رووداو هەولێر
تەرمی ژینا ئەمینی (مەهسا) لە تارانەوە گەیێندرایەوە شاری سەقز و لە گۆڕستانی شارەکە لە رێوڕەسمێکی جەماوەرییدا بە خاک دەسپێردرێت.
تەرمی ژینا بەرەبەیانی ئەمڕۆ گەیشتەوە سەقز و لەلایەن هەزاران هاونیشتمانییەوە پێشوازی لێکرا. خێزانی ژینا رێگربوون لە بەخاکپساردنی تەرمەکە لە کاتی گەیشتنیدا و بڕیارە دوای کاژێر 10:00ی ئەمڕۆ لە رێوڕسمێکدا بە خاک بسپێردرێت. ئێستا هەزاران کەس لە گۆڕستانی سەقز لە چاوەڕوانی بە خاکسپاردنی ژینادان.
ژینا ئەمینی ئێوارەی رۆژی سێشەممە 13-09-2022 لە وێستگەی حەقانیی میترۆی تاران لە لایەن پۆلیسی تارانەوە بە تۆمەتی "پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی" دەستبەسەرکرا، دواتر گوێزرایەوە بۆ گرتووخانەی پۆلیس لە شەقامی وەزیرانی تاران. ئەو کەسانەی لەگەڵ ژینا دەستبەسەرکرابوون بە میدیاکانیان راگەیاندووە، لە کاتی گواستنەوەی بۆ گرتووخانە، هێزەکانی پۆلیس لە ژینایان داوە و لە گرتووخانە دۆخی تەندروستی تێکچووە.
کەسوکاری ژینا تۆمەتی "پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی" ژینا رەتدەکەنەوە و دەڵێن، کچەکەیان باڵاپۆش بووە و لە نەخۆشخانە پێیان راگەیاندوون، گوایە جەڵتەی دڵ و مێشک لێی داوە.
موژگان ئەمینی، دایکی مەهسا پێشتر بە میدیاکانی راگەیاندووە، جلوبەرگی کچەکەی هیچ کێشەیەکی نەبووە و مانتۆیەکی درێژی لەبەردابووە و لەچکێکی گەورەی لەسەر بووە، بەڵام دیسانیش دەستبەسەرکراوە؛ ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاتی دەستبەسەرکردنی ژینادا براکەی لەگەڵیدا بووە و هێزەکانی پۆلیس لە براکەیان داوە بەهۆی ئەوەی ناڕەزایەتی دەربڕیوە دژی دەستبەسەرکردنی خوشکەکەی.
ژینا دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی 16-09-2022، لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران گیانی لەدەستدا. پزیشکان دەڵێن، گیانلەدەستدانی ژینا بەهۆی ئەوەوە بووە کە گورزێک بەر سەری کەوتووە و جەڵتە لێی نەداوە.
حیسام فەرەجیان، چالاکڤان سەقز لەمیانی بەشداریکردنی لە بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، خەڵکێکی زۆر هاتوون بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی بەخاک سپاردنەکەی. گوتیشی، "بڕیار وابوو کە لە کاژێر 10 بەولاوە تەرمەکەی بنێژن، بەرەبەیان تەرمەکەی گەیشتەوە سەقز، بەڵام بنەماڵەکەی نەیانهێشت زوو بەخاک بسپێردرێت، خەڵکێکی زۆر لەسەر گۆڕستان کۆبوونەتەوە."
ئەو چالاکڤانەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەبارەی چۆنیەتیی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی باسی لەوە کرد، وەک ئەوەی بڵاوبووەتەوە، گیانلەدەستدانی ژینا بەهۆی ئەوەوە بووە کە گورزێک بەر سەری کەوتووە، نەک تووشی سەکتە بووبێت یان تووشی جەڵتەیەک بووبێت.
حیسام فەرەجیان دەشڵێت، بەگوتەی ئەوانەی لە بواری پزیشکیدا زانیارییان هەیە، هەموویان گوتوویانە ئەو خوێنەی لە گوێچکەی ژینا بووە، "بەهۆی گورزێکەوە بووە کە بەر سەری کەوتووە. ئێستا لەنێو دامودەزگاکانیشدا دان بەوەدا دەنرێت کە بەڵێ گورزێک لەسەری دراوە."
وەکو لە وێنەدا بڵاوبووەتەوە، خوێن لە گوێی ژینادا هەبووە، ئەوانەی لە نزیکەوە ئاگاداری دۆسییەکەن دەڵێن، خوێنی گوێی ژینا بەهۆکاری ئەو گورزەوە بووە کە لەسەری دراوە.
ژینا ئەمینی بە گەشتێکی ئاسایی لەگەڵ بنەماڵەکەی چووبووە تاران، بە جلوبەرگێکی ئاساییەوە لەگەڵ براکەیدا بووە و پۆلیس بە تۆمەتی شیاونەبوونی جلوبەرگەکەی هەوڵی دەستگیرکردنی داوە، لەبەرامبەردا ژینا دەنگی بەرزکردووەتەوە و کاردانەوەی پیشانداوە، ئەوەش وەکو دەگوترێت کاردانەوەی پۆلیسی بەرامبەر تووندتر کردووە.
کەسوکارەکەی ژینا ئەمینی جەخت لەوەدەکەنەوە، ژینا ئەمینی وەکو 90%ی کۆمەڵگەی ئێران لە زۆر کەس باڵا پۆشتر بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ