قوتابخانەی گوندی كۆچۆ دەكرێتە مۆزەخانە

17-07-2018
ناسر عەلی
نیشانەکردن كۆچۆ
A+ A-

رووداو – دهۆك

چەند كەسایەتی و چالاكڤانێكی ئێزدی قسەیان لەگەڵ حكومەتی عێراق كردووە بۆ ئەوەی قوتابخانەی گوندی كۆچۆی سەر بە قەزای شەنگال بكرێتە مۆزەخانەی ئەو كارەساتەی داعش بەسەر كوردی ئێزدی هێنا. حكومەتی عێراقیش رەزامەندی نیشان داوە و بڕە پارەیەكیشی بۆ دروستكردنی مۆزەخانەكە تەرخان كردووە. لێكۆڵەرێكی كەیسی ئێزدییەكان دەڵێت قسەی لەگەڵ ژمارەیەك هونەرمەندی شاری دهۆك و هەولێر كردووە بۆ ئەوەی پەیكەرێك كە دەلالەت لە جینۆسایدی ئێزدییەكان بكات، دروست بكەن و لەنێو قوتابخانەكەدا دایبنێن.


لە پەلامارەكەی چەكدارانی داعشدا بۆ سەر كوردی ئێزدی لە ئابی 2014، گوندی كۆچۆ زۆرترین قوربانی بەركەوت.

داعش لە پەلامارەكەیدا بۆ سەر شنگال و دەوروبەری زیاتر لە 6500 كوردی ئێزدی رفاند كە زۆرترینیان خەڵكی گوندی كۆچۆ بوون. دوای ئەوەی گەمارۆی گوندەكەی دا 1202 دانیشتووی گوندەكەیان لە قوتابخانەی گوند كۆكردەوە، پاشان ژن و منداڵەكانیان لە پیاوەكان جیاكردنەوە، پیاوەكان بەرەو مەرگ و ژن و كچەكانیش بەرەو بازاڕی بەكۆیلەكردن راپێچ كران.

 مانگێگ پێش ئێستا ژمارەیەك كەسایەتی كوردی ئیزدی بە نووسراوێك داوایان لە حكومەتی بەغدا كرد كە قوتابخانەی گوندی كۆچۆ بكرێتە موزەخانەی جینۆسایدی ئێزدییەكان، لە چەند رۆژی رابردوودا حكومەتی عێراق رەزامەندی دەربڕی و  ئێستا ئامادەكاری بۆ دروستكردنی مۆزەخانەكە دەستیپێكردووە.

داود موراد خەتاری كە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ئێزدییەكان دەكات، بە (رووداو)ی گوت: "حكومەتی عێراق رازی بووە قوتابخانەی گوندی كۆچۆ بكرێتە مۆزەخانە، بڕە پارەیەكیشی تەرخان كردووە بۆ دروستكردنی هۆڵێك لە نێو قوتابخانەكە بۆ پێشوازی لەو میوانانەی سەردانی مۆزەخانەكە دەكەن، جگە لەوەش مۆنۆمێنتێك لە نێو گۆڕەپانی قوتابخانەكە دروست دەكرێ‌".

داود موراد كە هەر لە رۆژەكانی سەرەتای كارەساتی شنگال دەستی بە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ئێزدییەكان كردووە، دەڵێت: "دوای ئەوەی گوندی كۆچۆ لە دەستی داعش رزگار كرا، هەر زوو قوتابخانەی كۆچۆ وەكو هێمایەك  بۆ قوربانیانی ئەو كارەساتە تەماشا كرا، دوای هەفتەیەك نادیە موراد كە خەڵكی كۆچۆیە و ئێستا باڵیۆزی نیازپاكییە لە نەتەوە یەكگرتووەكان، گەڕایەوە گوندەكە و سەردانی قوتابخانەكەی كرد. دواتر ئەوانەی كەسوكاریان بوونە قوربانی، لەكاتی گەڕانەوەیان بۆ گوندی كۆچۆ، سەردانی قوتابخانەكەیان دەكرد و وێنەی قوربانییەكانی خۆیان لەسەر دیواری قوتابخانەكە هەڵدەواسی، پێش ماوەیەك چەند كەسایەتییەكی كوردی ئێزدی پرۆژەی مۆزەخانەی كۆچۆیان پێشكەش بە حكومەتی عێراق كرد و ئەویش رەزامەندی دەربڕی".

داود كە یەكێكە لەو كەسانەی هەوڵی داوە قوتابخانەكە بكرێتە مۆزەخانە، ئاماژەی بەوەدا كە لەگەڵ چەند هونەرمەندێكی هەولێر و دهۆك قسەی كردووە، بۆ دروستكردنی مۆنۆمێنتێك لە نێو گۆڕەپانی قوتابخانەی كۆچۆ.

گوندی كۆچۆ، 22 كیلۆمەتر لە باشووری شنگالە و دوورترین گوندی ئێزدییانە لە سەنتەری شنگال، لە هێرشی داعشدا بۆ سەر شنگال، 1202 كەسی خەڵكی گوندی كۆچۆ رفێنران، 395 كەسیان لەلایەن داعشەوە گوللەباران كران و ئێستا لە 22 گۆڕی بە كۆمەڵدان. بەپێی ئامارەكان تاوەكو ئێستا 600 دانیشتووی ئەو گوندە بێسەروشوێنن.

ئیدیس كۆچۆ، كە لەگەڵ 30 كەس لە خزم و كەسە نزیكەكانی لەلایەن داعشەوە رفێنرابوو بە (رووداو)ی گوت: "هیچ ساتێك ناخۆشی و نەهامەتییەكانی نێو قوتابخانەی كۆچۆم لەبیر ناچێ، هەموومان لەنێو قوتابخانەكە كۆكراینەوە، دواتر من لەگەڵ 45 كەسی دیكە بردرام بۆ ئەوەی گوللەباران بكرێین، من چانسم هەبوو لە كاتی گوللەبارانكردنەكەدا بریندار بووم و دواتر توانیم خۆم رزگار بكەم".

 لە خێزانێكی 13 كەسی، تەنیا ئیدریس رزگار بووە. ئیدریس لەبارەی بڕیارەكەی حكومەتی عێراق بۆ قوتابخانەی گوندەكە، دەڵێت: "شتێكی باشە كە قوتابخانەی كۆچۆ بكرێتە مۆزەخانە، چونكە هێمایە بۆ ئەو كارەساتەی بەسەر كوردی ئێزدی هات".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە