رووداو دیجیتاڵ
بە دروشمی "نەورۆزی ئازادی و یەکێتیی دیموکراسی"، بە هەزاران کەس لە ناوچەی قۆسەری سەر بە پارێزگای مێردین ئاهەنگی نەورۆزیان گێڕا. پەیامی سەرەکیی بەشداربووان و سیاسەتڤانان بۆ ئەمساڵ، پێداگری بوو لەسەر پرۆسەی ئاشتی و دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد.
خەڵکی قۆسەر بە جلی کوردییەوە رژانە گۆڕەپانەکە، ئاگری نەورۆزیان کردەوە و بە جۆش و خرۆشێکی گەورەوە پێشوازییان لە بەهار کرد. نوێنەرانی رێکخراوە مەدەنییەکان، پارتە سیاسییەکان و خەڵکی ناوچەکە، لە حەوت ساڵانەوە تاوەکو حەفتا ساڵان لە دەوری ئاگر کۆبوونەوە. سەرەڕای بەرۆژووبوون و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، هاووڵاتییان بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر گۆڤەندیان گێڕا و بە هەلهەلە و دروشم، دیمەنێکی رەنگینیان خولقاند.
بەشداربووانی نەورۆزی قۆسەر چەندین پەیام و خواستی جیاوازیان هەبوو. هاووڵاتییەک دڵخۆشیی خۆی دەربڕی و گوتی: "بۆ من نەورۆز ژیانە. نەورۆز لە هەموو گەلی کورد و کوردستان پیرۆز دەکەم." بەشداربوویەکی دیکەش هیوای خواست: "هیوامان لە نەورۆز، ئاشتی و برایەتییە. با گەلی کورد تەبا بن و دەست لە یەکتر بەرنەدەن."
یەکێکی دیکە لە بەشداربووان داوای وەستانی شەڕی کرد و گوتی: "با ئەم شەڕە بوەستێت، با چیتر ئەم خوێنە نەڕژێت، با چیتر کۆرپە لە باوەشی دایکیاندا نەکوژرێن. ئێمە ئاشتی و چاکەمان دەوێت، داوای شتی باش دەکەین."
هاووڵاتییەکی دیکەش بە هۆنراوەیەکی جگەرخوێن پەیامی دا و گوتی: "جگەرخوێن دەیگوت: 'ببنە یەک، ئەگەر نەبنە یەک، دەفەوتێن یەک بە یەک'. ئێمە ئێستا هەموومان بووینەتە یەک ئینشەڵا. ئێمە چیتر ئەم زوڵمەمان ناوێت، ئێمەی کورد بێ رەسەن نین. ئیتر هیچ شتێکمان نەماوە لە دەستی بدەین."بەشداربوویەکی دیکەش بە رووداوی گوت : "ئەم نەورۆزە بۆ ئێمە نەورۆزی یەکێتییە. ئەم نەورۆزە هەست و بیری یەکگرتووییمان پێ دەبەخشێت."
لە ئاهەنگی نەورۆزی قۆسەردا، ئەو سیاسەتڤانانەی بەشدار بوون ئاماژەیان بە پرۆسەی ئاشتی کرد و سەرنجیان خستە سەر داواکارییەکانی ئازادی و دیموکراسی.
بێریتان گونەش، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە مێردین رایگەیاند: "ئێمە ناسنامەی خۆمان، پێگەی زمانەکەمان و داهاتووی خۆمان دەوێت. دەبێت بە زووترین کات یاساکانی ئاشتی و ئازادی لە پەرلەمانەوە دەربچن."
لەلایەکی دیکەوە، دەوریم دەمیر، هاوسەرۆکی شارەوانیی گەورە شاری مێردین گوتی: "بە هیوای ئەوەین ئەم نەورۆزە ببێتە هەوێنی هەندێک گۆڕانکاری و هاویشتنی هەنگاوی کردەیی بۆ ئازادی و هەموو مافەکانی کورد. سەرەڕای هەموو بارودۆخە سەخت و نەرێنییەکان، ئێمە هێشتا بە پرۆسەکە گەشبینین."
هەروەها هالیت کاراهان، سەرۆکی لقی دەم پارتی لە قۆسەر جەختی کردەوە: "بوونی کورد قبوڵ کراوە، بەڵام کورد ئازاد نییە. هەر بۆیە داواکاریی سەرەکیمان ئازادییە."
سەرەڕای ئەوەی کە مانگی رەمەزان بوو و خەڵک بەڕۆژوو بوون، ئاهەنگی نەورۆزی قۆسەر تاوەکو درەنگانی ئێوارە بەردەوام بوو و لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی بەربانگ، ئاهەنگەکە کۆتایی هات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ