رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لەسەر بنەمای راپۆرتی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، بەهۆی دابەزینی پلەی گەرما سبەی و دووسبەی دەکەنە پشوو. پارێزگاری هەولێریش دەڵێت، "ئێمە نایکەینە پشوو." هاوکات گوتەبێژی خوێندنی باڵایش گوتی، "دەسەڵات بە سەرۆک زانکۆکان دراوە."
ئەمڕۆ دووشەممە 19-01-2026 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "مەرج نییە ئەو شەپۆلەی بەڕێوەیە ئێمە بگرێتەوە، رەنگە رەوشەکە هێندە سارد نەبێت تاوەکو سبەی و دووسبەی پشوو رابگەیێنین."
هەر ئەمڕۆ پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لەسەر بنەمای راپۆرتی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی دابەزینی پلەی گەرماوە، لەپێناو پاراستنی سەلامەتی و تەندروستیی گشتیدا، "بڕیارمان دا سبەی 20 و دووسبەی 21ی ئەم مانگە بکەینە پشوو."
لەو بارەوە عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاری داوە، دەسەڵات بە سەرۆک زانکۆکان بدات سەبارەت بە پشووی سبەی و دووسبەی."
بە گوتەی عەباس ئەکرەم، سەرۆکی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی کەشوهەوای ناوچەکانیان، بۆ سەلامەتیی گیانی فەرمانبەران، مامۆستایان و خوێندکاران، دەتوانن بڕیاری پشووی سبەی و دووسبەی بدەن.
پەروەردەکانی پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕینیش بە هەمان شێوەی سلێمانی پشووی فەرمییان بۆ 20 و 21ی مانگ راگەیاندووە.
هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پەروەردە بە رووداوی گوت، "هیچ بڕیارێکی لەو شێوەیەمان نەداوە؛ سبەی و دووسبەی پشوو نییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ