رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای بزنس لاین، کە "هاوبەشێکی زێڕینی" سیستمی SAPـە لە عێراق، رایگەیاند، سیستمی SAP SuccessFactors بۆ کۆمپانیایەکی گەورەی عێراقی لە کەرتی ئۆتۆمبێل و ئامێرە قورسەکان جێبەجێ دەکات، ئەمەش بەمەبەستی بەدیجیتاڵکردن و مۆدێرنکردنی پرۆسەکانی بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکان.
ئەم پڕۆژەیە "بە هەنگاوێکی ستراتیژی" لە گەشەی دیجیتاڵیی عێراقدا دادەنرێت، کە لەڕێگەی سیستمێکی سەردەمی (کڵاود) ـەوە، کارەکان بۆ کۆمپانیاکە ئاسانتر دەکات، ئاستی کارکردنی فەرمانبەران بەرز دەکاتەوە و یارمەتیی بەڕێوەبەران دەدات بڕیاری زیرەکانەتر بدەن بەپشتبەستن بە داتا و زانیاریی راستەوخۆ.
نەبیل ئەحمەد، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بزنس لاین، لەبارەی پڕۆژەکەوە رایگەیاند: "جێبەجێکردنی سیستمی SAP SuccessFactors تەنیا ناساندنی تەکنەلۆژیایەکی نوێ نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە شێوازی بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکان بەپشتبەستن بە داتا."
نەبیل ئەحمەد گوتیشی: "ئێمە یارمەتیی کۆمپانیاکان دەدەین ستراتیژییەکانیان لەگەڵ ئامانجە بازرگانییەکانیاندا بگونجێنن، کارمەندەکانیان پەرەپێبدەن و خۆیان بۆ بازاڕی داهاتوو ئامادە بکەن. ئەمە هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی بەهێزتر بۆ عێراق."
سیستمەکە یارمەتیی باشترکردنی ئەرکە سەرەکییەکانی بەشی سەرچاوە مرۆییەکان (HR) دەدات، وەک دامەزراندن، راهێنانی کارمەندی نوێ، بەڕێوەبردنی ئاستی کارکردن و شیکردنەوەی داتا. هەروەها بنەمایەکی بەهێز بۆ فراوانکردنی بەدیجیتاڵکردن لە سەرانسەری بەشەکانی کۆمپانیاکەدا دادەڕێژێت.
لەلایەکی دیکەوە، عەلی مستەفا، بەڕێوەبەری بزنس لاین لە عێراق، رایگەیاند: "سیستمی SAP SuccessFactors یارمەتیی تیمەکانی HR دەدات زیرەکانەتر کار بکەن و خێراتر خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا بگونجێنن." ناوبراو جەختیشی کردەوە کە "ئەم پڕۆژەیە گرنگیدانی ئێمە بە پێشکێشکردنی چارەسەری زیرەک بۆ پشتگیریکردنی گەشەی بازرگانی و سەرکەوتنی کارمەندان نیشان دەدات."
کۆمپانیای بزنس لاین، کە بنکە سەرەکییەکەی لە شاری هەولێرە، هاوبەشێکی زێڕینی کۆمپانیای SAPـە لە عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 100 کڕیاری لە 20 کەرتی پیشەسازیی جیاوازدا بە چارەسەرەکانی ERP و کلاود یارمەتی داوە.
پێشبینی دەکرێت ئەم هەنگاوە رێگەخۆشکەر بێت بۆ بەکارهێنانی فراوانی سیستمی SAP SuccessFactors لە کەرتە گرنگەکانی دیکەی عێراقدا، وەک بەرهەمهێنان، فرۆشتنی تاکەکەسی، پەروەردە و کەرتی گشتی.
بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی سیستمی SAP SuccessFactors و خزمەتگوزارییەکانی گۆڕینی دیجیتاڵی بزنس لاین، کلیک بکەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ