رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی کاروباری ئاوارە و پەنابەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی هێرشی سووپای عەرەبیی سووریاوە، مەترسی لەسەر کەمپەکانی هۆل و رۆژ و زیندانەکانی داعش لە رۆژئاوای کوردستان دروستبووە. هۆکاری هەر رووداوێکیش دەخاتە ئەستۆی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
شێخموس ئەحمەد، هاوسەرۆکی کاروباری ئاوارە و پەنابەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی هێرشەکانەوە مەترسی لەسەر کەمپی هۆل لە حەسەکە و کەمپی رۆژ لە دێرکا حەمکۆ دروستبووە."
هەردوو کەمپەکە ماڵباتی چەکدارانی داعشی تێدان و دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەتەوە، کە هێزە ئەمریکییەکان پاراستنی کەمپەکانیان گرتبێتە ئەستۆ.
هاوسەرۆکی کاروباری ئاوارە و پەنابەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گوتی، "گۆڕانکاری رووینەداوە، پێشتریش کەمپەکان ناوەوەیان لەلایەن ئاسایشی نێوخۆ و دەرەوەشی لەلایەن هەسەدە و هێزەکانی هاوپەیمانانەوە پارێزراوە و ئێستاش هەروایە."
بە گوتەی شێخمووس ئەحمەد، "ئەو زیندانییانەی داعشیان تێدا بەند کراوە لەلایەن هەسەدە و هێزەکانی هاوپەیمانانەوە دەپارێزرێن."
هاوسەرۆکی کاروباری ئاوارە و پەنابەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گوتی، "بەهۆی هێرشەکانی چەکدارەکانی تەحریر شام [بەشێکی سەرەکین لە حکومەتی کاتیی سووریا]وە مەترسی جیدیی لەسەر کەمپەکان و زینداکانی چەکدارانی داعش دروست بووە، چونکە ئەوانەش هێرش دەکەن هەر وەکو داعشن."
شێخ مووس ئەحمەد گوتی، "هەر رووداوێکی نەخوازراو لە کەمپەکان رووبدات هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەرپرسیارن، چونکە تاوەکو ئێستا بێدەنگن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ