دەوڵەت لە باكووری كوردستان تەنیا لەنێو ئۆتۆمبێلی دژە گوللەدایە

18-09-2015
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن باكووری كوردستان
A+ A-

هاشم سۆیلەمەز

رووداو - باکووری کوردستان 

ناوچە ئازادەكان، راگەیاندنی خۆسەری، بۆمبەكان، هەڵاتنی مامۆستایان و ئامێرە پەككەوتووەكان، ناوچەكەیان گەڕاندووەتەوە بۆ ساڵانی نەوەتەكان. دەوڵەتیش لەناو ئۆتۆمبێلی گوللەنەبڕدا زیندانی كراوە.

لەناوچەكە تاریكی و كابووس درێژەی هەیە. لە كوێ؟ كەی؟ چی دەبێت؟ كەس نازانێ. دەوڵەت دیار نییە! پەكەكە بەشێكی گەورەی رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی كۆنترۆڵ كردووە. لە ئامەدەوە بەرەو گەڤەر بەڕێدەكەوم، لە رێگە ئاگادارم دەكەنەوە "مەڕۆ، رێگا زۆر مەترسیدارە". بەڵام بەهۆی پیشەكەمەوە پێویستە بڕۆم. 

سەرچاوەیەكی تایبەت لەسەر پارچە كاغەزێك ناو و ژمارەی تەلەفۆنم بۆ دەنووسێت و دەڵێت "ئەگەر هاتنە سەر رێگات ئەو كاغەزە رزگارت دەكات". لە فارقین پێیانگوتم "نەچیتە گەڕەكی خوارەوە". دەگەینە كۆزلوك و پاشانیش بەچەند شوێنێكی دیكەدا تێدەپەڕین. رۆژ ئاوابووە و خەریكە تاریك دادێت. هەندێكجار بەڕێگای راست و هەندێكیش بە رێگای شاخاویدا دەڕۆین، ئەگەری ئەوە هەیە پەكەكە یان ئاسایش بمانوەستێنێ و داوای ناسنامەمان لێبكات. لە تبلیس نزیك دەبینەوە و دونیا بە تەواوی تاریك داهاتووە. لە تاتوان پشوویەك دەدەین و پرسیار لە بارودۆخی رێگا دەكەین. 

هەندێكیان دەڵێن رێگاكە باشە، هەندێكیشیان داوا دەكەن بەشەو نەچینە سەر رێگای وان. 

رێگای تاتوان – وان یەكێكە لەو رێگایانەی لە رابردوودا بە وردی پشكنینی تێدا دەكرا، بەڵام ئێستا جەندرمە لەسەر رێگا نەماوە. خاڵەكانی پشكنین تەنیا پاشماوەكانیان ماوە. دەڵێن ئەو سەربازانەی ئاسایشی رێگایان لە ئەستۆدا بوو، ناچار بوون بگەڕێنەوە بارەگاكانیان. 

نزیكەی سەعات 11ی شەو دەگەینە وان. لەناو شار بارودۆخێكی جیاواز لە ئارادایە. پۆلیسەكان ئێلەگی گوللەنەبڕیان بەستووە و شەقامەكان پڕن لە زرێپۆش، بەوەدا دەردەكەوێت كە رێوشوێنی ئەمنی لە لووتكەدایە.

دەوڵەت وازی لە پاراستنی رێگای نێوان شارەكان هێناوە، تەنیا لەناو سەنتەری شاردا خۆی قایم كردووە. رێوشوێنی ئەمنی لەبەردەم بارەگای ئاكپارتی لە هەر شوێنێكی دیكە قایمترە. 

رێگای نێوان وان – جۆلەمێرگ جیاوازە. لەكاتێكدا پێویستە رێوشوێنی ئەمنی لەسەر ئەو رێگایە زۆر توند بێ، بەپێچەوانەوە هیچ هێزێكی سەربازی لەسەر ئەو رێگایە نییە. سەربازگەكان دەوروپشتی خۆیان قایم كردووە. بەدرێژایی رێگای وان – جۆلەمێرگ – گەڤەر تەنیا یەك بازگەی سەربازی دەبینین، ئەوانیش بەهۆی تەقینەوەی بۆمب شوێنی خۆیان گۆڕیوە، ئەركی ئەو بازگەیەش تەنیا گەڕانە بەدوای بۆمب لەسەر رێگاكە.

پەروەردە و تەندروستی لە دەرەوەی بازنەن

بەنێو ئەو دیمەنانەدا دەگەینە گەڤەر. جگە لە شەقامی سەرەكیی شارۆچكەكە، دەوڵەت لە هیچ شوێنێكی دیكە نییە. تەواوی گەڕەكەكان ناوچەی ئازادكراون. خەڵك نیگەرانە "ئێمە لەنێوان مان و نەماندا دەژین. گوتیان چارەسەری، بەڵام ئەنجامی نەبوو. ئێستا بارودۆخەكە خراپترە".

لە گەڤەر لە پاش سەعاتی دیاریكراو چ لەلایەن پەكەكە بێ یان دەوڵەت، چوونە دەرەوە مەترسیدارە. مومكین نییە بچیتە ناو گەڕەكەكان. كارمەندانی فەرمی دەوڵەت ناچارن لەدوای كاتی دیاریكراو شوێنی كاركردن بەجێبێڵن. دەبێت لە سەعاتی دیاریكراو هەموو كەس لە ماڵەكەی بێ، ئەگەرنا گوللەی زرێپۆشی پۆلیس یان گوللەی "تیرۆریستان"ت بەردەكەوێت. 

ئێستا دەوڵەت لەناوچەكە رووبەڕووی زەحمەتی زۆر دەبێتەوە لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی، ئاسایش و دادپەروەری. لەدوای جەژن خزمەتگوزاریی پەروەردەشیان دێتە سەر. لە چەندین ناوچە قوتابخانەكان دەكەونە ناو بازنەی بایكۆتكردن كە پەكەكە دەیسەپێنێ. 

(ئەحمەد.ك) لە جۆلەمێرگ مامۆستایە، دەڵێ ساڵی رابردوو نەك سەرپەرشتیاران، بەڵكو پەكەكە قوتابخانەكانی پشكنی، لەمەودواش بەمشێوەیە دەبێت "من بەڕێوەبەرم، بەڵام هاوڕێی مامۆستام هەیە كاری پەكەكەش دەكەن. مامۆستای هاوڕێم هەیە چووەتە كۆبانێ. لەم بارودۆخەدا زۆربەی قوتابخانەكان لە كاتی خۆیاندا ناكرێنەوە. مامۆستا هەیە بەرلەوەی دەستبەكاربێ وازی هێناوە. تەنیا سەرباز و پۆلیس بەدەست دەوڵەتەوە ماوە، دەزگاكانی دیكە لە دەستی پەكەكەدان".
لەچەندین شوێن نەخۆش تەنیا بە ئەمبوڵانس دەبرێتە نەخۆشخانە. ئەستەمە بەشەو لەكاتی نائاساییدا نەخۆش بتوانێ بە ئۆتۆمبێلی خۆی بچێتە نەخۆشخانە. 

رەمزی كاڵان دەڵێت "دوای قسەكانی ئەردۆغان لەبارەی كۆبانێ، بارودۆخەكە بە خراپی شكایەوە. لە هەڵبژاردنی حەوتی حوزەیران زۆر شت گۆڕا. بارودۆخەكە گەڕاوەتەوە بۆ ساڵانی نەوەتەكان، من لە گوندێكی نزیكی شار دەژیم. بۆ ئەوەی سەردانی نەخۆشخانە بكەم رۆژێك پێشوەخت دێم لەلای خزمەكانم دەمێنمەوە".

وەكو باری نائاساییە

پەكەكە لە نزیكەی 100 شوێنی نیشتەجێبوون باری نائاسایی راگەیاندووە. هەروەها دەوڵەتیش لە 100 شوێن ناوچەی ئەمنیی تایبەتی راگەیاندووە. لە هەندێك شوێن ژیان گەیشتووەتە ئاستی راوەستان. 

رەمزیە توركمەز، 75 ساڵ، لە شەمزینان دەژیت. نە سیاسییە و نە لەگەڵ دەوڵەتیش هیچ كێشەی هەیە. منداڵەكانی لە ئیستانبوڵن. هاوژینەكەی كۆچی دوایی كردووە و بە تەنیا دەژی. ئەو تەنیا داوای ئارامی دەكات "هەر بچمە دەرەوە سەرباز یان گەریلا دێن. باخچەم هەیە، دەمەوێ‌ بچم تەماتە لێبكەمەوە، بەڵام ناتوانم".

رۆژی قاچاخچییەكانە

دوای ئەوەی لە جۆلەمێرگ تەواوبووم، بە رێگای واندا گەڕامەوە ئامەد. دیمەنەكە لەوێش هەمانشێوەیە. نەبوونی سەرباز لەسەر رێگا خزمەت بە قاچاخچیەكان دەكات. بەرپرسێكی جەندرمە لەناوچەكە دەڵێ "لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر 60% زیادی كردووە. چونكە بە كشانەوەمان لەسەر رێگاكان بۆشایی پەیدا بووە".

لەهەموو شارۆچكەكانی سەر بە ماردین مەترسی هەیە. قزلتەپە، نوسەیبین، هەروەها كەربۆران كە چوار پۆلیسی تێدا كوژران ناوچەی ئازادكراون. لە شڕناخ بارودۆخەكە جیاوازترە. بەتایبەتی لە جەزیرە و سلۆپی جگە لە شەقامە سەرەكییەكان دەوڵەت نییە. وەكو هەموو شوێنەكانی دیكە لێرەدا خەندەق لێدراون. وەكو كۆبانێ خەندەق و قەناس بەدەستەكان گەڕەكەكان دەپارێزن. ئەگەر مۆڵەتی پەكەكەت نەبێ ناتوانی لە گەڕەكەكان بێیتە دەرەوە. جەزیرە لە گەڤەر زۆر پەرێشانترە. هەمان قسە بۆ سلۆپیش راستە. پەكەكە لەو شوێنانە خۆسەری جێبەجێ دەكات. هێزی چەكداری هەیە، قوتابخانە و نەخۆشخانە لەدەستی پەكەكەدایە. بەبێ زرێپۆش پۆلیس و سەرباز لە سلۆپی و جەزیرە ناتوانن بچنە هیچ شوێنێك.

لەو شوێنانەی سەردانم كردن (گەڤەر، شەمزینان، جەزیرە و سلۆپی) كەس لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن قسە ناكات. ئەوان دەڵێن تاوەكو ئەردۆغان مابێت، ئەو شەڕە درێژە دەكێشێت. 

گەشتیار ناچنە ماردین

لە نەوەتەكاندا كە شەڕ لەوپەڕی توندیدا بوو، وەكو ئەمڕۆ گەشتیاری لە ماردین لە كورتیی نەدابوو. 

هەرچەندە لەناو ماردین كێشەیەك نییە، بەڵام نیگەرانی لەوپەڕیدایە. هۆتێلەكان 60% لە كورتییان داوە. محەممەد چەلیك سەرۆكی كۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی ماردین  دەڵێت "ماردین كە شارێكی جیهانییە، هیچ كات وەكو ئێستا نەبووە. مرۆڤ دەترسێ. هۆتێلەكان بەتاڵن. ئەو ترسە لەخۆوە نییە. قسەكانی ئەردۆغان لە دوای 7ی حوەزیران ئەم بارودۆخەی دروستكرد".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە