هەولێر و بەغدا رێککەوتن؛ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک دەستپێدەکاتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان و کەرکووک گەیشتنە رێککەوتن و بڕیارە لە سبەینێوە پڕۆسەکە لە ڕێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەستپێبکاتەوە.
 
رۆژی سێشەممە، 17ی ئازاری 2026، شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئەنجامی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بڵاوکردەوە. بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی کەرکووک هاوتا لەگەڵ نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەوەش لەڕێگەی بۆریی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا.
 
شاندی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم هەنگاوە لە سۆنگەی "هەستکردن بە بەرپرسیاریێتیی نیشتمانی و شەراکەتی دەستوورییە" و ئامانج لێی زیادکردنی داهاتی گشتی و چارەسەرکردنی قەیرانی داراییە، بە تایبەتی بۆ دابینکردنی مووچە و بژێوی هاووڵاتییان لەم "بارودۆخە هەستیار"ـەی ناوچەکەدا.
 
خاڵە سەرەکییەکانی رێککەوتنەکە:
 
دەستپێکردنی هەناردە: بڕیارە لە سبەینێوە (18ی ئازاری 2026) هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕە جیهانییەکان دەستپێبکاتەوە.
 
لیژنەی هاوبەش: لیژنەیەکی تەکنیکی و کارگێڕی لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنرێت بۆ سەرپەرشتیکردنی پڕۆسەکە.
 
داهاتی نەوت: تەواوی داهاتی نەوتە هەناردەکراوەکە بۆ گەنجینەی گشتیی فیدراڵ دەگەڕێتەوە.
 
پاراستنی کێڵگەکان: هەردوولا رێککەوتوون لەسەر گرتنەبەری رێکاری تووندی ئاسایشی بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان و دڵنیابوون لە بەردەوامی هەناردەکردن.
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردووەتەوە کە "درێخی ناکات" لە گرتنەبەری هەر رێکارێک کە خزمەت بە تێپەڕاندنی قەیرانە داراییەکان لە سەرتاسەری عێراق بکات و داهاتی پێویست بۆ خەرجییە گشتییەکان و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان دابین بکات.
 
دەقی راگەیێندراوەکەی شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان:
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 17ی ئازاری 2026، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام درا، تایبەت بە بابەتی هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆریی گواستنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا.
 
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، شاندی دانوستانکارى حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی شەراکەتی دەستووری و لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتیی نیشتمانی، جەختی کردەوە لەسەر ئامادەییی تەواوی هەرێمی کوردستان بۆ گرتنەبەری هەر ڕێکار و هەنگاوێک کە ببێتە هۆی زیادکردنی داهاتی گەنجینەی گشتی و چارەسەری قەیرانی دارایی، بە تایبەتی لەم بارودۆخە هەستیارەی ئێستای ناوچەکەدا، بەمەبەستی دابینکردنی مووچە و بژێوی و خزمەتگوزارییە گشتییەکان.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی خۆی دەربڕی بۆ هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی کەرکووک، هاوتا لەگەڵ نەوتی کێڵگەکانی هەرێم، لە ڕێگەی بۆریی نەوتی هەرێم – جەیهان.
 
بۆ ئەم مەبەستە، هەردوو حکومەت ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی لیژنەیەکی هاوبەش لە وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدڕاڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم پێکبهێنن، بۆ دەستپێکردنی هەنگاوە تەکنیکی و کارگێڕییە پێویستەکان، بەمەبەستی دەستپێکردنی هەناردەکردنی نەوت لە سبەینێوە بۆ بازاڕە جیهانییەکان لە ڕێگەی بۆریی هەرێم، لەگەڵ گەڕانەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەناردەکراو بۆ گەنجینەی گشتیی فیدڕاڵ.
 
هەروەها، هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر گرتنەبەری ڕێکارە ئاسایشییە پێویستەکان بۆ پاراستنی سەلامەتیی کێڵگە نەوتییەکان و دڵنیابوون لە بەردەوامیی هەناردەکردنی نەوت.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان دووبارە جەخت دەکاتەوە کە درێغی ناکات لە گرتنەبەری هەر ڕێکارێکی پێویست بۆ هاوبەشی و پشتیوانیی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانە داراییەکان لە سەرتاسەری عێراق، بە ئاراستەی دابینکردنی داهاتی پێویست بۆ خەرجییە گشتییەکان و دابینکردنی مووچە، بژێوی و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان.
 
شاندی دانووستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان
17ـی ئازاری 2026
 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 کۆبوونەوەی سەفین دزەیی بە جیا لەگەڵ کۆنسووڵی هۆڵەندا، تورکیا، ژاپۆن و رووسیا

سەفین دزەیی: هەرێمى کوردستان پابەندە بە پاراستنى نێردە دیپلۆماسییەکان

سەفین دزەیی بە جیا لەگەڵ کۆنسووڵی هۆڵەندا، تورکیا، ژاپۆن و رووسیا کۆبووەوە و دەڵێ، هەرێمی کوردستان نایەوێ ببێتە بەشێک لە شەڕ و ململانێکان، پابەندبوونى هەرێمى کوردستانیشی بە پاراستنى نێردە دیپلۆماسییەکان دووپاتکردەوە.