ئەمڕۆ جەژنی چوارشەممەی سووری ئێزدییەکانە

17-04-2019
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن چوارشەممەی سووری ئێزدی
A+ A-

رووداو-شنگال

ئەمڕۆ جەژنی چوارشەممەی سووری ئێزدییەکانی جیهانە و رێوڕەسمێکی تایبەت لە لالش بەڕێوەدەچێت. هەر خێزانێک بەیانی زوو پێش خۆر هەڵاتن گوڵی سوور لە سەر دەرگاکانیان دەدەن جگە لەوەش نان بەڕۆن و كونجی ئامادە دەکەن و بەسەر هەژاراندا دابەشی دەکەن.

ناسر عەلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە دهۆک رایگەیاند: بەو پێیەی هێشتا 75%ی کوردانی ئێزدی لە کەمپەکانی سنووری پارێزگای دهۆک نیشتەجێن، جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەکان ناسراو بە چوارشەممەی سوور لەنێو کەمپەکاندا دەکەنەوە، هاوکات بەشێکی زۆریان سەردانی مەزارگەی لالش دەکەن، جیا لە کوردانی ئێزدی لە نێوخۆی وڵات، ئەمساڵ ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی ئێزدی لە دەرەوەی وڵاتیش هاتوونەتە کوردستان بۆ ئەوەی بەشداریی لە جەژنی چوارشەممەی سوور لە لالشدا بکەن.

هەر لەسەر بەڕێوەچوونی جەژنی چوارشەممەی سووری کوردانی ئێزدی لە مەزارگەی شەرەفەدین لە شنگال تەحسین قاسم، پەیامنێری رووداو رایگەیاند: یەکێک لە رێوڕەسمەکانی جەژنی چوارشەممەی سوور، سەرلەبەیانی یەکەم رۆژی جەژن خەڵک سەردانی گۆڕستانەکان دەکەن و پاشان سەردانی مەزارگەی شەرەفەدین دەکەن و نزا دەکەن.

لە دوای هاتنی داعش لە ساڵی 2014، جەژنی چوارشەممەی سوور دەکرایەوە، بەڵام رێوڕەسمەکان راگیرابوون، دوای پێنج ساڵ لەو کارەساتەی بەسەر کوردانی ئێزدی داهات، ئەمساڵ بە بەشداری کچانی رزگاربووی دەستی داعش جەژنی چوارشەممە سوور پیرۆز دەکرێت.

جەژنی چوارشەممەی سوور یەکێک لە گرنگترین جەژنەکانی ئایینی ئێزدییە، کە لەئێوارەی رۆژی سێشەممەوە رێوڕەسمەکانی بەڕێوەچوونی ئەو جەژنە دەستپێدەکات، کوردانی ئێزدی دەچنە پەرستگەی لالش و 365 مۆم و چرا دادەگیرسێنن. بۆ رۆژی دواتر کە چوارشەممەی سوورە، بە چەندین شێوە بەشداریی ئەو جەژنە ئایینییەی خۆیان دەکەن.

هەر خێزانێکی ئێزدی بەیانی زوو پێش خۆر هەڵاتن گوڵی سوور لە سەر دەرگاکانیان دەدەن. رەنگکردنی هێلکەی کوڵاو و دواتر وەشاندنی بەناو دەغڵ و زەویی چێندراودا بەشێکە لە رێوڕەسمی جەژنەکە. جگە لەوەش نان بەڕۆن و كونجی ئامادە دەکەن و بەسەر هەژاراندا دابەشی دەکەن.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە