كۆشكی سپی بەڵێن دەدات پارتی و یەکێتی لە لیستی رەش دەربهێنێ

18-02-2014
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن پارتی یەکێتی کۆشکی سپی
A+ A-
هارڤەی مۆریس
رووداو - لەندەن

ئیدارەی ئۆباما بەڵێنی داوە بەخێرایی كار لەسەر یەكێك لەو كێشانە بكات كە لە نێوان واشنتن و حكومەتی هەرێمی كوردستاندا سەری هەڵداوە. واشنتن بەڵێنی داوە ناوی دوو پارتە دەسەڵاتدارەكەی كوردستان لە لیستی رەش دەربهێنێ. 
بەڵێنەكەی واشنتن دوای ئەوە دێت كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی، لەم مانگەدا بەرنامەی سەردانێكی بۆ واشنتن هەڵوەشاندەوە. 

هەندێك كەس و لایەن ئاماژەیان بەوە كرد كە دواكەوتنی سەفەرەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیوەندی بە هێشتنەوەی ناوی دوو پارتە دەسەڵاتدارەكەی كوردستانەوە هەبووە لە لیستی رەشی ئەمریكادا.

لەم هەفتەیەدا ئەو مەزەندەیە پشتڕاست كرایەوە و كاربەدەستێكی پلە بەرزی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش رایگەیاند كە بارزانی سەردانی واشنتن ناكات تا ئەوكاتەی كە ئەو كێشەیە چارەسەر دەكرێت.

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە زاری فەلاح مستەفا، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانەوە رایگەیاند كە ئەوان دیپلۆماتكارانی ئەمریكایان ئاگادار كردووەتەوە لەوەی بارزانی لەگەڵ ئۆباما كۆنابێتەوە تا ئەوكاتەی ناوی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لەو لیستە دەردەهێنرێت.

رۆژنامەكە لەزاری فەلاح مستەفاوە دەگوازێتەوە كە "پۆلێنكردنی پارتی و یەكێتی كارێكی ناعادیلانەیە و لە رووی سایكۆلۆژییەوە كاریگەری خستووەتە سەر خەڵكی هەرێمی كوردستان".

فەلاح مستەفا لە ئیمەیڵێكدا بۆ (رووداو) رایگەیاند كە سەرۆك بارزانی بڕیاری داوە سەردانی ئەمریكا نەكات تا ئەو كاتەی ئەم كێشەیە چارەسەر دەكرێت.
هەفتەی رابردوو ئەم بابەتە لە كۆنگرێسی ئەمریكا لەلایەن لیژنەی كاروباری دەرەوە تاوتوێكرا و سەرۆكی لیژنەكە ئێد رۆیەس رایگەیاند كە دەرنەكردنی ناوی ئەوانەی سەقامگیریی ناوچەكەیان پاراستووە و دڵسۆزی ئەمریكا بوون لەو لیستە لەماوەی ساڵانی رابردوودا "كارێكی نابەجێیە".

ئێد رۆیەس هەروەها گوتی كە هاوپەیمانە كوردەكانی واشنتن كەوتوونەتە بەر هەڵمەتی "تەڕ و وشك پێكەوە سووتاندن"ی یاسای نیشتیمانپەروەرانی ئەمریكا (US Patriot Act) . ئەو یاسایەی كە هەرزوو دوای هێرشەكانی ئەلقاعیدە لە 11ی سێپتێمبەری 2001 تێپەڕێندرا. رۆیەس گوتی كە ئەو یاسایە بە "بەشێوەیەكی نا ئەنقەستانە" پارتی و یەكێتی وەكو "تیرۆریست" لەقەڵەمداوە.
پارتی و یەكێتی دەكەونە ژێر بەشی سێیەمی یاساكەوە، ئەو بەشەی ناوی هەموو ئەو گرووپ و كەسانەی تێدایە كە رۆژێك لە رۆژان چەكیان دژی هەر حكومەتێك، ئیدی هەرچەندە سەركوتكەر بووبێت، هەڵگرتووە.

ئەو یاسا توندە بەو مانایە دێت كە تەنانەت نێلسۆن ماندێلا رێبەری كۆچكردووی ئەفریقای باشووریش لە ماوەیەكی دیاریكراودا بە فەرمی مافی چوونە نێو خاكی ئەمریكای نەبووە. ئەم یاسایە كاری كردووەتە سەر ئەو كەسانەش كە داوای مافی پەنابەرییان لە ئەمریكا كردووە، یان هەوڵیانداوە وەكو ئاوارە بچنە ئەمریكا.

لە وتەیەكیدا لەبەردەم لیژنەكەی كۆنگرێس لە هەفتەی رابردوودا، برێت مەكگورك، یاریدەدەری جێگری سكرتێری كاروباری ئێران و عێراق گوتی كە پارتی و یەكێتی پێویستە بە زووترین كات لەو لیستە بهێنرێنە دەرەوە.\

مەكگورك كە بە نوێنەرایەتی ئیدارەی ئۆباما لە كۆنگرێس قسەی دەكرد، بە ئەندامانی كۆنگرێسی راگەیاند "پێمانوایە زۆر گرنگە و ئێمە لە سەدا سەد پشتگیری یاسایەكی دەستبەجێ دەكەین تا ئەو كێشەیە چارەسەر بكات".

مەكگۆرك روونیكردەوە كە لە دەسەڵاتی ئۆبامادا نییە بە نوكە قەڵەمێك ئەو كێشەیە چارەسەر بكات، بەڵكو دەبێت كۆنگرێس یاسای نیشتمانیی ئەمریكا هەموار بكات. ئەوەشی راگەیاند كە ئیدارەی ئۆباما ئامادەیە هاوكاری لیژنە پەیوەندیدارەكانی كۆنگرێس بكات تا ئەو یاسایە هەموار بكرێ.

گرنگیدان بە چارەسەركردنی ئەم كێشەیە كە زیاتر لە 10 ساڵە بەردەوامی هەیە، ئەوە پێشان دەدات كە واشنتن هێشتا هەموو بیری لای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

وتەكانی مەكگۆرك لە كۆتایی دانیشتنێكی كۆنگرێسدا هات دەربارەی سەرهەڵدانەوەی رێكخراوی ئەلقاعیدە لە عێراق و هەڕەشەكانی بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا.

رۆیەس، سەرۆكی لیژنەكە جەختی لەسەر ئەوە كرد كە ئەمریكا پێویستە رێگرەكانی بەردەم پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان لاببات. ئەو گوتی "لە كاتێكدا كە ئەلقاعیدە و گرووپە هاوشێوەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكەدا بڵاودەبنەوە، ئەمریكا پێویستە ئاگای لە پەیوەندییەكانی بێت لەگەڵ ئەوانەی كە تا ئێستا وەكو هاوپەیمان لەگەڵ ئەمریكا لەو ناوچەیەدا ماونەتەوە".

كورد لەوانەیە پرسیار بكەن و بڵێن بۆ دەركردنی ناوی كورد لە لیستی رەش هێندەی پێدەچێت. لە مێژە واشنتن ئاگای لە خەباتی رزگاریخوازی كورد لە عێراق هەیە. زۆر لە پێش ئەو كاتەی كە ئەم یاسایە تێپەڕێندراوە.

كاتێك كە بەرپرسە باڵاكانی كورد لە سەرەتای 1991 چوونە واشنتن، هەر چەند رۆژێك دوای ئەوەی كە سەدام لە كوەیت وەدەرنرابوو، ئەوكات رێگری لە بەرپرسە كوردەكان كرا بچنە نێو حەرەمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا.

ئەوكات كاربەدەستانی ئەمریكا گوتیان كە رێگەدان بە هاووڵاتی عێراقی، ئیدی كورد بێت یان نا، شكاندنی ئابڵوقەی سەر سەدام حوسێنە. هەرچەندە بەرپرسە كوردەكان زۆر لە مێژبوو دژایەتی ئەو رژێمەیان دەكرد كە ئەمریكا ئابڵوقەی خستبووە سەر.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە