رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان 5 "رێنمایی و هۆشداریی کۆتایی" ئاراستەی سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندنی ناوخۆیی و بیانی دەکات. لە خاڵێکیاندا دەڵێت، وێنەگرتن و بڵاوکردنەوەی دیمەنی تێکشکاندنی درۆنەکان لە ئاسمان و پیشاندانی پاشماوەکانیان قەدەخەیە.
فەرمانگەکەی سەر بە حکومەت ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی ئەو بارودۆخە ئەمنی و هەستیارەی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت و لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، ئەو "رێنمایی و هۆشدارییە کۆتاییانە"یان ئاراستەی سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن (ناوخۆیی و بیانی) کردووە.
دەقی رێنمایی و هۆشدارییەکان:
یەکەم: بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە زانیاری و نهێنییەکی سەربازی کە خزمەت بە نەیارانی کوردستان بکات و زیان بە ئاسایشی هەرێمی کوردستان بگەیێنێت، بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە.
دووەم: وێنەگرتن یان بڵاوکردنەوەی دیمەنی تێکشاندنی درۆنەکان لە ئاسماندا یان پیشاندانی پاشماوەکانیان قەدەخەیە، چونکە زانیاریی تەکنیکی و مەیدانیی هەستیار دەداتە دووژمن.
سێیەم: دەرخستنی شوێنە بەئامانجگیراوەکان یان وێنەگرتنی دامەزراوە سیادی و ئەمنییەکان دەستبەجێ دوای رووداوەکان قەدەخەیە.
چوارەم: هۆشداری دەدەین کە هەر دەزگایەکی راگەیاندن پابەندی ئەم رێنماییانە نەبێت، یان بە شێوازێکی ناپیشەیی رووماڵی هەواڵەکانی شەڕ و پەلامارەکان بکات، دەستبەجێ لەلایەن دژەتیرۆری کوردستانـەوە رووبەڕووی لێپێچینەوە و سزای یاسایی دەبێتەوە.
پێنجەم: بەرامبەر سەرپێچیکاران، رێکاری یاسایی و کارگێڕیی تووند دەگیرێتەبەر، کە دەگاتە کێشانەوەی مۆڵەتی کارکردن یان داخستنی هەمیشەیی، بەپێی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم لە 13ی ئاداری 2026.
هاوکات حکومەتی هەرێمی کوردستان داواش لە سەرجەم میدیاکاران دەکات، "بەرژەوەندییە باڵاکان لەبەرچاو بگرن و بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ