رووداو دیجیتاڵ
لە نزیک بەنداوی خاسە لە رۆژهەڵاتی کەرکووک، تەرمی کچێکی تەمەن نزیکەی 22 ساڵ بە پارچەپارچەکراوی دۆزرایەوە؛ پۆلیسی شارەکە دەڵێت، ناسنامەی دیار نییە و تەرمەکەی شێوێندراوە.
رۆژی چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، لەسەر رێگەی بەنداوی خاسە تەرمی کچێک دۆزرایەوە کە بە شێوەیەکی "دڕندانە" کوژراوە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، سەری کچەکە لە جەستەی جیاکراوەتەوە و دەست و قاچەکانیشی بڕدراونەتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان ئەو کچە تەمەنی لە نێوان 20 بۆ 22 ساڵاندایە و هیچ ناسنامەیەکی پێ نییە. هەروەها بکوژان هەوڵیانداوە ناسنامەکەی بشارنەوە، چونکە نیشانەیەکی دیار کە تاتۆیەک بووە لەسەر دەستی، بە چەقۆ هەڵکۆڵراوە و شێوێندراوە.
عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند: "بەڵێ، تەرمەکە دۆزراوەتەوە و تیمەکانمان دەستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد کردووە بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی قوربانییەکە و دۆزینەوەی بکەرانی ئەم تاوانە."
دوای ئاگادارکردنەوەیان لەلایەن شایەتحاڵەکانەوە، تیمەکانی لێکۆڵینەوەی تاوانی بنکەی ئازادی و بنکەی قەرەهەنجیر گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە. تاوەکو ئێستا هۆکاری پشت ئەم تاوانە و ناسنامەی کچەکە بە فەرمی رانەگەیێندراوە و تەرمەکە رەوانەی دادپزیشکی کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ