رووداو - هەولێر
دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان رێز لەو گەنجە دەگرێت کە لە سێیەم رۆژی جەژندا لەپێناو رزگارکردنی ژنە گەشتیارێکی عەرەب، گیانی لەدەستدا و، وەكو سیمبولی قوربانی و میواندۆستی و رێزگرتن لە گەشتیار سەیری دەكات، هەروەها هۆڵی سەنتەری راهێنانی گەشتیاری لە شاری هەولێر بەناوی ئەوەوە دەکات.
لە راگەیەندراوێکدا دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، لەكاتێكدا هەواڵی خنكانی گەشتیارێك و هاووڵاتی جەبار عوسمان لە ناوچەی باڵەكایەتی لە رووباری چۆمان لە نزیك گوندی بەرسیرین بڵاوبووەوە، بووە مایەی نیگەرانی و هاوخەمیمان بۆ بنەماڵەی هەردوو قوربانی، سەرەڕای هاوخەمیمان جەخت لەوە دەكەینەوە "گەشتیاران پێویستە پابەندی رینماییەكانی بەرگری شارستانی و شوێنەكانی گەشتیاری بن و، روو لەو شوێنانە نەكەن كە مەترسیدارن و ژیانی مرۆڤ دەخەنە مەترسیەوە.
لەبەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە "رووداوی خنكانی هاووڵاتیێكی هەرێمی كوردستان لەپێناو رزگاركردنی گیانی گەشتیارێكی میوان، رووداوێكی كەموێنەیە و پڕاوپڕە لە هەستی مرۆڤایەتی و، رێزگرتن لە میوان و گەشتیار، چونكە لە كاتی خنكانی ئافرەتە گەشتیارەكەدا، كوڕەكانی خۆی لەوێ ئامادەبوون، بەڵام جەباری تەمەن 19 ساڵ و جوانەمەرگ خۆی كردووەتە قوربانی، ئەمە ئەو راستیەیە كە خزمەتكردنی میوان و پاراستنی گیانی میوان لە هەڕەشە و مەترسی لە كۆنەوە تایبەتمەندیكی كۆمەڵگەی كوردەواری بووە و لە كولتووری كوردی رەنگیداوەتەوە".
لەکۆتایی راگەیەندراوەکەدا دەستەی گشتیی گەشتوگوزار جەختدەکاتەوە لەوەی "دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان لە كاتێكدا پرسەنامە ئاراستەی هەردوو بنەماڵە دەكات، هاووڵاتی جەبار عوسمان ئەحمەد وەكو سیمبوولی قوربانیی میواندۆستی و، رێزگرتن لە گەشتیار سەیر دەكات و، بڕیار دەدات هۆڵی سەنتەری راهێنانی گەشتیاری لە شاری هەولێر وەكو ریزگرتن بەناوی جەبار عوسمانەوە بكات و، بیكاتە سومبلی قوربانیی میوانداری".
رووداوەکە چۆن روویدا؟
خێزانێکی عەرەب بۆ گەشتکردن روویانکردووەتە گوندی بەرسیرینی سەر بە قەزای رواندز، ژنێکی خێزانەکە لەسەر کورسییەک لەنێو ئاو دانیشتووە بەڵام کورسییەکە خزاوە و ئاو بردوویەتی، هەرچەندە کوڕی خۆی لە گەشتەکەدا لەگەڵی بوون، بەڵام بەگوتەی شایەدحاڵان نەچوون فریای بکەون.
بەگوتەی سەرکار عوسمان، برای جەبار عوسمان بۆ رووداو، براکەی لەسەربان خەوتووە کاتێک گوێی لە هاوتوهاواری ئەو خێزانەبووە، خێرا خۆی هەڵداوەتە نێو ئاوەکە بۆ ئەوەی رزگاری بکات، بەڵام هەردووکیان خنکاون.
مام و برای جەبار دوای رووداوەکە قسە بۆ رووداو دەکەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ