رووداو دیجیتاڵ
لە گوندی تاوکێی زاخۆ، زیاتر لە 10 هەزار سەر مەڕ و بزن هەن و بەرهەمەکانیان ئەوەندە خواستی لەسەرە، کە هەر لەدوای دۆشینی ئاژەڵەکان، ساخ دەبنەوە.
مام رەشید خاوەنی زیاتر لە 2500 سەر ئاژەڵە لە تاوکێ، کە رۆژانە زیاتر لە 500 کیلۆگرام شیر بەرهەمیانە، نیوەی شیرەکە دەکەنە پەنیر و نیوەکەی دیکەش بەبێ دەستکاریکردن دەفرۆشن و خواستێکی زۆری لەسەرە، خەڵک بە هەفتە چاوەڕوانی دەکەن.
حاجی رەشید تاوکی، ئاژەڵدار دەڵێ کڕیارەکانیان زۆربەیان "دۆست و هەڤاڵمانن و بۆیان دەبەینە ماڵەکانیان. (بەرهەمەکانمان) داخوازیی زۆریان لەسەر هەیە، خەڵک لێرە و لە دهۆکەوە دێن، یان تەلەفۆنمان بۆ دەکەن و دەڵێین 'بەخوا ئێستا نیمانە' دوای ئەوەندە رۆژە پەیوەندیمان پێوە بکەنەوە."
زۆربەی ئاژەڵدارانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە شێوازی کۆن بەرهەمەکانی شیر دەفرۆش.
ژیانی عیماد و چوار برای لەسەر بەخێوکردنی مەڕوماڵاتە، ئەوان بە دەستی خۆیان مەڕ و بزنەکانیان دەدۆشن و بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانیشیان هیچ پرۆژەیەکی گەورەیان نییە، تەنیا پێداویستییەکانی کڕیارەکانیان دابین دەکەن.
عیماد گولی، ئاژەڵدار بە رووداوی گوت، 'سوپاس بۆ خوا هەموو بەرهەمەکانی ئەمساڵی ئاژەڵ باشن،' بەڵام پارە لە بازاڕ کەمە و ئەمە کەمێک کاریگەریی هەبووە، ئەگەرنا بەرهەمی شیر و شیرەمەنیی ئەمساڵ زۆر باشە.
ئەو ئاژەڵدارە جەخت دەکاتەوە لەوەی ئەوانیش لەڕێگەی داواکارییەوە بەرهەمەکانیان دەفرۆشن.
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی زاخۆ، ئامارێکی تەواوی ژمارەی سەرئاژەڵیان لەبەردەستدا نییە، بەڵام مەزەندە دەکەن زیاتر لە 250 هەزار سەرئاژەڵ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ هەبن.
ئاژەڵدارێکی دیکە بەناوی زەعیم کەمال دەڵێ "بەرهەمی شیر سوپاس بۆ خوا باشە. (نرخی کیلۆگرامێک) شیر بۆ 1500 دینار دەچێت، کیلۆگرامێک پەنیر نۆ بۆ 10 هەزار دینارە."
رۆژانە نزیکەی 150 هەزار کیلۆ شیر لە زاخۆ بەرهەمدێت و هەتاوەکو ساڵی رابردووش چوار کارگەی سپیاتی لە زاخۆ هەبوون، بەڵام ئێستا تەنیا یەک دانەیان ماوە و ئەوانیش شیری وشک لە دەرەوە هاوردە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ