کۆمەڵ ئاڵا، ناوی حیزب و پۆستی ئەمیری گۆڕی

19-02-2021
هۆرڤان رەفعەت
ناوی کۆمەڵی ئیسلامی گۆرا بۆ کۆمەڵی دادگەریی کوردستان - عێراق
ناوی کۆمەڵی ئیسلامی گۆرا بۆ کۆمەڵی دادگەریی کوردستان - عێراق
نیشانەکردن کۆمەڵی دادگەریی کوردستان
A+ A-
 
رووداو - دیجیتاڵ

کۆمەڵ کە 20 ساڵ لەمەوبەر لە هەناوی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستانەوە دروست بوو، بە کۆمەڵێک گۆڕانکارییەوە چوارەمین کۆنگرەی خۆیی تەواو کرد؛ پاشگری ئیسلامییەکەی لێکردەوە و بووە کۆمەڵی دادگەریی کوردستان- عێراق، ئاڵای گۆڕی و ناوی پۆستی ئەمیریشی کردە سەرۆک.
 
کۆنگرەی کۆمەڵ بۆ دوو رۆژ لە سلێمانی بەرێوەچوو. عەلی باپیر جارێکی دیکە وەک کەسی یەکەمی حیزبەکە هەڵبژێردرایەوە و 22 ئەندامی سەرکردایەتی هەڵبژێردران کە سێیان ژنن.
 
22 ئەندام بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی هەڵبژێدران، 18 پیاو و 4 ئافرەت، پێشتریش لەنێو کۆنفرانسە نێوخۆییەکانی حیزبەکەوە 12 کەس بە ئەندامی ئەنجوومەنەکە هەڵبژێردرابوون.
 
بەشێک لە ئەندامە هەڵبژێردراوەکان هەر ئەو کەسانەن کە پێشتریش سەرکردایەتی و خاوەن پۆستی باڵا بوون.
 
پەیوەند عومەر، گوتەبێژی کۆنگرەی کۆمەڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەندامانی کۆنگرە خۆیان دەنگیان بەو کەسانە داوە، چونکە هەندێک لەو کەسانە کەسی زۆر بەئەزموونن، وەکو گەنجینە وان بۆ ئێمە، بۆیە ئەندامانی کۆنگرە زۆر بە ئازادانە دەنگیان دا و بە وردی ئەو کەسانەیان دیاری کرد."
 
عەلی باپیر بە دەنگی 892 ئەندامی کۆنگرە بووەوە کەسی یەکەمی حیزب. هاوکات ناوی پۆستەکەی لە ئەمیرەوە بۆ سەرۆکی کۆمەڵ گۆڕدرا و پاشگری ئیسلامییش لابرا و ناوەکەی کرایە کۆمەڵی دادگەریی کوردستان-عێراق.
 
عوسمان عەلی، ئەندامی کۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵ گوتی: "لەسەر پێشنیازی شارەزایان بڕیارمان دا ناوی کۆمەڵ بگۆڕین. من پێشتر پێشنوێژ و وتارخوێن بووم لە مزگەوت. بەس چەند ساڵێکە چوومەتە پەرلەمان و بۆم دەرکەوتووە کە پاشگری ئیسلامی لەلای هەندێک کەس بە خراپ سەیر دەکرێت، چونکە ژمارەیەک گرووپ بە خراپ بە کاریان هێناوە. هەروەها زۆر کەسیش نەهاتووەتە ناو کۆمەڵەوە لەبەر ئەوەی ناوەکەی ئیسلامی بووە، بۆیە ئەم جارە بەم کارەمان چەند ئامانجێک دەپێکین، هەرچەندە بنەماکانی کاری ئیسلامیمان هەر وەکو خۆیان دەمێننەوە."
 
کامەران بابانزادە دووەم جارە دەبێتەوە بە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و دەڵێت هەوڵی تەواو دەدەن کۆمەڵی دوای کۆنگرەی چوارەم لە هەموو روویەکەوە زۆر لە کۆمەڵی رابردوو جیاواز بێت.
 
کامەران بابانزادە، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە رووداوی گوت: "ژمارەیەکی زۆر خوێنی تازە هاتوونەتە ناو کۆنگرە و هەموو هەوڵمان بۆ ئەوەیە کە پەیکەر و پەیڕەوی حیزبمان بگۆڕین و گۆڕانکارییەکانیش لەبەر گەورەبوونی زیاتری کۆمەڵن و گۆڕینی ناوەکەیشی تەنیا وشەیەکی پێشنیازکراو بوو، بەڵام وشەکە بنەمای ئایینی هەیە و ئێمەیش هەوڵی دادگەری دەدەین."
 
کۆمەڵ لەم کۆنگرەیەدا 22 بڕگەی پەیڕەوی ناوخۆی هەموار کردوونەتەوە. ناوی ئەنجوومەنی سیاسییشی بۆ ئەنجوومەنی باڵا گۆڕیوە کە بەسەر سێ لیژنەدا دابەشبوون و هەر لیژنەیەک سێ کەسن کە لیژنەکانی بانگەواز و چاودێری و سیاسین و، سەرۆکی حیزبەکە سەرکردایەتییان دەکات.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چیرۆکی پەیام و باوکی، لەگەڵ ئەوانەی بەخشینی ئەندامانی جەستە ژیانی بۆ گەڕاندوونەتەوە

بەڵگەفیلمی ژیان بەخشین؛ ئەندامێکی جەستە دەبێتە چرایەک بۆ ژیانێکی دیکە

چیرۆکێکی دیکەی بەڵگەفیلمەکە باسی بەرهەم محەممەد دەکات، کە یەکێکە لە وەرگرانی گورچیلە. دوای ئەوەی لە بەخشەرە دەرەکییەکان نائومێد دەبێت و چەند کەسێک لە بڕیاری بەخشینی گورچیلە پەشیمان دەبنەوە، براکەی دێتە پێش و بێبەرامبەر گورچیلەیەکی خۆی پێدەبەخشێت. بەرهەم دەڵێت، "ئەم ژیانەی ئێستا هەمە، قەرزاری ئازایەتی و دڵسۆزیی براکەمم".