هەڵکەندنی بیری گاز لە چەمچەماڵ گیانیلەدەستدا

16-11-2018
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن چەمچەماڵ
A+ A-

رووداو - هەولێر

لە کێڵگەیەکی هەڵکەندنی بیری گاز لە گوندی تورگەی سەر بە چەمچەماڵ گاز دەرپەڕیووە، بەو هۆیەوە کارمەندێکی کەنەدی گیانیلەدەستدا.

رەمەک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، کاژێر 1:30 خولەکی شەو لەکاتی هەڵکەندنی بیری گاز لە گوندی تورگە، گاز دەرپەڕیووە، لە ئەنجامدا کارمەندێکی هەڵکەندنی بیر گیانیلەدەستداوە و دوو کارمەندی دیکەش دۆخی تەندروستییان تێکچووە.

قایمقامی قەزای چەمچەماڵ راشیگەیاند، ئێستا دۆخەکە ئاساییە، ئەو دوو کارمەندەی دۆخی تەندروستییان تێکچووبوو، گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان. "بەڵام ئەو کارمەندەی گیانیلەدەستداوە بەهۆی ئەوە بووە مەرجەکانی سەلامەتی جێبەجێنەکردووە و لە ئەنجامدا خنکاوە".

ئەیوب حەمە، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، شەوی رابردوو ئەو کارمەندە رەوانەی نەخۆشخانە کراوە، بەڵام پێشتر گیانیلەدەستدابوو، ئەوانەی لەگەڵیدا بوون گوتوویانە بەهۆی گازەوە خنکاوە، بەڵام بۆ زانینی هۆکاری سەرەکی رووداوەکە تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کرا، ئەوان بڕیار لەبارەی هۆکاری مردنەکەی دەدەن.

بەپێی زانیارییەکان، کارمەندە کەنەدییەکە کارمەندی کۆمپانیای پارکە دریلینگ بووە، کە لە هەرێمی کوردستان کاری هەڵکەندن لە کێڵگە گازییەکان دەکات.




کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە