رووداو دیجیتاڵ
سەرەتای ڤیدیۆکە گریان و شیوەنی دایکی زەهرای تەمەن 21 ساڵان دەبینن کە ئێوارەی رۆژی هەینی لە لایەن هاوژینەکەیەوە بە گولـلە کوژرا. مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش لە تویتێکدا نووسیویەتی، "ھیچ شەرەفێک لە ژن کوشتندا نییە، ئهمه دەبێت کۆتایی پێبێت. وهزیری ناوخۆم راسپاردووه بۆ دڵنیابوون لهوهی تۆمهتبار بە سزای خۆی بگات."
زەهرا نزیکەی پێنج مانگ بوو گەڕابووەوە ماڵی باوکی، لە ترسی هەڕەشەی هاوژینەکەی ماوەی 20 رۆژ لە داڵدانی ئافرەتان بوو، پاش گەڕانەوەی بۆ ماڵی باوکی لە گەڕەکی باداوەی هەولێر کوژرا.
زینە مەجید، دایکی زەهرایە و بە رووداوی گوت، کچەکەم ماوەی هەشت ساڵە لای ئەوانەیە [ماڵی زاوا] بە بەردەوامی کێشەیان هەبوو و لێیان دەدا، "هەموو ئەوانەی لێرەن دەزانن کە ئەو بەردەوام لە کچەکەمی دەدا سەری دەشکاند. دوێنێ کاژێر 4:30 بوو مێردەکەی هات بەسەرمانی دادا، یەکەم جار چووە ژوورەوە لە پشتەوە بوو لە کچەکەمی دا و جا لە براکەی دا و کە من چووم فریایان بکەوم لە منیشی دا."
جاسم محەممەد، باوکی زەهراش چیرۆکێکی دیکەی هەیە، ئەو لەبارەی جیابوونەوە و تەڵاقدانی کچەکەی بە رووداوی گوت، "هێنامانەوە بە سوڵحی عەشائیری تەڵاقی دا، مەلایان لەگەڵدا بوو و شەش شایەتحاڵ لەوێ بووین، مەلا دەستی لەسەر سینگی دانا و گوتی 'کوشتن لای ئێمە نییە' و ئەوە تەڵاقی دا، پرسیاری لە حەیدەر کرد، گوتی تەواو؟ ئەویش گوتی 'تەواو'."
باوکی دەڵێت، هێشتا کیتابمان نەبردبووە مەحکەمە ئەم شتە روویدا، نازانم ئەم شتە بۆ روویدا، ئەوانە عەشائیرن و دەڵێن "نابێت کچ لای ئێمە زیز بێت و تەڵاق وەربگرێت و هەموویان چەکدارن."
زەهرا کاتێک تەمەنی 12 ساڵان بوو ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو و خاوەن سێ کوڕی تەمەن 6 ساڵان، 3 ساڵان و دوو ساڵان بوو.لێکۆڵینەوەکان بۆ دەستیگرکردنی هاوژینی زەهرا و دوو براکەی دەستیان پێکردووە.
موقەدەم هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بکوژی زەهرا دەرچووە و بە پێی ماددەی 406 تۆمەتبارەکە دەستگیر دەکەین و چەند تیمێکی خۆمان ئاگادار کردووەتەوە بۆ ئەوەی هەڵسن بە دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانە.
هۆگر عەزیز لەبارەی ئەو چەکەی کە تاوانەکەی پێ کراوە دەڵێت، "ئەوانە بە چەکی کڵاشنیکۆڤ ئەو تاوانەیان ئەنجام داوە."
زینا مەجید بەشداریی بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد و زانیاریی زیاتری لەبارەی کوشتنی کچەکەی ئاشکرا کرد، ئەو گوتی، هێرشیان کردەسەرمان و بۆ کوشتنی کچەکەم هاتنەژوورەوە. برایەکی کچەکە لە ماڵەوە دەبێت و رێگری لەوە دەکات کە چیدیکە لە خوشکەکەی نەدرێت، بەڵام پەلاماری ئەویان دا و دواتر چەکیان هێنایە ژوورەوە و "دەرگایان لەسەر کچەکەم داخست و کوشتیان."
بە گوتەی دایکی زەهرا، سێ کەس بوون و شۆفێرێکی تاکسیشیان لەگەڵدا بوو. زاوایەکەم و دووبراکەی هاتبوون. هەرسێکیان چەکداربوون و کڵاشنیکۆڤ و دەمانچەیان پێبوو. دەشڵێت "کاتێک زاواکەم لە ئێمەی دا، دواتر چووە دەرەوە و بانگی ئەوانی دیکەی کرد و ئیشارەتی بۆ کردن بۆ ئەوەی بێنە ژوورەوە. دواتر هاتنەژوورەوە و کچەکەمیان کوشت. رووداوی کوشتنەکەش تەنیا چەند خولەکێک بوو."
لەبارەی ئەوەی چۆن زانیویانە زەهرا [ئەو ژنەی کوژراوە] لە ماڵەوەیە؟ دایکی ژنەکە دەڵێت "ئەوان بە ئێمەیان گوت کە قسەیان لەگەڵ داڵدەدانی ئافرەتان کردووە و پۆلیسەکانی ئەوێ پێیان گوتووە، بەڵام ئەوان واستەیان هەبووە و بەردەوام دەیانگوت چەکدارین و خەیلانین و کەس ناتوانێ بمانگرێت. حیساب بۆ حکومەت ناکەین و یاسا لای ئێمە نییە."
لەبارەی کێشەی زەهرا و هاوژینەکەی، دایکی دەڵێت "ئەوان هەشت ساڵە کێشەیان هەیە، پیاوەکە بەردەوام لە کچەکەمی دەدا. ئەوان خۆیان عەشایەرن و کچەکەم تووشی نەخۆشیی دەروونی ببوو" دەشڵێت "لە سەری ساڵەوە کچەکەم هاتبووەوە ماڵەوە. کچەکەشم دەیگوت دایە ناچمەوە بۆ ئەو ماڵە [ماڵی هاوژینەکەی]، چونکە پێیان گوتووم نابێت ژن ئەوەندە بتۆرێت. بتکوژین و بتبڕین دەبێت لە ماڵی خۆت بیت."
دەشڵێت 19ـی ئەم مانگە هاتنە سەر ماڵمان و بە چەکەوە هەڕەشەی ئەوەیان کرد کە کچەکە دەبەنەوە، کێشە لەنێوانماندا روویدا و تاوەکو دووی شەو ئاگاداری پۆلیسی بنکەی سەروەرانمان کرد، بەڵام دواجار کە ئەوان رۆیشتن وازمان لە سکاڵاکە هێنا."
دایکی باسی لەوەشکرد، "ئەوان هاتبوونە سەرمان و دەیانگوت دەیبەینەوە، هەر لەبەر ئەوەش کچەکەمان بردبوویە تووندوتیژی دژی ژنان." دەشڵێت "دواتر شوبرایەکی تەلەفۆنی بۆمکرد و گوتی کە دەمانەوێت کچەکە تەڵاق بدەین. نامانەوێت کێشەکە گەورە بێت. ئەوەیشی گوت کە شوبراکەی گوتوویەتی سێ فیشەکمان بۆ کچەکەت داناوە و دەیکوژین."
لەبارەی چارەنووسی منداڵەکانی زەهرا، دایکی زەهرا دەڵێت، "منداڵەکانی زەهرا لە ماڵی باوکیانن و هیچ سۆراخێکیان نازانم."
تەنیا بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی تووندوتیژیی دژی ئافرەتان و خێزان لە ساڵی 2020، 63 حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتن و 157 حاڵەتی دەستدرێژیی سێکسی لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ