رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی "رووناکی" راگەیاند کە ئامانج لێی، دابینکردنی کارەبای 24 کاژێرییە بۆ هەموو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان.
رۆژی پێنجشەممە، 17-10-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی سەردانێکی بۆ گەڕەکی شادی لە شاری هەولێر، پڕۆژەیەکی بەناوی (پڕۆژەی رووناکی) راگەیاند. ئامانجی پڕۆژەکە بریتییە لە "دابینکردنی کارەبای 24 کاژێریی نیشتمانییە بۆ هەموو هەرێمی کوردستان."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "پێش سێ مانگ، وەک قۆناغێکی ئەزموونی بۆ ئەم پڕۆژەیە، گەڕەکی شادی هەڵبژێردرا، بۆ ئەوەی بزانین تا چەند پڕۆژەکە سەرکەوتوو دەبێت. ئەمڕۆ سەردانی چەند ماڵ و خاوەنکارێکم کرد و زۆر رازی بوون لەوەی کارەبای نیشتمانی 24 کاژێرییان بۆ دابینکراوە."
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شاری هەولێر، ئەم خزمەتگوزارییە بۆ هەموو ناوچە و شار و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت. ئێستاش چەند گەڕەکێک لە شاری سلێمانی و دهۆک دەستنیشان کراون بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، بۆیە داوا لە دەسەڵاتی خۆجێی کراوە کە هاوکار بن و رێکارەکان بگرنەبەر بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژەیە لەوێ و پاشان پارێزگای دهۆک و سەرجەم هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت.
مەسرور بارزانی هەروەها گوتی: "جگە لە گەڕەکی شادی کە وەکو یەکەم گەڕەکی هەولێر بۆ قۆناخی ئەزموونی پڕۆژەکە پێشنیاز کرا، لە قۆناخی دووەم و جێبەجێکردنی سەرتاسەری پڕۆژەکەدا، لە بەیانیيەوە (گەڕەکی نازناز) و پاشانیش (گەڕەکی بەختیاری) دەچنە سەر کارەبای 24 کاژێری."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ