رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئیستۆنیا وەک یەکەم سەرۆکی ئەو وڵاتە ئەمڕۆ گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیشدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان لەڕووی ئابووری، سیاسی و ئاسایشەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمشەو (17-1-2024) لە هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ ئالار کاریس، سەرۆکی ئیستۆنیا قسەی کرد و، رایگەیاند جێگەی پێزانینە کە لە یەکەم سەردانیدا بۆ عێراق، سەرۆکی ئیستۆنیا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.
نێچیرڤان بارزانی گوتی "ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی باشمان لەگەڵ سەرۆکی ئیستۆنیا هەبوو، باسی پەیوەندییەکانی ئیستۆنیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی هاریکاریی هاوبەش و گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری ناوچەکەمان کرد، هەروەها دەربارەی پێشهاتەکانی هەولێر بیروڕامان ئاڵوگۆڕ کرد و سوپاسیشمان بۆ گەل و حکومەتی ئیستۆنیا دووپات کردەوە کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا هاریکاریی هەرێمی کوردستانیان کردووە."
ئالار کاریس، سەرۆکی ئیستۆنیاش لە سەرەتای گوتەکانیدا لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند "دڵخۆشم کە وەک یەکەم سەرۆکی ئیستۆنیا بەفەرمی بێمە هەرێمی کوردستان و شەرەفمەند بووم بەوەی بینیم کە کوردستان، خەڵکی کورد لەڕووی ئابووری و سیاسی و ئاسایشەوە چەندە پێشکەوتوون."
دەقی گوتەکانی ئالار کاریس، سەرۆکی ئیستۆنیا:
ئالار کاریس، سەرۆکی ئیستۆنیا: بەڕێز سەرۆک، زۆر سوپاس بۆ ئەو بەخێرهاتن و میوانداریکردنە گەرمە. سوپاست دەکەم بۆ گفتوگۆ راشکاوەکان. شەرەفمەندم وەک یەکەم سەرۆکی ئیستۆنیا بە فەرمی سەردانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەم. من، دڵخۆشم کە دەرفەتم هەیە شایەتی ئەو گۆڕانکارییە گەورە و ئەرێنییانە بم کە خەڵکی کورد لەسەر ئاستی سیاسی، ئابووری و ئەمنی کردوویانە. هەندێک داینەمیک هەن کە زۆر ئەرێنین لە ژیانی سیاسیدا. دوولایەنانە دڵخۆشم کە دەیڵێم؛ ئێمە هاوکاری و هاوئاهەنگیی باشمان لە بواری بە دیجیتاڵکردندا هەیە، هیوادارم بتوانین لە داهاتوودا ئەوە بۆ بواری دیکە گەشە پێبدەین. هەروەها، ئێمە لە بابەتی ئەمنی هاوئاهەنگیمان هەیە، ئیستۆنیا لەماوەی چەند ساڵی رابردوو چالاکانە بەشداریی لە هاوکاریکردن لە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کردووە.
سەربازەکانمان لێرەن لە هەولێر، ئەوان سوپاسی باشیی و میوانداریی خەڵکی ئێرە دەکەن. زۆر سوپاس بەڕێز سەرۆک بۆ میوانداریی ئەوان. ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی پاڵپشتتان بین و یارمەتیتان بدەین بۆ ئەوەی کوردستان زیاتر بگەشێتەوە و خۆشگوزەرانی تێدابێت لەوەی کە ئێستا هەیە.
هۆکارێکی دیکەی گرنگ بۆ ئامادەیی ئێمە لێرە هەیە. چونکە ئێمە دەمانەوێت جیهان لە ئاشتییدا ببینین، چونکە بۆ ئێمە دیموکراسی و ئازادیی زۆر بەبایەخە. ئەوانە ئەو ئامانجانەن کە ئێمە دەمانەوێت بەدەستیانبهێنین و پارێزگارییان لێبکەین.
ئیستۆنیا بە تووندی هەموو جۆرێکی تیرۆر سەرکۆنە دەکات، چونکە هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی. ئێمە لەگەڵ هەموو هاوپەیمانەکانمان لە شەڕی دژی تیرۆر بەیەکەوە دەوەستین.
من هەروەها بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە یەک بەدوای یەکانە دەکەم لە دژی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق. پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی ئەوانە دەکەم کە خۆشەویستانیان لە هێرشەکەی دوێنێی هەولێر لەدەستدا.
ئەمڕۆ ئێمە گفتوگۆمان لەسەر ئاڵنگارییەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخە ئەمنییەکانی ئەوروپا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد.
دۆخی غەززە نیگەرانییەکی گەورەیە. ئێمە پاڵپشتیی هەموو هەوڵێک دەکەین بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.
ئێمە هەروەها باسی شەڕانگێزییەکانی رووسیامان کرد لە ئۆکراینا. ئێمە دەزانین کە ئەگەر رێگە بەو شەڕانگێزییە بدەین بەردەوام بێت ئەمە هانی هەموو دەوڵەتەکانی دیکەی شەڕانگێز دەدات کە ئامانجە ئیمپریالیەکانی خۆیان بپێکن. ئێمە ناتوانین رێگە بەوە بدەین رووبدات. نابێت رێگە بە هیچ دەوڵەتێک بدەین کە بنەمای سیستەمی نێودەوڵەتی تێکبدات، بۆیە هەموو ئەو وڵاتانەی کە دیموکراسییەت و ئازادییان خۆشدەوێت دەبێت بەیەکەوە کاربکەن بۆ هەبوونی جیهانێک کە هەموو کەسێک بتوانێت تێیدا خۆش بگوزەرێت و بە ئاشتی بژیت.
دووبارە بەڕێز سەرۆک، زۆر سوپاس بۆ ئەو گفتوگۆ راشکاوانە و میواندارییە گەرمە لە من و شاندەکەم کردتان، هیوای ئاشتی و خۆشگوزەرانیتان بۆ دەخوازم. زۆر سوپاس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ