رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەولێر بەغدا لەبارەی داهاتی نانەوتی و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی پەسندکرد. سەرۆکی حکومەت جەختدەکاتەوە کە "هەرێمی کوردستان تەواوی پابەندییەکانی بە زیادەوە جێبەجێ کردووە."
رۆژی چوارشەممە، 17ـی ئەیلوول، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لەبارەی دوایین راپۆرت و لێکتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر داهاتی نانەوتی و هەناردەکردنەوەی نەوت ئەنجام دا، لە کۆبوونەوەکە چەند بڕیارێک دران.
دوای پەسندکردنی لێکتێگەیشتنەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو ئەرک و پابەندییە دەستوورییەکانی بە زیادەوە جێبەجێ کردووە و هەموو نەرمییەکی نواندووە بۆ نەهێشتنی هەموو ئەو کێشە و ئاستەنگ و بەربەستانە تەکنیکییانەی کراونەتە بیانوو بۆ نەناردنی مووچە، بۆیە نابێت چیدی ئەم بابەتانە، ببنە رێگر لەبەردەم خەرجکردنی مووچەی مووچۆخۆرانی هەرێمی کوردستان کە مافێکی یاسایی و رەوای خۆیانە مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بنێردرێت."
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، لە راپۆرتێکدا وردەکاریی دواپێشنیازی هاوبەشی هەردوو حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی کوردستانی خستووەتەڕوو سەبارەت "بە پەلەکردن لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندکرابوو.
لە راگەیێندراوەکەی حکومەت دا هاتووە: "بە پێی ئەم لەیەکگەیشتنە نوێیە، سەرەڕای پشتگیری لە جێبەجێکردنی بڕیاری پێشووتری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەردوولا، کە تەواوی نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێم[ی کوردستان] رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات (جگە لە بڕی بەکارهێنانی ناوخۆ)، ئەم قۆناخەش لەسەر واژۆکردنی رێککەوتننامەی سێقۆڵی بۆ هەناردەی نەوت وەستاوە، بەڵام دانووستانەکان بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیانەو بینیوە و چاوەڕوان دەکرێت، لە کۆتایی ئەم هەفتەیە، ئەو رێککەوتننامەیە گەڵاڵە بکرێت."
تا کاتی واژۆکردنی رێککەوتننامەی سێقۆڵیش، "هەرێمی کوردستان بەشەنەوتی خۆی رادەستی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ دەکات."
ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیری سامانە سروشتیيەکان و شاندی دانوستانکاری راسپارد، رێکاری پێویست بگرنەبەر و "پێویستە حکومەتی فیدڕاڵیش لە بەرانبەردا، پابەندیی خۆی لە ناردنی مووچە دەستبەجێ جێبەجێ بکات."
لەبارەی دۆسیەی داهاتی نانەوتی و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ ئەنجومەنی دەوڵەت، ئەنجوومەنی وەزیران جەختیکردەوە لەسەر تێڕوانینی دەستووری و یاسایی خۆی لەسەر پۆڵێنکردنی داهاتە نانەوتییەکان و دەستنیشانکردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی کە پشت بە ماددەکانی (12/دووەم-د) و (21/دووەم) لە یاسای بوودجەی فیدڕاڵیی و ماددەی 29 لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدڕاڵی و بڕگەی سێیەمی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی ژمارە 224 لە 2024/2/21 دەبەستێت.
حکومەت دەڵێت: "هەمووی یاسا و بڕیاری فیدراڵیین و بە دەقی روون و ئاشکرا، پۆڵینی داهاتە ناوخۆییەکانی کردووە و بەشی هەر یەک لە گەنجینەی فیدراڵیی و هەرێم[ی کوردستان]یشی دەستنیشانکردووە وەک لە دوا یادداشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دا هاتووە و بە فەرمی پێشکێش بە حکومەتی فیدراڵ کراوە.
لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، وردەکاریی زیاتر لەبارەی گفتوگۆکانی ئەم دواییەی لایەنە تەکنیکی و یاساییەکانی هەولێر و بەغدا لەلایەن ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و کەمال محەممەد، وەزیرانی سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت خرانەڕوو.
ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازیکرد لە بڕیاری هاوبەشی هەردوولا [هەولێر و بەغدا] لەبەرامبەر "ئەو پێشڤەچوونانە" دواتر جەختیکردەوە کە "پێویستە دارایی فیدراڵ دەستبەجێ مووچەی مانگی تەمموز و ئابی ساڵی 2025ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات، بۆ لەمەودواش هاوشێوەی بەشەکانی دیکەی عێراق مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەکو هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵ تەواوی مووچەکانیان لە کاتی خۆی وەربگرن."
بەشێکی دیکەی گفتوگۆی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەتکرابوو بە رێکارە داراییەکان لە نێویشیاندا بابەتی باجەکان لەنێوان هەردوو حکومەتدا "ئەویش بە رەچاوکردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییە دەستوورییەکانی هەرێم[ی کوردستان] وەک لە دەستووری هەمیشەیی عێراق جێگیر کراوە."
لەوبارەیەوە کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میریی هەرێمی کوردستان کە بۆ ئەم بڕگەیە میوانداریی کۆبوونەوەکە کرابوو، چەند پێشنیار و راسپاردەیەکی هاوبەشی تایبەت بە رێکار و رێنوێنییەکانی باج و رێژەکانیان خستەڕوو کە پێشتر لەگەڵ دەستەی گشتیی باجەکانی عێراق گفتوگۆیان لەسەر کردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان: "ئەنجوومەنی وەزیران هاوئاهەنگیی و هاریکاریی فەرمانگە و دامەزراوەکانی باجی لە حکومەتی فیدراڵ و هەرێم[ی کوردستان] بە گرنگ زانی و پشتیوانی لێ دەکات. لە هەمان کاتدا، ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی فیدراڵی، مافی پیادەکردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییە داراییە دەستوورییەکانی خۆی هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی و ئابووری و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەکانی هەرێمی کوردستانی راسپارد کە بەم ئاراستەیە و لە چوارچێوەی دەستوور، پەرە بە هاوئاهەنگی، هاریکاری و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵ بدەن."
دەستپێکی ساڵێکی نوێی خوێندنی 2025-2026 یەکێکی دیکە بوو تەوەری کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران. ئالان حەمە ساڵح، وەزیری پەروەردە راپۆرتێکی تایبەتی لەوبارەیەوە خستەڕوو.
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بە ئامادەکارییەکان بۆ ساڵی نوێی خوێندن کرد و چەند پێشنیازێکیشی خستە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران بۆ سەرخستنی پلانی وەزارەتەکە.
ئەنجوومەنی وەزیران دەستخۆشیان لە وەزیری پەروەردە و سەرجەم مامۆستا و فەرمانبەر و کارمەندانی وەزارەتەکەی کرد بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان، کە "سەرەڕای نالەباری بارودۆخی دارایی و ئابووری ئەم چەند ساڵە، بە تایبەتیش کێشەی دواکەوتنی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران و مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە، بەڵام وەزارەتی پەروەردە بە هەموو پێکهاتە و هێزی مرۆیی وەزارەتەکە، بە پشتیوانیی حکومەت و رێکخراوە نيودەوڵەتی و ناوخۆییەکان و پشتیوانیی کەرتی تایبەت، بەرەوپێشچوونی باشی لە رووی راهێنانی مامۆستایان و بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزاریی فێرکردن و چاپکردنی کتێبی نوێ و کردنەوەی قوتابخانەی نوێ و نۆژەنکردنەوەیان و زیادکردنی ژوورەکانی پۆلی خوێندن و رێکخستنەوەی میلاکات ئەنجام داوە."
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، ساڵیادی کۆمەڵکوژیی گوندی سۆریا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کرایەوە و بە "رێز و شکۆوە، یادی شەهیدانی ئەو کارەساتەی کردەوە کە ساڵی 1969، لەلایەن رژێمی پێشووی عێراق، خەڵکی گوندەکە لە کریستیان (کلدان) و موسڵمان، کومەڵکوژ کران."
داواش لە حکومەتی فیدراڵ کرا کە قوربانیيانی ئەم تاوانە و هەموو قوربانییانی دیکەی دەستی رژێمی عێراق، قەرەبوو بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ