سێزدە بەربژێری کورد لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی هۆڵەندا بەشدارن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان لە هۆڵەندا بەڕێوەدەچێت و 13 بەربژێری کورد لەنێو پارتە سیاسییە جیاوازەکاندا کێبڕکێی بۆ بەدەستهێنانی کورسیی نوێنەرایەتی دەکەن. 
 
رۆژی چوارشەممە، 18ـی ئایاری 2026، پرۆسەکە بەرێوەدەچێت.
 
ئەو بەربژێرانە کە خەڵکی پارچە جیاوازەکانی کوردستانن، لە چەندین شاری گرنگ خۆیان پاڵاوتووە؛ لەوانە هێمن حەوێزی، وەک بەربژێری ژمارە 2ـی پارتی کریستیان دیموکرات لە شاری زۆترمێر، سایە عومەر بلە، بە ژمارە 7 لە شاری هارلیم، سەمیر شەریف، بە ژمارە 25 لە شاری دێنهاخ، چنوور زاگرۆس، بە ژمارە 31 لە شاری ئایندهۆڤن، لەگەڵ نزیکەی 10 بەربژێری دیکە لە شارە جیاوازەکان.
 
سەمیر شەریف، کە گەنجێکی کوردی لەدایکبووی هۆڵەندایە، بە تۆڕی میدیای رووداوی گوت، بەهۆی بوونی ڕەوەندێکی گەورەی کوردی لە شارەکانی هۆڵەندا، پێویستە کورد نوێنەری خۆی لە ئەنجوومەنەکاندا هەبێت. 
 
هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی سیاسیی شاری دەنهاخ کرد، کە خۆی لەوێ بەربژێرە وئەو شارە ناوەندی بڕیارە لە هۆڵەندا، داوای لە کوردانی ئەو شارەکە کرد بەشدارییەکی کارا بکەن.
 
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان لە هۆڵەندا گرنگیی لەوەدایە، دەسەڵاتی شارەوانییەکان لە هۆڵەندا ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ژیانی رۆژانەی خەڵکەوە، بەتایبەتی لە بوارەکانی خانووبەرە، ڕێگەوبان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان، کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە