د. موسەننا ئەمین: عێراق قەرز نەکات ناتوانێت مووچە بدات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
د. موسەننا ئەمین میوانی بووڵتەنی کاژێر 12:00 بوو
د. موسەننا ئەمین میوانی بووڵتەنی کاژێر 12:00 بوو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق هۆشدارییەکی تووند لەبارەی دۆخی دارایی و ئەمنیی عێراق دەدات و دەڵێت، ئەگەر لە یەدەگی بانکی ناوەندی قەرز نەکات، ناتوانێت مووچە بدات.

د. موسەننا ئەمین هۆشداریش دەداتە هەرێمی کوردستان کە پاساو نەداتە دەست بەغدا، چونکە بەشێکی هێزەکان دەیانەوێ هەرێمی کوردستان وەک دروستکەری قەیرانەکان نیشان بدەن.
 
د. موسەننا ئەمین لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "ئێستا لەسەر ئەرزی واقیع دوو عێراق هەیە. عێراقی فەرمی کە پێکهاتووە لە سەرۆکوەزیران، پەرلەمان و حکومەت؛ عێراقی گرووپە چەکدارەکان. لە رووی ئەمنییەوە عێراقی گرووپە چەکدارەکان بەهێزترە و کۆنترۆڵی دۆخەکە لەدەست حکومەت دەرچووە". 
 
د. موسەننا ئەمین لەبارەی گرووپە چەکدارەکان گوتی: "ئەو هێزانە توانای سەربازی، درۆن و مووشەکیان هەیە و پێیانوایە ئەم شەڕەی ئێستا چارەنووسسازە بۆیان، بۆیە عێراقیان بردووەتە نێو دۆخێکی مەترسیدارەوە."
 
سەبارەت بە بەهێزبوونی ئەو گرووپانە لە رووی سیاسییەوە، د. موسەننا ئەمین نموونەی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەقی هێنایەوە و رایگەیاند: "لە خولی سێیەمی پەرلەمان لە ساڵی 2014 تەنیا یەک پەرلەمانتاریان هەبوو، بەڵام ئێستا ژمارەیان لە 25 پەرلەمانتار تێپەڕیوە، ئەمەش نیشانەی گەشەکردنێکی زۆرە لەسەر ئاستی جەماوەری و سیاسی."
 
لەبارەی ئابووری، د. موسەننا ئەمین دەڵێت: "عێراق زیاتر لە 70٪ـی داهاتی لەدەستداوە. لەم مانگەدا ئەگەر حکومەت لە یەدەگی بانکی ناوەندی قەرز نەکات، ناتوانێت مووچەی فەرمانبەرانیش بدات".
 
ئەو پەرلەمانتارە هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ گرژییەکانی ناوچەکە و بەردەوامبوونی داخستنی تەنگەی هورمز و دەڵێت: "عێراق ناتوانێت بەرگەی ئەو کارەساتە بگرێ و بەرەو ئیفلاسی دارایی دەچێت."
 
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو هۆشداری دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان و داوا دەکات بە زووترین کات کێشەکانی تایبەت بە نەوت و گومرگ لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات، چونکە وەک ئەو دەڵێت: "ئەگەر دۆخی دارایی عێراق بەم شێوەیە بەردەوام بێت، یەکەمین زەرەرمەند هەرێمی کوردستان دەبێت و راستەوخۆ دەست بۆ بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەبردرێ."
 
د. موسەننا ئەمین گوتی: "کۆمەڵێک هێزی سیاسی لە بەغدا هەن دەیانەوێ رقێکی جەماوەری لەنێو عێراق بەرامبەر هەرێمی کوردستان دروستبکەن، دەیانەوێ بڵێن عێراق بەرەو ئیفلاسی دەچێت و هەرێمی کوردستانیش ئامادە نییە لە رێگەی بۆرییەکانییەوە نەوت هەناردە بکات و هاوکاریمان بکات." بۆیە جەخت دەکاتەوە "نابێت هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک بیانوو بداتە دەست ئەو هێزانە بۆ ئەوەی گوتاری دژە کورد بەرز بکەنەوە."
 
بەشێکی دیکەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا پەیوەندی بە سیستمی "ئەسیکۆدا"وە هەیە کە سیستمێکی نێودەوڵەتییە بۆ کۆنترۆڵکردنی گومرگ و جووڵەی دۆلار. بە گوتەی د. موسەننا ئەمین، بەغدا دەیەوێ بە تەواوی کۆنترۆڵی ئەم سیستمە بکات، بەڵام هەرێمی کوردستان نیگەرانە لە لەدەستدانی دەسەڵاتەکانی.
 
"بەهۆی جێبەجێنەکردنی ئەم سیستمەوە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە، ئێستا بازرگانانی کورد ناتوانن سوودمەند بن لە وەرگرتنی دۆلار بە نرخی فەرمیی بانکی ناوەندی و باجی زیاتریان لێ وەردەگیرێت،" د. موسەننا وای گوت.
 
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو باس لەوە دەکات کە بابەتەکە تەنیا داواکاریی عێراق نییە، بەڵکو "ئەمریکییەکان زۆر جیدین لەسەر جێبەجێکردنی ئەم سیستمە، چونکە دەیانەوێ بزانن دۆلار بۆ کوێ دەڕوات و رێگری بکەن لە چوونەدەرەوەی ملیاران دۆلار بۆ ئەو وڵاتانەی کە ئەمریکا نایەوێ. بۆیە لەم پرسەدا ئەمریکاش پشتگیریی هەرێمی کوردستان ناکات."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاو بە بەلوعەیەکدا دێت. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر: ئەمڕۆ ئاو دەگاتەوە گەڕەکەکان

بەهۆی لێڵبوونی سەرچاوەی ئاوەکەیانەوە، لە دوێنێوە دابەشکردنی ئاو لە شاری هەولێر راگیراوە. بەڕێوەبەری ئاو دەڵێ، دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە و ئاو دەگاتەوە ماڵەکان