رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای جەنگ و کاولکارییەکانی شارەکەیان، بەڵام جیهانی منداڵان جیا لە جیهانی گەورەکان هێشتا هیوایەکی تێدا دەبینرێت، خەندەیەک لەسەر رووخساریان دەبینرێت و چێژ لەو شتانە دەبینن کە هەیانە.
منداڵانی گەڕەکەکانی روومادی گوێیان بە بیستنی دەنگی بۆمباران و شەڕ و کاولکاری کاس بووە، دەیانەوێت دوای وێرانکاریی شارەکەیان، بگەڕێنەوە بۆ کوچە و کۆڵانەکان و ژیانی منداڵی دەستپێبکەنەوە. ئەوان بوونەتە سووتەمەنیی ئەو جەنگانەی کە گەورەکان هەڵیانگیرساندوون.
سەرەڕای ئەو کاولکارییەی لە شارەکەیان روویداوە، بەڵام ئەوان بێ هیوا نین، چونکە ئێستا شارەکەیان 70% نۆژەنکراوەتەوە، ژیان و گوزەرانێکی باش لە ئایندە چاوەڕوانیان دەکات.
پارێزگای ئەنبار لە ماوەیەکی کەمدا چەند پرۆژەیەکی وەبەرهێنان و گەشتیاری ئەنجامدراون. سەنتەری پارێزگای ئەنبار شاری روومادیە، گۆڕانکاریی زۆری بەخۆوە بینیوە لەڕووی خزمەتگوزاری، پلانیش وایە بکرێتە یەکەم شار لەسەر ئاستی عێراق لەڕووی گەشتوگوزارەوە.