هیڤیدار ئەحمەد و سۆران بەهائەددین
رووداو- دووكان
كەلكان ئەو گوندەیە، كە مام جەلالی تێدا لەدایكبووە، گوندەكە دەكەوێتە قەدپاڵی گردێك و ئێستا تەنیا سێ ماڵی تێدا ماوە. ئەوانەی لەو گوندە دەژین، هەموو ئاماژەیان بۆ بەردێك دەكرد و دەیانگوت مام جەلال لە ژێر كەپرێك لە تەنیشت ئەو بەردە لەدایكبووە، خزمێكی مام جەلال دەڵێت "7ساڵ لەمەوبەر گوتی خانوویەك لە شوێنی لەدایكبوونی خۆم دروستدەكەم، بەڵام هێشتا دەرفەتی ئەوەی نەبووە".
گوندی كەلكان، سەر بە شارۆچكەی دووكانە، كە 78 كیلۆمەتر لە سلێمانی دوورە، گوندەكە كەوتووەتە قەدپاڵی دوو گردی بەرامبەر بەیەك كە جۆگەلە ئاوێك بەنێوانیاندا تێدەپەڕێت، ئەو جۆگەلەیە 5 كیلۆمەتر دەبڕێت و تێكەڵی ئاوی زێی بچووك دەبێت. لەو گوندەوە دەڕوانییە بەرزاییەكانی چیای قەندیل و ئاسۆس، ئەو لایەی كە دەڕوانێتە سەر زێی بچووك، ماڵی شێخەكانی كەسوكاری مام جەلالی لێبووەو لایەكەی دیكەی خەڵكی جوتیاری گوندەكەی لێ نیشتەجێبوون.
گوندەكە بە تەواوی خاپوور بووەو هیچی نەماوە، لە رێگەی سەرەكییەوە دەبێ نزیكەی دوو كیلۆمەتر بە رێگەیەكی خۆڵدا بڕۆیت تاوەكو دەگەیە ئەو سێ ماڵەی تێیدا ماون.
كاروان عەلی، 25 ساڵ، لەگەڵ ماڵی برایەكی و ماڵی باوكی لەو گوندە نیشتەجێن و كاری مەڕداری دەكەن، كاروان دەیگوت "ناوە ناوە چەند كەسێك دێن و وێنەی یادگاری لەم شوێنە دەگرن، یان دەڵێن ئەوانە نوێنەری مام جەلالن هاتوون، بەڵام لە ژیانی خۆمدا مام جەلالم لێرە نەبینیوە، هەوڵیشمانداوە بچین بۆ لای یان ئەو بێت بۆ گوندەكە، بەڵام نەكراوە".
"ئێمە كشتوكاڵمان دەكرد ئەوان سیاسەت"
كاروان شانازی بەوەدەكات، كە مام جەلال لە گوندەكەی ئەوان لەدایكبووەو دەڵێ "كاتی خۆی ماڵی باب و باپیرمان خەریكی مەڕداری و كشتوكاڵ بووین، بەڵام ئەوان سیاسەتیان دەكرد". كاروان باسی خزمەتگوزاری گوندەكە دەكات، ئەو خزمەتگوزاریەی بۆ گوندەكەیان هاتووە، تەنیا ئەوەبووە كە رێگەی گوندەكەیان بەردڕێژ كراوەو كارەباش بۆ گوندەكەیان هاتووە "لەساڵی 2003دا، 22 ماڵ لێرەبوون، ئەگەر قوتابخانەو نەخۆشخانە لێرە هەبووان، ئێستا 30 ماڵ دەبووین، نزیكەی 5 ساڵە داوای قوتابخانە دەكەین، بەڵام سوودی نەبووە".
تەنیا یەك خانووی تاڵەبانییەكان لە گوندەكە ماوە
لە گردێكی بەرامبەر گوندەكە ماڵێك هەیە كە ماڵی خزمێكی مام جەلالە، بەڵام تەنیا بۆماوەی كورت دەچنە ناو خانووەكە و خۆیان ماڵیان لە چوارقوڕنەیە.
دڵشاد شوكروڵڵا ئەفزەڵ، 59 ساڵ، بە تەنیا لەگەڵ هاوسەرەكەی لەوێبوو، ئەو گوتی باوكیان لەگەڵ مام جەلال ئامۆزان. ناوی تەواوی مام جەلالیش، (جەلال حوسامەدین نوروڵڵا نوری)یە و لە 12/11/1933 لەدایكبووە، "مام جەلال كە زانی من هاتوومەتەوە ئێرە ، زۆر دڵخۆش بوو".
مام جەلال لە ژێر كەپرێك لە دایكبووە
دڵشاد ماوەی ساڵێكە ئەو خانووەی دروستكردووەو لە پەنجەرەكەوە بە دەستی ئاماژەی بۆ شوێنی لەدایكبوونی مام جەلال دەكرد، دەنگی كەمێك بەرزتر دەكردەوەو دەیگوت "هەر لە ژێر ئەو بەردە گەورەیە، لەوێ لەدایكبوو، پێشتر ئەوان لە سەرەوەی خانووەكەیان كەپرێكیان دروستكردبوو، لەژێر كەپرەكە لەدایكبوو، ئەوكات دكتۆر و شتی واش نەبوو".
بەپێی قسەی دڵشاد، گوندەكەیان چەندین جار رووخاوە، بەڵام لەساڵی 1984دا بەتەواوی وێرانكرا، ئەوان زەوییان لە گوندەكە هەبووە "شێخ عەبدولغەفوور، باپیرەی گەورەمان، لە ساڵی 1890 زەوی ئەو گوندەی كڕیوە كە دەكاتە سێ هەزار و 800 دۆنم و دواتر چووەتە ئیستەنبوڵ تاپۆی كردووەو ئێستاش تاپۆی زەوییەكانمان ماوە، ئەگەرنا رەچەڵەكمان بۆ گەرمیان دەگەڕێتەوە، لە كۆنەوە ئێمە شێخی بەرماڵ بووینە".
"فێڵیان لە مام جەلال كرد"
لە ساڵی 1927 باپیری دڵشاد كوژراوە، دڵشاد دەڵێ شێخ حوسامەدین باوكی مام جەلال لەساڵی 1932 ژنی باپیرمی هێناوەتەوە، واتە مامۆژنی خۆی هێناوەتەوە "ژنەكە ناوی خەدیجەبوو، مام جەلال لەو ژنە لەساڵی 1933 لەدایكبووە".
دڵشاد باسی سەردەمی منداڵیی مام جەلال دەكات و دەڵێ " مام جەلال لە منداڵییەوە عەجول بوو، كاتێك باوكی لە ساڵی 1937 دەبێتە شێخی تەكیەی تاڵەبانی، باردەكەن بۆ كۆیە، مام جەلال گوتوویەتی من نایەم و ئەو دارانە بەجێناهێڵم، بۆیە ئەوان پێیانگوتووە كۆیەش ئەوها داروباری لێیە، فێڵیان لێكردووە، هەتا بردوویانەتە كۆیە، لەوێ دڵتەنگ بووە كە كەشوهەواكەی وەك گوندەكەی خۆیان نەبووە و بە باوكی گوتووە فێڵتان لەمن كرد، كوا ئەو دار و خانووانەی وەك گوندی خۆمان لێرە هەیە".
لە شەڕەكاندا قیادەی منداڵانی دەكرد
لە كۆیە دەستی بە خوێندن كردووەو لەوێ ژیاوە، مام جەلال كە دەڵێ "خەڵكی سێ شارم"، دڵشاد دەڵێ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە كەلكانی سەر بە سلێمانی لەدایكبووەو لە كۆیەی سەر بە هەولێر گەورە بووەو رەچەڵەكیشیان دەگەڕێتەوە سەر كەركووك، وەك دڵشاد دەڵێ "مام جەلال بەردەوام حەزی كردووە خەڵك لە دەوری كۆبێتەوە، كە بە سەردان دەگەڕایەوە كەلكان، منداڵی كۆدەكردنەوەو دەچوون شەڕیان لەگەڵ منداڵانی گوندی تەنیشتمان دەكرد و مام جەلال بەخۆی و بەردەقانییەوە بە پێش هەموو منداڵەكان دەكەوت و ئەوان بە دوایەوە بوون، دوایین جاریش كە مام جەلال هاتەوە گوندەكەی خۆی، ساڵی 1963 بوو، بۆ پرسەی خزمێكی هاتبوو".
"گوتی خانوویەك لە شوێنی لەدایكبوونم دروستدەكەم"
دڵشاد چەندین جار سەردانی ماڵی مام جەلالی كردووەو لە ماڵیان نانی خواردووە، ئەو دەڵێ چەند جارێك باسی كەلكانیان بۆ مام جەلال كردووە "7ساڵ لەمەوبەر گوتی لەو شوێنە خانوویەك دروستدەكەم، شوێنیشمان دیاریكرد، بەڵام هێشتا دەرفەتی نەبووە". دڵشاد پێشتر حەزی لەوەبووە مام جەلال بگەڕێتەوە گوندەكەی، بەڵام ئێستا پەرۆشی بۆ تەندروستییەكەی ئەوەی لەبیر بردووەتەوە " هەمیشە بیرم لەلای مام جەلالە، ئێستا دوای ئەوەی ئەو دۆخەی بەسەردا هاتووەو تەندروستی ناجێگیرە، شەوان خەونی پێوە دەبینم".
دڵشاد باسی خێزانی مام جەلالی كرد، كە لە باوكی تەنیا دوو خوشكی هەبووە و ئێستا یەكێكیان لە ژیاندا ماوە، لە دایكیشی دوو براو خوشكێكی دیكەی هەبووە، كە ئێستا شێخ جەنگی لە ژیاندا ماوە و تەمەنی 92 ساڵە و گەورەترین كەسی نێو بنەماڵەی ئێمەیە، دوای ئەو مام جەلال دێت كە تەمەنی نزیكە لە 80 ساڵ "دایكی مام جەلال لەساڵی 1964دا مردووە، باوكی دوای مردنیشی ژنی نەهێنایەوە، تاوەكو ساڵی 1993 كۆچی دوایی كرد".
"لە منداڵیەوە مامە بووە"
دڵشاد باسی لە ناوی مام جەلالیش كرد كە چۆن ناسناوی "مام"ی پێدراوە "ناوی مامە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە مام جەلال مامێكی هەبوو ناوی جەلال بوو، بەر لەوەی مام جەلال لەدایكبێت ، مامەكەی لە تەمەنی 12 ساڵیدا مرد، بۆیە كە مام جەلال لەدایكبوو، باوكی ناوی جەلالی لێناو نازناوی مامەی بۆ دانا".
"مام جەلال پێیگوتم زۆر بە دایكم دەچی"
پەخشان محەممەدساڵح، كە دایكی مام جەلال، دایكی باوكیەتی، لەگەڵ دڵشادی هاوسەری چوونە ئەو شوێنەی مام جەلالی تێدا لەدایكبووە، پەخشان كە باسی نەخۆشی مام جەلال دەكرا، فرمێسك لە چاوەكانی دەهاتنە خوارەوە. لە شوێنی لەدایكبوونی مام جەلالەوە، پەخشان بە (رووداو)ی گوت "هەموو جار مام جەلال لەناو پێشمەرگەكان منی لە تەنیشت خۆی دادەنا، دەیگوت تۆ بە دایكم دەچیت، منی زۆر خۆشدەویست، جارێك لایتێكی بە دیاری دایە من، كە زۆرم خۆشدەویست، ئەوكات كارەبا نەبوو، لایتەكەم هەڵگرتبوو تاوەكو لە ساڵی 1996دا فەوتا".
مام جەلال: با باوكیشم وەكو ئەو خەڵكە كار بكات
دڵشاد دەڵێت كاتی خۆی كە جوتیارەكان بەناوی تەكیە و شێخایەتی زەكاتیان بۆ باوكی مام جەلال دەبرد "مام جەلال زۆری پێناخۆش بوو، بە جوتیارەكانی گوتووە بەهیچ شێوەیەك نابێت بیهێنن، با باوكیشم وەكو ئەو خەڵكە كار بكات، بۆیە زۆرجار باوكی دەیگوت، ئەگەر ئەو كوڕەم گەورە بێت هیچ زەوییەكم بۆ ناهێڵێتەوە، قسەكەی راستیش دەرچوو مام جەلال هەرچی هەبوو بەسەر خەڵكی دابەشكرد".
"حەزدەكەین قوباد شوێنی باوكی بگرێتەوە"
گۆڕستانی خزمەكانی مام جەلال لە كۆیەیە، بەڵام دڵشاد دەڵێت، مام جەلال باسی شوێنی ناشتنی خۆی نەكردووەو هەموو كوردستان بە ماڵی خۆی دەزانێ. ناخۆشترین پرسیار بەلای دڵشادەوە باسكردنی رۆژگاری دوای مام جەلالە، چونكە "لە ژیانماندا چاومان بەوە هەڵنەهاتووە باس لە شوێنگرەوەی مام جەلال بكەین"، لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێ "مام جەلال كەسی بۆ شوێنی خۆی دەستنیشان نەكردووە، كە داوایان لێكردووە كەسێك بۆ شوێنی خۆی دابنێت، گوتوویەتی خۆ ئەوە میرات نییە دابەشیبكەم، من كەس دانانێم و خۆتان كەسێك لە دوای من هەڵبژێرن، بەڵام ئێمە وەك كەسوكاری مام جەلال، حەزدەكەین لە دوای مام جەلال قوباد لە شوێنی دابنرێت، بەڵام نازانم سەركردایەتی قبوڵی دەكات یان نا".
ئەوە تەنیا دڵشاد نییە لە نێو بنەماڵەی تاڵەبانیدا كە پێیان باشە دوای تاڵەبانی كوڕەكەی شوێنی بگرێتەوە. سەڵاح شێخ شەرەف، ئامۆزای جەلال تاڵەبانی، ئەویش دەڵێ "دڵمان نایێ باسی دوای تاڵەبانی بكەین، یەكێتی حیزبی كەسێك نییە و سەركردایەتی یەكێتی بڕیاردەدات كێ دوای مام جەلال دەبێتە سەرۆك، بەڵام ئەگەر لە كۆنگرەی یەكێتی قوبادی كوڕیان هەڵبژارد ئەوا پێمانخۆشە و ئەمە قسەی نێو دڵمە".
سەڵاح باسی بەسەرهاتێكی خۆی دەكات لەگەڵ تاڵەبانی كە ئەوكات تەمەنی شەش ساڵ بووە "لە پۆلی یەكەم بە دووەم دەرچووم و مامۆستا و قوتابییەكان چەپڵەیان بۆ لێدام، منیش رامكرد بۆ ماڵ بۆ ئەوەی پێیان بڵێم بە دووەم دەرچووم، گەیشتمە ماڵ مام جەلال لەبەردەرگا بوو، بەمنی گوت چۆن بووی، منیش گوتم بە دووەم دەرچووم، مام جەلال ناوچاوانی گرژ كرد و گوتی دەبێ ساڵی داهاتوو بە یەكەم دەربچی. منیش ئیتر هەموو ساڵێك دوای ئەوە بە یەك دەردەچووم".
تاڵەبانی پرسیاری ژیانی خەڵكی كرد
خزم و كەسەكانی نزیكی تاڵەبانی بەسەرهاتی خۆشیان هەیە لەگەڵی. ئەشرەف شەرەف ئامۆزای تاڵەبانی كە پەرتووكێكی بەناوی (كورتەیەك لە مێژووی شێخەكانی بنەماڵەی تاڵەبانی) نووسیوە، باس لە دوا دیداری خۆی دەكات لەگەڵ تاڵەبانی لە 27/9/2012 پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ بەغدا و دەڵێ "تاڵەبانی پرسیاری ژیان و گوزەرانی خەڵكی لەمن كرد و گوتی خەڵكی هەرێمی كوردستان چۆن دەژین".
"یاداشتەكانی مام جەلال ئامادەن"
پێشتر تاڵەبانی لە دیدارێكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كردبوو كە حەز دەكات دوا ساتەكانی ژیانی لە شار ئیستەمبۆڵ بەسەر ببات و لەوێ سەرقاڵی نووسینەوەی یاداشتەكانی بێت.
ئەشرەف كە دوای شێخ جەنگی و تاڵەبانی، سێیەم كەسی بەتەمەنی نێو بنەماڵەی تاڵەبانییە و تەمەنی 77 ساڵە، گوتی "تاڵەبانی هەموو یاداشتەكانی خۆی نووسیوە و بەڵگەكانی ئامادەكردووە و لە نێو سندوقێكی گەورەدا دایناون".
ئەشرەف وەك خزمەكانی دیكەی نێو بنەماڵەی تاڵەبانی لەگەڵ ئەوەدایە قوباد تاڵەبانی شوێنی باوكی بگرێتەوە وەك سكرتێری گشتیی یەكێتی "ئەگەر كاك قوباد جێی بگرێتەوە پێمان خۆشە و شانازی پێوەدەكەین، چونكە كاك قوباد كەسێكی میانڕەو و رۆشنبیر و دیپلۆماتكارە، زۆر توانای تێدا دەبینم و ئێستا پێویستە خۆی لە كۆمەڵگە نزیكتر بكاتەوە".
"لەبەر ئافەرینەكانی مام جەلال شیعرەكانی هەژارم لەبەردەكردن"
ئەشرەفیش باسی بەسەرهاتێكی خۆی دەكات لەگەڵ تاڵەبانی و دوای ئەو بەسەرهاتە ئیتر حەزی لە ئەدەب و هونەر دەبێ و دەڵێ "لە ساڵی 1953 لە كۆیە ماڵێكی گەورەمان هەبوو، مام جەلالیش هاوینان دەهاتە ئەوێ و پێیدەگوتم بڕۆ شیعرەكانی مامۆستا هەژار لەبەربكە، كە شیعرم لەبەر دەكرد بە منی دەگوت ئافەرین، ئافەرینەكە ئەوەندە خۆشبوو، جارێك لەماوەی نیو كاژێردا 13 دێری شیعرێكی مامۆستا هەژارم لەبەر كرد و رامكرد بۆ لای مام جەلال، شیعرەكەم بۆ خوێندەوە ئەویش لە دڵەوە گوتی ئەی ئافەرین، 50 فلسیشی دامێ، ئیدی لەو ساتەوە تاوەكو ئێستا حەزم لە شیعر و ئەدەبە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ