فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر کۆچی دواییکرد

18-11-2020

11:09

باڵیۆزی یەمەن و کۆنسوڵی ئیمارات سەرەخۆشی لە مەسرور بارزانی دەکەن

 
بەبۆنەی کۆچی دوایی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، ئەلخزر ئەحمەد مەرمەش، باڵیۆزی کۆماری یەمەن لە بەغدا و ئەحمەد ئیبراهیم زاهری کونسوڵی گشتیی ئیمارات لە هەولێر پرسە و سەرەخۆشییان لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
 
لە پەیامەکانیاندا بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دڵگرانی و خەمباریی خۆیان لەبارەی کۆچی دوایی پارێزگاری هەولێر راگەیاندووە و پەسنی خوالێخۆشبوویان کردووە و سەرەخۆشی خۆیان ئاراستەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و خانەوادەی کۆچکردوو کردووە.
 

پرسەنامەی باڵیۆزی کۆماری یەمەن لە بەغدا

ـ

پرسەنامەی باڵیۆزی کۆماری یەمەن لە بەغدا

 

زیاتر بخوێنەوە

21:06

مەزڵووم کۆبانێ سەرەخۆشی لە نێچیرڤان بارزانی دەکات

مەزڵووم کۆبانێ سەرەخۆشی لە نێچیرڤان بارزانی دەکات
 
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە سەرەخۆشی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات بە بۆنەی کۆچی دوایی فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر. 

فرسەت سۆفی، پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر دوای نزیکەی مانگێک لە تووشبوونی بە کۆرۆنا، رۆژی چوارشەممە 18-11-2020 لە نەخۆشخانەیەکی تورکیا گیانی لەدەستدا و بەیانیی رۆژی پێنجشەممە 19-11-2020 بە فڕۆکەیەک لە ئەنقەرەوە گەڕێندرایەوە هەولێر و لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد بەخاکسپێردرا. 

 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

18:11

بنەماڵەی د. فرسەت سۆفی: بە هیچ شێوەیەک پرسە بۆ کۆچکردوو دانانێین

هێنانەوەی تەرمی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
 
بنەماڵەی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر پەیامێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاندووە، وەکو پابەندبوونێک بە رێنماییەکانی تەندروستی و خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، پرسە بۆ کۆچکردوو دانانێن.
 
لە پەیامەکەدا بنەماڵەی د. فرسەت سۆفی سوپاسی سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە کە لە نەخۆشکەوتنیەوە تاوەکو مردنی "لەسەر هڵێ بوون و ئەوەی لە توانایاندا بووە ئەنجامیانداوە بۆ چارەسەرکردنی".
 
هەر لە پەیامەکەدا سوپاسی سەرجەم بەرپرس، پەرلەمانتار، دیپلۆماتکارانی وڵاتان و هاونیشتمانیان کراوە و ئاماژە بەوە کراوە، بۆ "پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بە هیچ شێوەیەک نە لە ماڵ و نە لە هیچ شوێنێکی دیکە، پرسە دانانرێت".
 
دەقی پەیامی بنەماڵەی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر:
 
بەناوی بنەماڵەی خوالێخوشبوو (د.فەرسەت سۆفی) سوپاس و ستایشی خۆمان ئاڕاستەی جەنابی سەرۆک بارزانی و ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کەهەر لەکاتی نەخۆش کەوتنی جوانەمەرگ تاوەکو گیان لەدەستدانی لەگەڵمان لەسەر هێڵ بوون و ئەوەی لەتوانادابوو ئەنجامیاندا بۆ چارەسەرکردنی د.فەرسەت، هەروەها زۆر سوپاس بۆ ڕێزداران سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیر و پەرلەمانتار و بەرپرسانی حزبی و ئیداری و نوێنەری سەرجەم لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و نوێنەری کونسلخانە و پیاوانی ئاینی کە بەشادراربوون لەڕێوڕەسم و مەراسیمی هێنانەوەی تەرمی جوانەمەرگ، زۆر سوپاسی تەواوی چین و توێژەکانی کوردستان و ئەو جەماوەرە خۆشەویستە بێشومارەش دەکەین کە ئەرکیان کێشاو بەشداربوون لەبەخاک سپاردنی تەرمی جوانەمەرگ د.فەرسەت سۆفی،  سوپاس بۆ ئەو ئازیز و خۆشەویستانەشی کە چ بەتەلەفۆن یان بەنامەی هاوخەمی خۆیان بۆمان دەربڕیوە، بەشداریتان لەم کۆستەمانداو هاوکات دەڕبڕینی هاوسۆزیتان بۆئێمە، بڕێک لەخەم و ناسۆر و ئازاری لەدەستدانی کۆچکردوی لێکەمکردینەوە.
 
لێرەشەوە بە پێویستی دەزانین، ئەگەرچی لەدەستدانی جوانەمەرگ کۆست و کەسەرێکی گەورەی لە دڵی هەموو لایەکمان دروستکرد و گیان لەدەستدانی خەم و کەسەرێکی گەورە بوو و تەواوی کوردستانییان تازیەبارکرد، چونکە د.فەرسەت بەتەنها هی ئێمە نەبوو هی هەموو کوردستان بوو، بەوبۆنەیەوە هاوڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی سنووری پارێزگای هەولێر بەتایبەتی و جەماوەری خۆشەویستی کوردستان بەگشتی ئاگادار دەکەینەوە کە بەهۆی پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرنا، بەهیچ شێوەیەک نە لەماڵ نە لەهیچ شوێنێکی تر، پرسە دانانرێت، دووبارە سوپاسو ستایش بۆ هەموولایەک و هیوادارین هەرگیز ناخۆشی و کەسەر نەبینن.
 
بنەماڵەی خوالێخۆشبوو
د.فەرسەت سۆفی
2020.11.19
 
زیاتر بخوێنەوە

16:37

پەیامی سەرەخۆشیی میر حازم تەحسین سەعید بەگ بۆ کۆچی دوایی فرسەت سۆفی

پەیامی سەرەخۆشیی میر حازم تەحسین سەعید بەگ بۆ کۆچی دوایی فرسەت سۆفی
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای رۆحانیی ئێزدی پەیامێکی سەرەخۆشی بۆ کۆچی دوایی د. فرسەت سۆفی ئاراستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، "هاوبەشی خەمتانم" 
 
دەقی پەیامەکەی میر حازم تەحسین سەعید بەگ، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای رۆحانیی ئێزدی:
 
بەڕێز مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
 
هاوبەشی خەمتانم بۆ کۆچی دوایی رەوانشاد د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر. بەو بۆنە خەمناکە سەرەخۆشی لە بەڕێزتان و خانەوادەی بەڕێزیان دەکەم. لە خوای مەزن داواکارین بیخاتە بەر بەخشندەیی و میهرەبانی خۆی و بە بەهەشتی بەرین شادی بکات و سەبووری و ئارامی بە بەڕێزتان و کەسوکارە بەڕێزەکەی بدات. 
 
میر حازم تەحسین سەعید بەگ 
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای رۆحانیی ئێزدی
19ی تشرینی دووەمی 2020
 
زیاتر بخوێنەوە

09:55

کۆنسوڵی ئێران سەرەخۆشی لە کەسوکاری فرسەت سۆفی دەکات

نەسڕووڵڵا رەشنودی، کۆنسوڵی ئێران لە هەولێر پرسەنامەیەکی ئاراستەی ماڵباتی دکتۆر فرسەت سۆفی پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر کرد.
 
لە پرسەنامەکەدا هاتووە، بەبۆنەی كۆچی دوایی دكتور فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، سیاسەتمەدار و كەسایەتی زانستی هەرێمی كوردستان پرسە و سەرخۆشی خۆمان ئاراستەی كاربەدەستانی بەڕێزی هەرێمی كوردستان و بنەماڵەی بەڕێزی خوالێخۆشبوو پارێزگاری كۆچكردوو دەكەین و داوای لە خودای گەورە دەكەین كە پێگەی بەرزی لای خۆی پێ ببەخشێت و هیوای سەبووری بۆ كەسوكاری بەڕێزیان دەخوازین.
 
دەقی پرسەنامەکەی کۆنسوڵی ئێران لە هەولێر
 
بەناوی خودای گەورە و میهرەبان
 
انا للە و انا الیە راجعون
 
بەبۆنەی كۆچی دوایی دكتور فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، سیاسەتمەدار و كەسایەتی زانستی هەرێمی كوردستان پرسە و سەرخۆشی خۆمان ئاراستەی كاربەدەستانی بەڕێزی هەرێمی كوردستان و بنەماڵەی بەڕێزی خوالێخۆشبوو پارێزگاری كۆچكردوو دەكەین و داوای لە خودای گەورە دەكەین كە پێگەی بەرزی لای خۆی پێ ببەخشێت و هیوای سەبووری بۆ كەسوكاری بەڕێزیان دەخوازین.
 
نەسڕوڵڵا رشنودی
 
كنسولی گشتی كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر
زیاتر بخوێنەوە

23:39

ژمارەیەک کەسایەتیی کلدانی: فرسەت سۆفی دۆستێکی نزیکی ئێمە و رۆڵەکانی گەلەکەمان بوو

فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر
 
مەترانەکانی سەرۆکایەتیی ئوسقفیەی ئیبارشیەی کلدانیی ئەربیل، سەرۆکایەتیی پێکهاتەی سریانی ئۆرتۆدۆکس لە موسڵ و کەرکووک و هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی ئوسقفیەی حەدیابی پێکهاتەی سریانیی کاسۆلیک و سەرۆکایەتیی ئوسقفیەی کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری لە هەولێر و کەرکووک بە هاوبەشی پەیامی سەرەخۆشییان بەهۆی ژیانئاوایی فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر بڵاوکردەوە.
 
لە بەشێکی پەیامەکەدا هاتووە "رەوانشاد دۆستێکی نزیکی ئێمە و رۆڵەکانی گەلەکەمان بوو. بە لەدەستدانیشی بۆشاییەکی گەورە بەجێدەهێڵێت".
 
دەقی پەیامەکە بەمشێوەیە:
 
خەمبار و بەپەژارەین بە کۆچی هەمیشەیی برامان دکتۆر فرسەت سۆفی. رەوانشاد دۆستێکی نزیکی ئێمە و رۆڵەکانی گەلەکەمان بوو. بە لەدەستدانیشی بۆشاییەکی گەورە بەجێ دەهێڵێت.
 
لە ناخی دڵەوە بەنزا و نوێژەوە سەرەخۆشی قوڵی خۆمان پێشکەشی کەسوکاری دەکەین. نزا دەکەین خوای گەورە بە میهرەبانییەوە بە بەهەشتی شاد بکات و سەبووری بەخانەوادە و کەسوکاری بدات. 
 
مەتران مار بەشار مانی وەردە
سەرۆکی ئوسقفیەی ئیبارشیەی کلدانی ئەربیل 
 
مەتران مار نیقۆدیمۆس داوود شەرەف 
سەرۆکی پێکهاتەی سریانی ئۆرتۆدۆکس لە موسڵ و کەرکوک و هەرێمی کوردستان و لقەکانی 
 
مەتران مار نسانتیل نەزار سەمعان 
سەرۆکی مەترانیەتی حەدیابی پێکهاتەی سریانی کاسۆلیک 
 
مەتران مار ئبرس یوخەننا 
سەرۆکی ئوسقفیەی کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری لە هەولێر و کەرکوک
 
زیاتر بخوێنەوە

21:34

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە تەرمی فرسەت سۆفی دەکات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە تەرمی فرسەت سۆفی دەکات
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە تەرمی فرسەت سۆفی دەکات
 
 
سبەی پێنجشەممە تەرمی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر دەگەڕێندرێتەوە هەولێر و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازی لێدەکرێت. 
 
فرسەت سۆفی لە دوای نەوزاد هادی، پارێزگاری پێشووی هەولێر، بووە پارێزگار، نەوزاد هادی دەڵێت، "خولیای ئەوەبوو بتوانێت زیاتر ئەو خەونانەی هەیەتی لەپێناو خزمەتکردن بە پایتەختی هەرێمی کوردستان بەرجەستەیان بکات. ئەوەش لەپێناو خزمەتی زیاتری هاووڵاتیان". 
زیاتر بخوێنەوە

20:09

مەلا مستەفا مەسعود بارزانی: کۆچی دوایی فرسەت سۆفی زۆر خەمباری کردم

مەلا مستەفا مەسعود بارزانی: کۆچی دوایی فرسەت سۆفی زۆر خەمباری کردم
 
مەلا مستەفا مەسعود بارزانی، بەبۆنەی کۆچی دوایی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر رایدەگەیێنێت، "هەواڵی کۆچی دوایی فرسەت سۆفی زۆر خەمباری کردم و سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری دەکەم".
 
دەقی پرسەنامەکەی مەلا مستەفا مەسعود بارزانی:
 
هەوالی کۆچی دوایی پارێزگاری هەولێر د. فرسەت صۆفی زۆر خەمباری کردم. بەم بۆنەیە هاوخەمی و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی خانەوادە و کەس و کاری دەکەم و لە خوای گەورە دەخوازم گیانی بە بەهەشت شاد بکات .
   
اناللە و انا الیە راجعون
مەلامستەفا مسعود بارزانی
١٨ - ١١ - ٢٠٢٠
 
زیاتر بخوێنەوە

19:39

پەیامێک لە مالیکییەوە بۆ نێچیرڤان بارزانی بەبۆنەی کۆچی دوایی فرسەت سۆفی

پەیامێک لە مالیکییەوە بۆ نێچیرڤان بارزانی بەبۆنەی کۆچی دوایی فرسەت سۆفی
 
بەبۆنەی کۆچی دوایی فرسەت سۆفی پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا پەیامی سەرەخۆشی ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد. 
 
لە پەیامەکەی نووری مالیکیدا هاتووە، بەم بۆنە خەمناکەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی بەڕێزتان و خانەوادە و کەسوکاری رەوانشاد دەکەم، "نزا دەکەم بە میهرەبانی فراوانی خۆی بە بەهەشتیی هەمیشەیی شادبکات و سەبووریی بەڕێزتان و کەسوکارەکەی بدات". 
 
 
دەقی پەیامی سەرەخۆشی نووری مالیکی بۆ نێچیرڤان بارزانی:
 
                     بِسْم الله الرحمن الرحيم 
 
كُلُّ نَفْسٍ ذَائِقَةُ الْمَوْتِ وَنَبْلُوكُمْ بِالشَّرِّ وَالْخَيْرِ فِتْنَةً وَإِلَيْنَا تُرْجَعُونَ 
                                            صدق الله العلي العظيم 
 
برای بەڕێزم نێچیرڤان بارزانی 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان 
 
هاوبەشی خەمتانین بەهۆی کۆچی دوایی رەوانشاد بەڕێز فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر. 
بەم بۆنە خەمناکەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی بەڕێزتان و خانەوادە و کەسوکاری رەوانشاد دەکەم، نزا دەکەم بە میهرەبانی فراوانی خۆی بە بەهەشتیی هەمیشەیی شادبکات و سەبووریی بەڕێزتان و کەسوکارەکەی بدات. 
 
                      إنا لله وإنا إليه راجعون
 
نووری مالیکی 
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا
18ی تشرینی دووەمی 2020
 
زیاتر بخوێنەوە

19:14

کۆسرەت رەسوول: فرسەت سۆفی ئاوات و ئامانجی خزمەتكردن بوو

کۆسرەت رەسوول: فرسەت سۆفی ئاوات و ئامانجی خزمەتكردن بوو
 
‎سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی ‎یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەیامێکی هاوخەمیدا بۆ کەسوکار و بنەماڵەی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر دەڵێت، "لەدەستدانی كۆستێكی گەورەیە و هەموومان خەمبار و نیگەرانین بۆی". 
 
کۆسرەت رەسوول عەلی، ‎سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی ‎یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەڵێت، د. فرسەت سۆفی "وەك كوردێكی دڵسۆز و لەخۆبردوو ئاوات و ئامانجی خزمەتكردن بوو، لەم پێناوەشدا درێغی نەكرد". 
 
دەقی پرسەنامەکەی کۆسرەت رەسوول عەلی: 
 
‎بەڕێزان كەسوكارو خانەوادەی د. فرسەت سۆفی
 
‎بەداخەوە هەواڵی كۆچی دوایی د. فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێرم بیست، دڵگران و خەمباری كردم، هاوبەشی خەمتانم.
 
‎دكتۆر فرسەت سۆفی لەئەركی پەرلەمانتاری و پارێزگاری هەولێردا وەك كوردێكی دڵسۆزو لەخۆبردوو ئاوات و ئامانجی خزمەتكردن بوو، لەم پێناوەدا درێغی نەكرد، لەدەستدانی كۆستێكی گەورەیەو هەموومان خەمبارو نیگەرانین بۆی.
 
‎بۆ كۆچی دوایی دكتۆر فرسەت پرسەو سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی كەسوكارو خانەوادەكەتان دەكەم، داواكارم لەخوای گەورە جێگای بەهەشت بێت.
 
‎كۆسرەت ڕەسول عەلی 
‎سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی 
‎یەكێتی نیشتمانی كوردستان

 

زیاتر بخوێنەوە

15:19

پارێزگای هەولێر سێ رۆژ ماتەمینی رادەگەیێنێت

پارێزگای هەولێر سێ رۆژ ماتەمینی رادەگەیێنێت
لە کۆبوونەوەی نائاسایی خۆیدا، ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بەبۆنی کۆچی دوایی دکتۆر فرسەت سۆفی، پارێزگاری کۆچکردووی شارەکە، سێ رۆژ ماتەمینی راگەیاند.
 
کەنعان خەیلانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپێی بڕیارێکی نائاسایی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، سێ رۆژ ماتەمینی لە سنووری پارێزگای هەولێر رادەگەیێندرێت و "ئاڵای کوردستانیش بە شێوەیەکی پرۆتۆکۆلی تاوەکو نیوە لە سەرجەم فەرمانگەکان دەهێندرێتە خوارەوە".
 
سەبارەت بە رێوڕەسمی هێنانەوەی تەرمی پارێزگار، کەنعان خەیلانی گوتی: "بەیانی لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پێشوازی لە تەرمی دکتۆر فرسە سۆفی دەکرێت".
زیاتر بخوێنەوە

14:54

گۆڕان سەرەخۆشی لە بنەماڵەی فرسەت سۆفی دەکات

 
بزووتنەوە گۆڕان سەرەخۆشی لە بنەماڵەی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر دەکات و رایدەگەیێنێت، "داواكارین له‌ خوای گه‌وره‌ رووحی د. فرسه‌ت سۆفی به‌ به‌هه‌شتی به‌رین شاد بكات و دوایین ناخۆشیی كه‌سوكار و خه‌ڵكی كوردستان بێت".
 
دەقی پرسەنامەکەی بزووتنەوەی گۆڕان:
 
به‌داخ و په‌ژاره‌یه‌كی زۆره‌وه‌، هه‌واڵی گیانله‌ده‌ستدانی (د. فرسه‌ت سۆفی) پارێزگاری هه‌ولێرمان به‌نه‌خۆشی كۆرۆناوه‌ پێگه‌یشت.
 
بۆ ئه‌م كۆسته‌، پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی خۆمان له‌ خێزان و هاورێیانی كۆچكردو و دانیشتوانی پارێزگای هه‌ولێر ده‌كه‌ین.
 
داواكارین له‌ خوای گه‌وره‌ رۆحی د.فرسه‌ت سۆفی به‌ به‌هه‌شتی به‌رین شاد بكات و دواین ناخۆشی كه‌سوكار و خه‌ڵكی كوردستان بێت.
 
انا للە وانا الیە راجعون
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان
18/ 11/ 2020
 
زیاتر بخوێنەوە

14:35

سەرۆککۆماری عێراق: فرسەت سۆفی پارێزگارێکی لێهاتوو و خه‌مخۆر بوو

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق
 
بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لە پرسەنامەیەکدا بۆ کەسوکار و بنەماڵەی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر رایدەگەیێنێت، پارێزگارێکی لێهاتوو و خەمخۆر بووە و "به‌داخه‌وه‌ مه‌رگ رێگه‌ی نه‌دا د. فرسەت خزمه‌تی زیاتری ئاوه‌دانی و گه‌شه‌پێدانی هه‌ولێر و کوردستان بکات"
 
دەقی پرسه‌نامه‌ی سه‌رۆککۆماری عیراق بۆ کۆچی دوایی د. فرسه‌ت سۆفی، پارێزگاری هه‌ولێر 
 
بەداخه‌وه‌  هەواڵی کۆچی دوایی د. فرسه‌ت سۆفی  پارێزگاری هەولێرم پێگەیشت.  د.فرسەت پارێزگارێکی  لێهاتوو و خه‌مخۆر بوو، له‌و ماوه‌ که‌مه‌ی ئه‌رکه‌که‌یدا جێده‌ستی دیارو مه‌به‌ستی بوو خزمه‌تی زۆری شاره‌که‌ بکات، جگه‌له‌وه‌ش یاساناسێکی لێوه‌شاوه‌و په‌رله‌مانتارێکی سه‌رکه‌وتوو بوو، به‌داخه‌وه‌ مه‌رگ رێگه‌ی نه‌دا د.فره‌سه‌ت خزمه‌تی زیاتری ئاوه‌دانی و گه‌شه‌پێدانی هه‌ولێرو کوردستان بکات.
 
به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ پرسه‌و هاوخه‌می خۆم به‌ بنه‌ماڵه‌‌که‌ی و که‌سوکاری راده‌گه‌یه‌نم داواکارم له‌ یه‌زدانی مه‌زن به‌ به‌هه‌شتی خۆی شاد بکات
انا لله وانا اليه راجعون 
د. بەرهەم ساڵح
سەرۆک کۆماری عیراق
 
 
زیاتر بخوێنەوە

14:11

سەلاحەددین بەهائەدین: کۆچی دوایی فرسەت سۆفی لەدەستدانی کەسێکی ئەکادیمی و ئیداریی دڵسۆزە

سەلاحەددین بەهائەدین: کۆچی دوایی فرسەت سۆفی لەدەستدانی کەسێکی ئەکادیمی و ئیداریی دڵسۆزە
 
ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی کۆچی دوایی دکتۆر فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، کۆچی دوایی ئەو گەنجە چالاک و پارێزگارە خەمخۆرە، لەدەستدانی کەسێکی ئەکادیمی و پەرلەمانتار و ئیداریی دڵسۆزە. 
 
سەلاحەددین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەشڵێت، "لە خوای رەحمان داوای رەحمەت و لێخۆشبوون بۆ کۆچکردووی بەڕێز دەکەم، داوای سەبووری و پاداشتی فراوان دەکەم بۆ کەسوکار، بنەماڵە و سەرجەم پارێزگای هەولێر". 
 
دەقی پەیامەکەی ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو:
 
بسم الله‌ الرحمن الرحیم
(كُلُّ مَنْ عَلَيْهَا فَانٍ ۝ وَيَبْقَى وَجْهُ رَبِّكَ ذُو الْجَلالِ وَالإكْرَامِ)
 
بنەماڵەی بەرێزی دکتۆر فرسەت سۆفی ..
 
السلام علیکم ورحمة اللە
 
هەواڵی کۆچی دوایی دۆستی بەرێزم کاک دکتۆر فرسەت پارێزگاری هەولێر دڵگرانی کردم.. بەم بۆنەوە پرسەو سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەو کەسوکارو خزمانی کۆچکردو ئەکەین .. کۆچی دوایی ئەم گەنجە چالاک وپارێزگارە خەمخۆرە لەدەستدانی کەسێکی ئەکادیمی و پەرلەمانتارو ئیداری دڵسۆزە .. لەخوای رەحمان داوای رەحمەت و لێخۆشبون بۆ کۆچکردووی بەرێز ئەکەم، داوای سەبوری و پاداشتی فراوان ئەکەم بۆ کەسوکارو بنەماڵەو سەرجەم پارێزگای هەولێر.. کۆتایی خەم بێ.
 
اناللە وانا الیه‌ راجعون
 
براتان
صلاح الدين محمد بهاءالدين
 
ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی كوردستان
زیاتر بخوێنەوە

13:58

گوێ لە دایکی فرسەت سۆفی بگرن چی دەڵێت؟

گوێ لە دایکی فرسەت سۆفی بگرن چی دەڵێت؟
گوێ لە دایکی فرسەت سۆفی بگرن چی دەڵێت؟
رووداو چووەته‌ ماڵی دایكی فرسه‌ت سۆفی له‌ گوندی گه‌زنه‌ی دۆڵی روستی باڵه‌كایه‌تی. دایكی قسە بۆ رووداو دەکات و ده‌ڵێت پێی خۆش نه‌بووە كوڕه‌كه‌ی ببێته‌ پارێزگار و پێیوایە كارێكی زه‌حمه‌ته. دەگێڕێتەوە کە فرسه‌ت سۆفی له‌ منداڵییه‌وه‌ ئارەزووی خوێندن بووه.
 
ئەم نیوزفیچەرەی رووداو دوای دەستبەکاربوونی د. فرسەت سۆفی وەک پارێزگاری هەولێر کراوە، دایک و برایەکی و خەڵکیش ئەو چاوەڕوانییەی لە د. فرسەت هەیانبووە باس دەکەن.
 
پوورە فاتیمە حەمەدەمین، دایكی فرسه‌ت سۆفیه‌. دایكێك ساڵی 2014 هاوژینه‌كه‌ی کۆچی دوایی کردووەو فرسه‌ت و سێ كوڕی دیكه ‌و چوار كچی گه‌وره‌ كردوون. ئەوکاتەی کوڕەکەی بووە پارێزگار، بڕیاری دا‌ مه‌ولوودێك بۆ سه‌ركه‌وتنی بكات. ئەو باسی منداڵیی د. فرسەت دەکات و دەڵێت "له‌ منداڵییه‌وه‌ مه‌راقی خوێندن بوو، ده‌یگوت دایكه‌ كه‌ بۆ نوێژی به‌یانی هه‌ستای، منیش هه‌ستێنه‌ ده‌خوێنم، هێمن و له‌سه‌رخۆ بوو، ئێستاش به‌ من بێت ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستی دێت بۆ فه‌قیر و كه‌م ده‌رامه‌تان بیكات".
 
گوندی گه‌زنه‌ی باڵه‌كایه‌تی‌ سه‌ر به‌ قه‌زای چۆمانە، زێدی پارێزگاری هه‌ولێرە، کە به‌ دووری 155 كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ باكووری شاری هه‌ولێر.
 
ئەو کاتەی د. فرسەت بووە پارێزگار، سەتاری برای سه‌رقاڵی کاری کشتوکاڵیی خۆی بوو. ئەو بە رووداوی گوت "جووتیاری و ئاژه‌ڵداری كاری باب و باپیرانمان بووه‌و هیچكات ده‌ستبه‌رداری نابین، ناچم له‌ سایه‌ی براكه‌م كه‌ بووەته‌ پارێزگار ببمه‌ حازرخۆری به‌ر سێبه‌ر. كارده‌كه‌م و هیواداریشم براكه‌م كاری باش بكات".
 
هه‌ولێر ساڵی 1923 بووه‌ته‌ پارێزگا، تاوەکو ئێستا 40 كه‌س پارێزگاری شاره‌كه‌ بوون‌.  فرسه‌ت سۆفی بە فەرمانی هەرێمی ژمارە 63ی ساڵی 2019 له‌ ته‌مه‌نی 41 ساڵی بووە‌ 41ه‌مین پارێزگاری هه‌ولێر.
 
 
د. فرسەت سۆفی
 
 -ساڵی 1978 لە دۆڵی روستی قەزای چۆمان لەدایکبووە
- 16-9-2019 سوێندی یاسایی خوارد و رۆژێک دواتر وەک پارێزگاری هەولێر دەستبەکاربوو 
- دکتۆرای لە یاسای گشتی هەیە
- مامۆستای زانکۆی پۆلەتەکنیکی هەولێر بوو
- ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان بوو
- ئەندامی دەستەی راوێژکاریی یاسایی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بوو
- ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان بوو
- ئەندامی لیژنەی باڵای چاکسازی بوو
-سەرۆکی لیژنەی کاتیی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بوو
19-10-2020 تووشی کۆرۆنا بوو.
لە 3-11-2020 بۆ چارەسەری پزیشکی رەوانەی تورکیا کرا
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 18-11-2020 کۆچی دواییکرد
 
د. فرسەت سۆفی لەماوەی دەستبەکاربوونی وەک پارێزگاری هەولێر چەندین کار و پرۆژەی گرنگی لە هەولێر و قەزا و ناحیەکانی دەوروبەری ئەو پارێزگایە ئەنجامداوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

12:19

بارزانی: کوڕێکی خۆم لەدەستدا

سەرۆک بارزانی و فرسەت سۆفی
سەرۆک بارزانی پەیامێکی هاوخەمی بۆ کۆچی دوایی دکتۆر فرسەت سۆفی، پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر بڵاوکردەوە و دەڵێت، لەدەستدانی گەنجێكی دڵسۆزی وەك د. فرسەت خەسارەتێكی گەورەیە، كوڕێكی خۆم لەدەست دا.
 
سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا کە ئاراستەی ماڵباتی فرسەت سۆفی، پارێزگاری کۆچکردووی هەولێری کردووە و ئاماژە بەوە دەدات "هەواڵی كۆچی دوایی د. فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر زۆر خەمبار و دڵتەنگی كردم. خوالێخۆشبوو د. فرسەت سۆفی نموونەی لێهاتوویی و دڵسۆزی و دەستپاكی و، كادیرێكی نیشتیمانپەروەر و چالاك بوو كە لە ماوەیەكی كەمدا توانی خۆی بسەلمێنێ و جێگەی خۆی لەناو دڵی جەماوەردا بكاتەوە. ."
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 18-11-2020، دکتۆر فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر دوای تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دەرەوەی وڵاتی کۆچی دواییکرد . 
 
رۆژی 19-10-2020، بەڕێوەبەری نووسینگەی پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، دوای ئەنجامدانی پشکنین دەرکەوت کە فرسەت سۆفی تووشی کۆرۆنا بووە. دواتر بەهۆی خراپیی دۆخی تەندروستی بەرەو دەرەوەی وڵات بەڕێکرا.
 
پەیامی سەرەخۆشیی سەرۆك بارزانی بۆ كۆچی دوایی د. فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر
 
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
 
هەواڵی كۆچی دوایی د. فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر زۆر خەمبار و دڵتەنگی كردم. خوالێخۆشبوو د. فرسەت سۆفی نموونەی لێهاتوویی و دڵسۆزی و دەستپاكی و، كادیرێكی نیشتیمانپەروەر و چالاك بوو كە لە ماوەیەكی كەمدا توانی خۆی بسەلمێنێ و جێگەی خۆی لەناو دڵی جەماوەردا بكاتەوە. لەدەست دانی گەنجێكی دڵسۆزی وەك د. فرسەت خەسارەتێكی گەورەیە، كوڕێكی خۆم لەدەست دا.
 
سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادە و كەسوكاری خوالێخۆشبوو د. فرسەت  و هەموو هاوكارانی لە حكوومەت و پارێزگا و تەواوی خەڵكی شاری هەولێر دەكەم و لە خودای گەورە داواكارم جێگەی بەهەشت بێت و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.
انا للە و انا الیە راجعون
مسعود بارزانی
18ـی تشرینی دووەمی 2020
 
زیاتر بخوێنەوە

11:49

رێواز فایەق: دکتۆر فرسەت هاوڕێیەکی بە ئەمەک و جێگەی متمانە بوو

رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پرسەنامەیەکی ئاراستەی کەسوکاری پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر کرد و رایگەیاند، دکتۆر فرسەت کەسێکی جیاواز و تایبەت بوو، هاوڕێیەکی بە ئەمەک و جێگەی متمانە بوو، پەرۆشی یەکڕیزیی و تەبایی و برایەتی بوو، هەرکات ناکۆکیی نێوان هێزە سیاسییەکان و بەتایبەت یەکێتی و پارتی دەگەیشتە ئاستێک کە لەچارەسەر بێئومێد ئەبووین، ئەو ئازایانە کاری بۆ گرێدانەوە ئەکرد.
 
رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە پرسەنامەکەدا سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکارەکەی دەکات و دەشڵێت "د.فرسەت وەک پارێزگار بەختی ئەوەی نەبوو پلان و بەرنامەکانی جێبەجێ بکات، بەڵام هەر لە سەرەتای پەیدابوونی ڤایرۆسی کۆرۆناوە شەو و رۆژی خستە سەر یەک لەپێناو خزمەتکردن و خۆشەویستی و پاراستنی هەولێرییەکان، دواجاریش هەر بەهۆی دڵسۆزی کارکردن و بەریەککەوتنی بەردەوامی لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکان بەقورسی دووچاری ئەم پەتا نەگریسە بوو، زۆر بەداخەوە کە مەرگ ڕێگەی پێنەدا پڕۆژە نیشتمانیەکانی بگەیەنێتە ئامانج."
 
دەقی پرسەنامەکەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بۆ کۆچی دوایی فرسەت سۆفی، پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر
 
زۆر بەداخەوە هەواڵی کۆچی دوایی پارێزگاری شاری هەولێر و ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان دکتۆر فرسەت سۆفی- مان پێگەیشت.
 
دکتۆر فرسەت کەسێکی جیاواز و تایبەت بوو، هاوڕێیەکی بە ئەمەک و جێگەی متمانە بوو، پەرۆشی یەکڕیزیی و تەبایی و برایەتی بوو، هەرکات ناکۆکیی نێوان هێزە سیاسییەکان و بەتایبەت یەکێتی و پارتی دەگەیشتە ئاستێک کە لەچارەسەر بێئومێد ئەبووین، ئەو ئازایانە کاری بۆ گرێدانەوە ئەکرد، بۆیە شایەدی بۆ دەدەم لەماوەی (٥) ساڵی کارکردنمان پێکەوە هەرگیز و لەهیچ بارودۆخێکدا هۆکاری تێکدان و ترازان نەبوو.
 
د.فرسەت وەک پارێزگار بەختی ئەوەی نەبوو پلان و بەرنامەکانی جێبەجێ بکات، بەڵام هەر لە سەرەتای پەیدابوونی ڤایرۆسی کۆرۆناوە شەو و رۆژی خستە سەر یەک لەپێناو خزمەتکردن و خۆشەویستی و پاراستنی هەولێرییەکان، دواجاریش هەر بەهۆی دڵسۆزی کارکردن و بەریەککەوتنی بەردەوامی لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکان بەقورسی دووچاری ئەم پەتا نەگریسە بوو، زۆر بەداخەوە کە مەرگ ڕێگەی پێنەدا پڕۆژە نیشتمانیەکانی بگەیەنێتە ئامانج، کۆچی دوایی د. فرسەت سۆفی خەسارەتێکی ئێجگار گەورەیە، داخ و کەسەرێکی گەورەی خستە دڵمانەوە، بەم بۆنە خەمناکەوە پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەو کەسوکاری و هاوڵاتیانی شاری هەولێر دەکەین، داواکارین لەخوای گەورە سەبرو ئارامی بە خانەوادە و ئازیزانی ببەخشێ و خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرینی خۆی شاد بکات.
 
انا لله وانا الیە راجعون
د. رێواز فایەق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
 
زیاتر بخوێنەوە

11:28

فەرسەت سۆفی لە رۆمانی دایكەوە

ئاکۆ محەممەد
بەر لە راپەڕین، بە بنەماڵە یەكترمان دەناسی، چونكە لە گوندی گەزنە خانەخوێی و تێكەڵاوی خێزانییان لەگەڵ ئەو خزمە نزیكە پێشمەرگانەی ئێمەدا هەبوو كە لە خانووەكانی ئەواندابوون لەكاتی شۆڕشی ئەیلوول دا. لەكاتی راپەڕین هەردووكمان گەورەببووین، من بە سێ چوار ساڵ لەو گەورەتربووم. ئەوكات داوامان لە زۆر گەنجی شارۆچكەی دیانا دەكردن ببنە ئەندامی یەكێتی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان، هەندێكیان هێشتا لە ترسی گەڕانەوەی رژێمی عێراق خۆیان دەپاراست و رازی نەدەبوون، ئەو رۆژەی داوام لە كاك فەرسەت كرد، یەكسەر رازیبوو و زۆریش پێخۆش بوو. ئەو رۆژە بیجامەیەكی لەبەربوو و تۆپێكیشی لە دەستدابوو، هەر بەوشێوەیە خۆی و برادەرێكی لەگەڵم هاتن و یەكسەر چووین بۆ مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان، كە ئەوكات لەنێو قوتابخانەی دواناوەندی دیانا بوو. لەوێ كە كاك دژوار فایق، ئەندامی سكرتاریەت قسەی لەگەڵ كرد، زۆر پێی سەرسام بوو. چونكە كاك فرسەت باسی ئەوەی دەكرد كە رۆمانی(دایك)ی مەگسیم گۆركی و (مردووخۆرەكان) خوێندووەتەوە. قسە و گفتوگۆی كاك فەرسەت كەسێكی زۆر گەورەتر لەو مێرد منداڵەی پیشاندەدا كە ئێمە لەگەڵی دانیشتبووین.
 
پەیوەندی من و كاك فەرسەت لەو رۆژەوە زۆر بەهێزتر دەبوو. زۆر پەرتووكمان ئاڵوگۆڕ دەكردن. گەنجێكی زۆر نیشتیمانپەروەر بوو، بەشێكی ئەو هەستەی لە سەرسامی یەكجار زۆری بە شیعرەكانی عەبدوڵڵا پەشێو سەرچاوەی دەگرت. ئەوكات ئێمە چالاكی رۆشنبیری و هونەریمان زۆربوون، حەزم دەكرد بەردەوام كاك فەرسەت بە جەستە بچووكە و هۆش مەزنەی خۆیەوە لە پێشەوە و بەگەورەیی ببینرێت. كە ببووە پارێزگار بە كاك سەنگەر عەبدولڕەحمانی هاوكارمانی گوتبوو "ئاكۆ پێشتریش هەروابوو، وتاری دەنووسین بۆ ئاهەنگ و رێوڕەسمی نمایشكردنی شانۆگەرییەكانمان و دەیگوت تۆ بچۆ بیخوێنەوە".
 
دوای ئەوەی من لە یەكێتی قوتابیانی كوردستان كشامەوەو ئەو هەنگاو بە هەنگاو بەتوانا و لێهاتوویی خۆی دەچووە پێشەوە. پەیوەندیمان بەردەوام بوو، بەڵام بەشێوەیەكی كەمتر. دوای ئەوەی دەستم بە كاری رۆژنامەڤانی كرد وەك پیشە، ئەویش بووە سەرنووسەری (روانین)ی یەكێتی قوتابیانی كوردستان پەیوەندیمان زۆرتر بووەوە. هەموو كارێكی زۆر بە رژدی و لە دڵەوە وەردەگرت، بۆیەش پێیەوە ماندوو دەبوو، بەڵام سەركەوتن ئەنجامەكەیان بوو. بەلای منەوە تائێستا رۆژنامەی (روانین) سەركەوتووترین هەفتەنامەی قوتابیان بووە لە كوردستان. كە لە رۆژنامەكە نەما پێگوتم "نەمدەزانی بەبێ ئەو هەموو ماندووبوونە، ژیان ئەوەندە خۆشە". ئەوكاتەی لە پەرلەمان بوو، دوای ئەوەش پەیوەندیمان هەر بەردەوام بوو.
 
بەر لەوەی ببێتە پارێزگار، هاتەلام و گوتی دەمەوێ راوێژت لەگەڵ بكەم. دوای ماوەیەك بە تەلەفۆن قسەمان كرد، پێمگوت هەستدەكەم زۆر ماندووی و ماندووبوونی سەردەمی (روانین)ت بۆ گەڕاوەتەوە، گوتی زۆر زۆر ماندووم، بەڵام ئینشاڵڵا زۆر كاری باش دەكەین.
 
لە وەفاداری خۆی بۆ رابردووی نێوانمان لە هەموو هەنگاوە گەورەكان راوێژێكی لەگەڵ دەكردم. ئەوكاتەی بووە پارێزگار و دایكی لە نیوزفیچەرێكی رووداو دا قسەی كرد و گوتی فەرسەت هەمیشە برادەرایەتی كەسانی لەخۆ بەتەمەنتری دەكرد. پێیگوتم دایكم مەبەستی تۆ بوو.
 
كە هەواڵی نەخۆشكەوتنی بڵاوبووەوە نامەم بۆ نارد، بەڵام وەڵامی نەبوو. لە نەخۆشخانە چوومەلای، لەو دوو خولەكەی چوومە ژوورەكەیەوە هەوڵمدا بە چاكبوونەوەی پیرەژنە 120 ساڵییەكەی جزیرە دڵی بدەمەوە، بەڵام ئەو شێوەیەی من بینیم و، چیرۆكی چارەسەرییەكەی لە ماڵ و بەر لەوەی ببردرێتە نەخۆشخانە زۆر دڵتەنگی كردم. كە بردرایە توركیا، جارێك هەواڵەكەیم لە بەڕێوەبەری بەشی تەندروستیی نووسینگەی كاك نێچیرڤان بارزانی پرسی، چەند جارێك لە خزمێكی، پێیاندەگوتم باشە، بەڵام ئەو دیمەنەی من بینیمبوو، وایدەكرد زۆر هیوادار نەبم. ئەمڕۆ كە هەواڵی كۆچباركردنی ئەوم پێگەیشت، هەواڵە ناخۆشە چاوەڕوانكراوەكەم بیست.
 
كوردستان نیشتیمان پەروەرێكی لەدەستدا، منیش كەسێكی خۆشەویست. ماڵئاوا كاك فەرسەت و ئێزدانی مەزن ئاگاداری رووحت بێت، دڵنیابە باسی تۆ بە وتارە لە ژیانی من و برادەرەكانت دا كۆتایی نایێت، چونكە چیرۆكێكی سەركەوتووی كوردستانی. هەزاران چرا لەسەر گۆڕت بن.
زیاتر بخوێنەوە

11:08

مەسرور بارزانی: کۆچی دوایی فرسەت سۆفی زیانێکی گەورەیە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پرسەنامەیەک ئاراستەی کەسوکاری دکتۆر فرسەت سۆفی، پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر دەکات و دەڵێت، "د.فرسەت کەسێکی نیششتمانپەروەر و دڵسۆز و لێهاتوو بوو. هەموو ژیان و تەمەنی خۆی لە خزمەتکردنی نیشتمان و خەڵکیدا بە سەربرد."
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پرسەنامەکەدا ئاماژە بەوە دەدات، لە نزیکەوە ئاگاداری دڵسۆزی و پەرۆشی و کارامەیی ئەو بووم لە خزمەتکردنی خەڵکی هەولێر و هەرێمی کوردستان بە گشتی . بۆیە کۆچکردنەکەی زۆر خەمگینی کردم و زیانێکی گەورەشە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان . 
 
دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی بۆ کۆچی دوایی فرسەت سۆفی
 
*پەیامی سەرەخۆشی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆچی دوایی پارێزگاری هەولێر
د. فرسەت سۆفی* 
 
• د.فرسەت کەسێکی نیششتمانپەروەر و دڵسۆز و لێهاتوو بوو. هەموو ژیان و تەمەنی خۆی لە خزمەتکردنی نیشتمان و خەڵکیدا بە سەربرد.
 
• لە نزیکەوە ئاگاداری دڵسۆزی و پەرۆشی و کارامەیی ئەو بووم لە خزمەتکردنی خەڵکی هەولێر و هەرێمی کوردستان بە گشتی . بۆیە کۆچکردنەکەی زۆر خەمگینی کردم و زیانێکی گەورەشە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان .  
 
بەخەم و پەژارەیەکی قووڵەوە هەواڵی کۆچی دوایی پارێزگاری هەولێر (د. فرسەت سۆفی)مان پێگەیشت. کاک د.فرسەت کەسێکی نیششتمانپەروەر و دڵسۆز و لێهاتوو بوو. هەموو ژیان و تەمەنی خۆی لە خزمەتکردنی نیشتمان و خەڵکیدا بە سەربرد و لە هەموو پۆست و بەرپرسیارەتییەکانیدا،  لە قۆناغی پەرلەمانتاریی و دواتریش ، داکۆکیکارێکی دیاری پرۆسەی چاکسازیی بوو. بەتایبەتی وەک پارێزگاری هەولێر، ئەرکەکانی بە دڵسۆزی و لە خۆبردوویی بەجێ دەگەیاند و خۆم لە نزیکەوە، ئاگاداری دڵسۆزی و پەرۆشی و کارامە ئەو بووم لە خزمەتکردنی خەڵکی هەولێر و هەرێمی کوردستان بە گشتی ، بۆیە کۆچکردنەکەی زۆر خەمگینی کردم و زیانێکی گەورەشە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان .  
 
بەم بۆنە خەمناکەوە، ماتەمینی خۆمان ڕادەگەیەنین و پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە نیشتمانپەروەرەکەی و خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی پارێزگای هەولێر دەکەم. خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و سەبووری و ئارامیش بە هەموولایەکمان ببەخشێت.
 
یاد و هەڵوێستەکانی کاک د.فرسەت سۆفی هەمیشە بە زیندوویی دەمێننەوە.
 
مەسرور بارزانی 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/11/18
زیاتر بخوێنەوە

10:52

قوباد تاڵەبانی: دکتۆر فرسەت سۆفی تەنیا هی پارتی نەبوو هی هەمووان بوو

قوباد تاڵەبانی: دکتۆر فرسەت سۆفی تەنیا هی پارتی نەبوو هی هەمووان بوو
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پرسەنامەیەکدا کە ئاراستەی کەسوکاری دکتۆر فرسەت سۆفی پارێزگاری کۆچکردووی هەولێری کردووە دەڵێت "کاک فرسەت سەرکردایەتی پارتی بوو، پارێزگاری هەولێر بوو، بەڵام تەنها هی هەولێر و پارتی دیموکراتی کوردستان نەبوو، هی هەمووان بوو و لە دەست هەمووان رۆیشت."
 
قوباد تاڵەبانی،  جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پرسەنامەکەدا ئاماژە بەوە دەدات "فرسەت سۆفی نەک تەنها کەسێکی کارا و دڵسۆز و خەمخۆر بوو، بەڵکو هاوڕێشم بوو. کەسێک بوو کە بەردەوام بە بێ دەنگی پێکەوە ئاگر و ناکۆکی سیاسیمان ئەکوژاندەوە. هەمیشە پەرۆشی یەکڕیزیی سیاسیی کوردستان بوو. دەستی هەبوو لە هەموو رێککەوتن و هەنگاوەکانی ئەم چەند ساڵەی رابردوو لەپێناو ئارامیی و تەبایی نێوان یەکێتی و پارتی."
 
دەقی پرسەنامەکەی قوباد تاڵەبانی بۆ کۆچی دوایی فرسەت سۆفی 
 
بە‌ڕێزان كە‌سوكار و بنە‌ماڵە‌ی كۆچكردوو كاك فە‌رسە‌ت سۆفی
 
زۆر بەداخەوە ئەمرۆ خزمەتکارێکی جوان و دڵسۆزی کوردستان و بە تایبەت هەولێرمان لێ رۆیشت.
 
فەرسەت سۆفی نەک تەنها کەسێکی کارا و دڵسۆز و خەمخۆر بوو، بەڵکو هاوڕێشم بوو. کەسێک بوو کە بەردەوام بە بێ دەنگی پێکەوە ئاگر و ناکۆکی سیاسیمان ئەکوژاندەوە. هەمیشە پەرۆشی یەکڕیزیی سیاسیی کوردستان بوو. دەستی هەبوو لە هەموو رێککەوتن و هەنگاوەکانی ئەم چەند ساڵەی رابردوو لەپێناو ئارامیی و تەبایی نێوان یەکێتی و پارتی. کەسێک بوو نەدەترسا راستیەکان بە سەرووی خۆی بڵێ، نەشدەترسا هەڵوێستی جوامێرانە بنوێنێت.
 
راستە کاک فەرسەت سەرکردایەتی پارتی بوو، پارێزگاری هەولێر بوو، بەڵام تەنها هی هەولێر و پارتی دیموکراتی کوردستان نەبوو، کاک فەرسەت، هی هەمووان بوو و لە دەست هەمووان رۆیشت.
 
رۆحی شاد بێت.
 
قوباد تاڵە‌بانی
جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران
زیاتر بخوێنەوە

10:40

وەزیری دارایی: د.فرسەت سۆفی نموونەی پارێزگارێكی سەركەوتوو، دڵسۆز و راستگۆ بوو

وەزیری دارایی: د.فرسەت سۆفی نموونەی پارێزگارێكی سەركەوتوو، دڵسۆز و راستگۆ بوو
 
 
ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری فرسەت سۆفی پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر دەکات و دەڵێت " پارێزگاری جوانەمەرگ لە ماوەی زیاتر لە ساڵێك ئەوەی نیشاندا كە د.
فرسەت سۆفی نموونەی پارێزگارێكی سەركەوتوو، دڵسۆز، راستگۆ بوو، ئەو هەمیشە دەیویست خزمەتی كوردستان بكات و لایەنەكان بە بێ جیاوازی لە یەكدی نزیك بكاتەوە".
 
دەقی پرسەنامەکەی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان
 
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
 
بەبۆنەی كۆچی لەناكاوی پارێزگاری هەولێر جوانەمەرگ د. فرسەت سۆفی پرسە و ماتەمینی و هاوخەمی خۆمان ئاراستەی كەسوكار و سەرجەم خەڵكی پارێزگای هەولێر  دەكەین. پارێزگاری جوانەمەرگ لە ماوەی زیاتر لە ساڵێك ئەوەی نیشاندا كە د.
فرسەت سۆفی نموونەی پارێزگارێكی سەركەوتوو، دڵسۆز، ڕاستگۆ بوو، ئەو هەمیشە دەیویست خزمەتی كوردستان بكات و لایەنەكان بە بێ جیاوازی لەیەكتر نزیك بكاتەوە. دكتۆر فرسەت  بەدەر لە پارێزگای هەولێر گرنگی تەواوی بە پێداویستی و داخوازیانی پارێزگاكانی دیكەش دەدا. هەر بۆیە مەرگی ئەو لەناخەوە ئازاری داین و  داوكارین لە خوای دلۆڤان بە بەهەشتی بەرینی شاد بكات و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.
 
ئاوات جەناب نوری
وەزیری دارایی و ئابوری
زیاتر بخوێنەوە

10:11

نێچیرڤان بارزانی: د. فرسەت كەسێكی كارزان و دڵسۆز بوو

دکتۆر فرسەت سۆفی، پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پرسەنامەیەکی ئاراستەی ماڵباتی دکتۆر فرسەت سۆفی، پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر کرد و رایگەیاند "د. فرسەت كەسێكی كارزان و دڵسۆز بوو."
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پرسەنامەکەیدا رایدەگەیێنیت "د. فرسەت سۆفی هەر لەسەرەتای تەمەنییەوە رۆڵێكی گرنگی لە ریزەكانی یەكێتیی قوتابیانی كوردستاندا گێڕا، دواییش وەك كادیرێكی پێشكەوتوو لە بواری كاری جەماوەریدا رۆڵی هەبوو، هەروەها وەك پەرلەمانتارێكی چالاك و یاساناسێكی لێهاتوو رۆڵێكی زۆر بەرچاوی لە پەرلەمانی كوردستاندا هه‌بوو. كارزانی، دەستپاكی، نیشتمانپەروەری و دڵسۆزیی د. فرسەت، ئەوی كردبووە كەسێكی خۆشەویست و جەماوەری."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دڵەوە خەمگینی خۆی بۆ کۆچی دوایی دکتۆر فرسەت سۆفی رادەگەیێنێت و دەشڵێت "دوای وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری هەولێر، زۆر بە دڵسۆزییەوە بەدەم كێشەكانی خەڵكەوە دەچوو، زۆر پرۆژەی هەبوون بۆ پێشخستنی زیاتری شاری هەولێر و هەموو ناوچەكانی پارێزگای هەولێر. بەداخەوە مەرگ رێگەی نەدا زیاتر خزمەتی هەولێر و كوردستان بكات."
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 18-11-2020، دکتۆر فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر بە کۆرۆنا لە دەرەوەی وڵاتی کۆچی دواییکرد و بڕیاریشە سبەی بگەڕێندرێتەوە هەرێمی کوردستان. 
 
دەقی پەیامی هاوخەمیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ کۆچی دوایی دکتۆر فرسەت سۆفی
 
بەبۆنەی كۆچی دواییی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێره‌وه‌، لە دڵەوە خەمگینی و ماتەمینیی خۆمان ڕادەگەیه‌نین و سەرەخۆشی لە خێزان و كەسوكاری و هەموو خەڵكی پارێزگای هەولێر و کوردستان دەكەم.
 
د. فرسەت سۆفی هەر لەسەرەتای تەمەنییەوە ڕۆڵێكی گرنگی لە ڕیزەكانی یەكێتیی قوتابیانی كوردستاندا گێڕا، دواییش وەك كادیرێكی پێشكەوتوو لە بواری كاری جەماوەریدا ڕۆڵی هەبوو، هەروەها وەك پەرلەمانتارێكی چالاك و یاساناسێكی لێهاتوو ڕۆڵێكی زۆر بەرچاوی لە پەرلەمانی كوردستاندا هه‌بوو. كارزانی، دەستپاكی، نیشتیمانپەروەری و دڵسۆزیی د. فرسەت، ئەوی كردبووە كەسێكی خۆشەویست و جەماوەری.
 
دوای وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری هەولێر، زۆر بە دڵسۆزییەوە بەدەم كێشەكانی خەڵكەوە دەچوو، زۆر پڕۆژەی هەبوون بۆ پێشخستنی زیاتری شاری هەولێر و هەموو ناوچەكانی پارێزگای هەولێر. بەداخەوە مەرگ ڕێگەی نەدا زیاتر خزمەتی هەولێر و كوردستان بكات.
 
خوای مه‌زن گیانی به‌ به‌زه‌یی و میهره‌بانیی خۆی شاد بكات و دڵنەوایی بە هەموو لایەك ببەخشێت. كار و دڵسۆزیی د. فرسەت سۆفی، هەمیشە لە یادی ئێمەدا دەمێنێتەوە.
 
 
نێچیرڤان بارزانی
 
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
 
18/11/2020
 
زیاتر بخوێنەوە

09:37

کۆنسوڵی بەریتانیا لە هەولێر: بەداخەوەین بۆ کۆچی دوایی دکتۆر فرسەت سۆفی

فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر
کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری دکتۆر فرسەت سۆفی پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر دەکات و دەڵێت "‏زۆر بەداخەوەین بە بیستنی ھەواڵی کۆچی دوایی د. فەرسەت سۆفی، پارێزگاری ھەولێر. سەرەخۆشی و ھاوخەمی خۆمان بۆ خانەوادەکەی و ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دەردەبڕین."
 
زیاتر بخوێنەوە

08:52

پارێزگاری دهۆک: دکتۆر فرسەت سۆفی کەسێکی راستگۆ و ماندوونەناس بوو

د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک
د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک پرسەنامەیەک ئاراستەی کەسوکاری د. فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر دەکات و رایدەگەیێنێت "بە داخەوە هەڤاڵ و برایەکی ئازیز، کەسێکی خاکی و خۆشەویست، راستگۆ و ماندوونەناس دکتۆر فرسەت سۆفی گیانی لەدەستدا."
 
پارێزگاری دهۆک سەرەخۆشی خۆی لە کەسوکاری پارێزگاری هەولێر و خەڵکی هەولێر و هەموو کوردستانییان دەکات و دەشڵێت " ئێمە کەسێکی بە توانا، پاک و راستگۆمان لەدەستداوە، جێگەی بەهەشت بێت و رەوانی شاد بێت."
زیاتر بخوێنەوە

08:43

پارێزگاری سلێمانی: بەداخەوە بۆ کۆچی دوایی برا و هاوڕێی ئەزیزم دکتۆر فرسەت سۆفی

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی ماڵباتی کەسوکاری پارێزگاری هەولێر دەکات و رایدەگەیێنێت "بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە؛ پرسە و پەژارە و خەم و ماتەمینیی خۆمان بۆ کۆچی جوانەمەرگانەی براو هاوڕێ و هاوکارو ئازیز و بەڕێزمان کاکە دکتۆر فەرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان؛ دەردەبڕین."
 
پارێزگاری سلێمانی ئاماژە بەوە دەدات، داواخوازین خودای گەورە ئارامیی بە  هەموو لایەکمان ببەخشێت و رۆحی بەڕێزیان شادبێت.
 
دەقی پرسەنامەکەی د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی
 
بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە؛ پرسەو پەژارەو خەم و ماتەمینیی خۆمان بۆ کۆچی جوانەمەرگانەی براو هاوڕێ و هاوکارو ئازیزو بەڕێزمان کاکە دکتۆر فەرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان؛ دەردەبڕین.
 
داواخوازین خودای گەورە ئارامیی بە  هەموو لایەکمان ببەخشێت  و ڕۆحی بەڕێزیان شادبێت.
‏‎انا للە وانا الیە راجعون
۲٠۲٠/۱۱/۱۸
 
 
زیاتر بخوێنەوە

08:08

فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر کۆچی دواییکرد

فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر
رووداو دیجیتاڵ 

دوای ماوەیەکی زۆر لە تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر کۆچی دواییکرد.
 
سەرچاوەیەک لە ماڵباتی د.فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای ماوەیەکی زۆر لە نەخۆشکەوتنی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 18-11-2020 پارێزگاری هەولێر لە دەرەوەی وڵاتی کۆچی دواییکرد. 
 
رۆژی 19-10-2020، بەڕێوەبەری نووسینگەی پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، دوای ئەنجامدانی پشکنین دەرکەوت کە فرسەت سۆفی تووشی کۆرۆنا بووە. دواتر بەهۆی خراپیی دۆخی تەندروستی بەرەو دەرەوەی وڵات بەڕێکرا.
 
پارێزگاری هەولێر لە ماوەی دەستبەکاربوونی وەک پارێزگاری هەولێر چەندین کار و پرۆژەی گرنگی لە هەولێر و قەزا و ناحیەکانی دەوروبەری ئەو پارێزگایە ئەنجامداوە. دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش بەردەوام رێنمایی بڵاودەکردەوە و بە خەڵکی دەگوت کە دەبێت خۆتان بپارێزن و دووربن لە شوێنی قەرەباڵخ. 

 

 
د. فرسەت سۆفی، لە ساڵی 1978 لە قەزای چۆمان لەدایکبووە، مانگی 9ی ساڵی رابردوو بووە پارێزگاری هەولێر. 
 
- دکتۆرای لە یاسای گشتی هەیە
- مامۆستای زانکۆی پۆلەتەکنیکی هەولێر بوو
- ئەندامی خوولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان بوو
- ئەندامی دەستەی راوێژکاریی یاسایی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بوو
- ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان بوو
- ئەندامی لیژنەی باڵای چاکسازی بوو
- سەرۆکی لیژنەی کاتیی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بوو 
 
فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر خێزانداربوو و لەدوای خۆی دوو کوڕ و دوو کچی بەناوەکانی (هێڤار، هێدار، نڤار و ڤیار). جێهێشت، کە تەمەنیان لەنێوان پێنج ساڵ و 17 ساڵە. 
 
 

 د.فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر

 د.فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر

 
زیاتر بخوێنەوە