رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانیی تورکیا بۆ سەر باشووری شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان، شەوی رابردوو 9 کەس کوژراون.
هەسەدە لە پەیامێکی تەلەگرامدا رایگەیاند، فڕۆکەکانی تورکیا لە دوا کاژێرەکانی شەوی یەکشەممە خێزانێکی جووتیاری لە باشووری کۆبانێ بۆردوومانکرد.
دەشڵێت "ژمارەی شەهیدە سڤیلەکان کە لە بۆردوومانی تورکیا بۆ سەر ناوچەی نێوان گوندی قومچی و بەرخ بۆتان لە باشووری کۆبانێ شەهید بوون، بەرزبووەوە بۆ 9 کەس کە هەموویان لە یەک خێزانن. دوو کەسی دیکەش لە هەمان خێزان بریندار بوون."
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە بە بڕبڕەی پشتی هەسەدە دادەنرێت، بەردەوام لە لایەن تورکیاوە تۆمەتبارکراوە بەوەی پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە.
لە مانگی شوباتی ئەمساڵ، عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بانگەوازێکی بۆ ئاشتی راگەیاند و داوای لە پارتەکەی کرد، چەک دابنێت و خۆی هەڵبووەشێنێتەوە.
تورکیا کە پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریادا هەیە، گوشار لە حکومەتی نوێی سووریا دەکات لە دژی یەپەگە رێکار بگرێتەبەر.
حکومەتی نوێی دیمەشق هەوڵدەدات هەموو گرووپە چەکدارەکان هەڵبووەشێنێتەوە و بیانخاتە ژێر چەتری وەزارەتی بەرگری بۆ ئەوەی بتوانێت هەموو خاکی سووریا و رۆژئاوای کوردستان بخاتە ژێر رکێفی خۆی، ئەوەش دوای ئەوەی لە کانوونی یەکەم، توانییان دوای 13 ساڵ لە جەنگی نێوخۆیی، کۆتایی بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بهێنن.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع رێککەوتنێکیان واژۆکردووە بۆ ئەوەی "هەموو دامەزراوە سڤیل و سەربازییەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بخرێنە سەر ئیدارەی دەوڵەتی سووریا، لە نێویاندا دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە و کێڵگەکانی نەوت و گاز."
بڕیارە رێککەوتنەکە کۆتایی ئەمساڵ بچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ