ڤیان دەخیل لەبارەی رزگارکردنی سێ منداڵە کوردە ئێزدییەکە روونکردنەوە دەدات

16-12-2017
رووداو @Rudawkurdish
ڤیان دەخیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق باسی دۆزینەوە و هێنانەوەی منداڵەکان دەکات
ڤیان دەخیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق باسی دۆزینەوە و هێنانەوەی منداڵەکان دەکات
نیشانەکردن کوردانی ئێزدی داعش تورکیا هەرێمی کوردستان
A+ A-

رووداو - ئامەد 

ماوەیەک پێش ئێستا سێ منداڵی کوردی ئێزدی خەڵکی شنگال لە تورکیا دۆزرانەوە و دوای مانگێکیش  گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان، حەشدی شەعبی دەڵێت ئەوان دۆزیونیانەتەوە و گەڕاندوونیانەتەوە، لەبەرامبەردا ڤیان دەخیل روونکردنەوە دەدات و باسی دۆزینەوە و هێنانەوەی منداڵەکان دەکات، ئەو دەڵێت لەسەر ئەرکی سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە هاوکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق هێنراونەتەوە.

ڤیان دەخیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ساڵی 2014 کاتێک ئەو کارەساتە بەسەر شنگالدا هات، تەنیا کچ و ژنانی ئێزدی نەڕفێندران، بەڵکو گەلێک منداڵیش رفێندران و ژمارەیەکی زۆریشیان تاوەکو ئێستا چارەنووسیان دیارنییە، دوا تێکشاندنی داعش بەشێک لەو منداڵانەمان لە موسڵ و تەلەعفەر و بەعاج دۆزینەوە، کە لەلایەن داعشەکان بوون، بەشێکیشیان بە خەڵکی تورکیا و سووریا فرۆشران". 

بەشێک لە خەڵکی موسڵ و دەوروبەری لەکاتی هێرشکردنە سەر داعش لە ناوچەکانیان ئاوارەبوون و روویان لە تورکیا کرد، ئەو منداڵانەی لاشیان بوون لەگەڵ ئەوان ئاوارەبوون، دەگوترێت تاوەکو ئیستا نزیکەی 200 منداڵی کوردی ئێزدی لە تورکیا ماون، ناوە ناوەش دەدۆزرێنەوە.

لەبارەی دۆزینەوە و هێنانەوەی منداڵەکان ڤیان دەخیل گوتی: "تائێستا لە ئاستێکی باڵا پەیوەندییەکی تووندوتۆڵ و بەردەوام لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو منداڵانەی لە تورکیا دەدۆزرێنەوە، دوو لیژنە لە هەولێر و بەغدا پێکهێنراون و من ئەندامی لیژنەکەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانم، وەزارەتی دەرەوە و خودی ئیبراهیم جەعفەریش بەپەرۆشن بۆ کەیسەکە، سوپاسیان دەکەین".

ڤیان دەخیل هەروەها گوتی: "لە مانگی 11 چەند کەسێک سێ منداڵیان لەوێ دۆزینەوە، لەوکاتەوە ئێمە بەردەوام لەگەڵیان لە پەیوەندیدا بووین، منداڵەکان رادەستی خانەوادەیەکی ئێزدی کران لە ئەنقەرە، دواتر لەڕێگەی چەند هاوڕێیەکمان بردنمانە دیلۆک (غازی عەنتاب) و لەوێ رادەستی کونسوڵخانەی عێراقمان کردن، دوو هەفتە لەوێ بوون، تاوەکو ئەوراق و مامەڵەیان تەواوکرا، سێ منداڵن، یەکێکیان بەناوی سوهەیلە عەتوون تەمەنی 8 بۆ 10 ساڵە و بەردەوام قسە لەگەڵ کەسوکاری دەکەم، دوو منداڵی دیکە کچن و تەمەنیان 5 بۆ 6 ساڵە، مەجدەل زیاد و ئیناس خدر، بەردەوام لەگەڵ دایکی ئیناسیش قسە دەکەم، سەرجەم ئەندامانی خانەوادەکە شەهیدکراون و تەنیا دایکی ماوە".

نوێنەری کوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق باسی لەوە کرد کە دەوروبەری 20-11 نووسراوێکی بۆ وەزارەتی دەرەوەی عێراق کردووە و کەسێکیان راسپاردووە بچێت منداڵەکان لە دیلۆک وەربگرێتەوە، ئیستاش منداڵەکان گەیشتوونەتەوە هەرێمی کوردستان. گوتیشی: "زۆر سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی عێراق و باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە دەکەین، لەگەڵ ئەو کەسانەی خەمخۆر و بەپەرۆشبوون بۆ گەڕاندنەوەیان".

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان، لەماوەی 3 ساڵ و نزیکەی 4 مانگدا، تەنیا 3 هەزار و 207 کوردی ئێزدی لەدەستی داعش رزگاریان بووە و تاوەکو ئێستا  3 هەزار و 210 کەس، واتە 50%ی رفێندراوەکان چارەنووسیان دیارنییە.



داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە