رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کورستان دەڵێت، زیاتر لە 100 ملیۆن لیتر نەوت بەسەر 515 هەزار خێزاندا دابەشکراوە. بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەڵەبجەش دەڵێت، ئەم ساڵ بەشێکی خەڵکی ناوچەکەیان دوو بەرمیل نەوت وەردەگرن.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، تاوەکو رۆژی هەینی، 17-11-2023، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 100 ملیۆن لیتر نەوت بەسەر 515 هەزار خێزاندا دابەشکراوە، کە هەرخێزانێک بەرمیلێکی وەرگرتووە. دابەشکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان لە 28ـی مانگی رابردووەوە دەستیپێکرد و لە سەنتەری شارەکانی سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە دابەشكردنی نەوت بەردەوامە.
لە سلێمانی کە بۆ دابەشکردنی نەوت کراوە بە 10 مەڵبەند، دابەشکردنەکە لە دوایین مەڵبەندی شارەکەدا بەردەوامە و بڕیارە ئەمڕۆ لە لە گەڕەکەکانی تاڤگە، کانی کوردە، کانی سپیکە و گردەبڕاوەکە نەوت دابەشبکرێت.
دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری هەڵەبجەش بەردەوامە. ژیار ئەکرەم، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەڵەبجە ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نزیکەی چوار ملیۆن لیتر نەوتیان بەسەر زیاتر لە 21 هەزار خێزاندا دابەشکردووە و دابەشکردنیش بەردەوام دەبێت.
ژیار ئەکرەم گوتی، زیاتر لە 10 هەزار بەرمیلیان لەنێو شاردا داوە بەو خێزانانەی پار نەوتیان وەرنەگرتووە. گوتیشی، "دابەشکردن لە ناوچە شاخاوییەکانیش کۆتاییهاتووە. ئێستا رەزامەندیی پارێزگارمان دەوێت بۆ دابەشکردنی نەوت لەنێو شاردا بەسەر ئەو خێزانانەی ئەم ساڵ نەوتیان وەرنەگرتووە، یان دووبارە دابەشکردن لە ناوچە شاخاوییەکان. لە هەردوو دۆخەکە بەشێک لە خێزانەکان وەرگرتنی نەوتیان دەبێتە دوو بەرمیل لە ئەم ساڵدا، کە مافی خۆیانە و پێشتر چەند ساڵێک نەوت دابەش نەکراوە".
لەنێو شارەکانی دهۆک و زاخۆ زیاتر لە 8 هەزار خێزان نەوتیان وەرگرتووە. 15ـی ئەم مانگە، موحسین تەها، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە 12ـی ئەم مانگەوە دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری شاری دهۆک دەستیپێکردووە و زیاتر لە چوار هەزار بەرمیل بەسەر چوار هەزار خێزاندا دابەشکراوە و لە زاخۆش زیاتر لەو ژمارەیە دابەشکراوە.
لە سەنتەری هەولێر تاوەکو ئێستا نەوت دابەش نەکراوە. بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، 26ـی ئەم مانگە نەوت لە سەنتەری شاری هەولێریش دابەش دەکرێت.
04-10-2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دابەشکردنی نەوتی ماڵان لە ناوچە شاخاوییەکان دەستیپێکردووە کە هەر ماڵێک بەرمیلێکی 200 لیتری پێدەدرێت. نرخی بەرمیلێک نەوت 104 هەزار دینارە کە چوار هەزاری بۆ کرێی گواستنەوەیە.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و 285 هەزار خێزان هەن. ساڵی رابردوو لەو ژمارەیە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان نەوتی بەسەر زیاتر لە 383 هەزار خێزانی ناوچە شاخاوییەکاندا دابەشکرد. لە 20ـی ئۆکتۆبەرەوە دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان دەستیپێکرد و تاوەکو نێوەڕاستی مانگی ئادار بەردەوام بوو.
ساڵی رابردوو زۆرترین نەوت لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر دابەشکرا کە زیاتر لە 31 ملیۆن لیتر بوو؛ لە ناوچە شاخاوییەکانی سلێمانی زیاتر لە 24 ملیۆن لیتر؛ لە ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک زیاتر لە 15 ملیۆن لیتر و لە ناوچە شاخاوییەکانی هەڵەبجەش زیاتر لە 639 هەزار لیتر نەوتی سپی دابەشکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ