کچی شێخ باز بەرزنجی باسی کاتی مووشەکبارانکردنی ماڵەکەیان دەکات

19-03-2022
خانووەکەی شێخ باز، بەڕێوەبەری کۆمپانیای کار گرووپ
خانووەکەی شێخ باز، بەڕێوەبەری کۆمپانیای کار گرووپ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شەوی 13ـی ئەم مانگە مووشەکە بالیستییەکانی ئێران ماڵی شێخ باز بەرزنجییان لە هەولێر کردە ئامانج و هێشتا ئەندامانی خێزانەکە لە شۆکی ساتی هێرشەکەدان و نازانن بۆچی و لەبەرچی ئەو مووشەکانە ئاڕاستەی ماڵیان کراون. 
 
سوپای پاسدارانی ئێران بە بیانووی بوونی بنکەی ئیسرائیلی هێرشەکەیان ئەنجامداوە، بنەماڵەی شێخ باز بەرزنجی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای کار گرووپ دەیانەوێت بە هەڵدانەوەی کەلوپەلە شکاوەکانی ماڵە مووشەکبارانکراوەکەیان؛ بە جیهان بڵێن ماڵ و شوێنی ژیانی ئەوان بەپاساوی بێ بنەما کراوەتە ئامانج.
 
شێخ باز بەرزنجی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای کار گرووپ لە بەردەم خانووە خاپوورکراوەکەی دەڵێت، "ئەمە ماڵی خێزانەکەمە و ماڵی ئێمەیە، هەموو وێنە و کەلوپەلەکانی منداڵەکانم، هەموو کەلوپەلەکانمان لەم ماڵەدان، دەتوانن بچن لەژێر داروپەردووەکان هەموو کەلوپەکانمان ببینن، تەنانەت ئەرشیفی منداڵیمان لە منداڵییەوە تاوەکو ئەمڕۆی تێدایە". 
 
نەوین سوبحی، هاوژینی شێخ باز بەرزنجی دەچێتە یەکێک لە ژوورەکان و جلێکی خۆی بەرزدەکاتەوە و دەڵێت، "ئەمە پێشتر شێخ بۆی هێنابووم".
 
بۆ شێخ باز و خێزانەکەی، ئەم خانووە جگە لە شوێنی نیشتەجێبوون، ئەو شوێنە بوو کە هەموو کەلوپەلە لەبەردڵانەکان و دڵخوازەکانی خۆی و خیزانەکەی تێدا کۆکردبوونەوە. ئەو کەلوپەل و وێنە یادگاریانەی لەو خانووەدا سووتان و شکان، لەگەڵ چاککردنەوەی خانووەکەدا چاکناکرێنەوە. 
 
بەهەرلایەکی خانووەکەدا دەڕۆیت و دەڕوانیت وێرانەیە. لە زەویی خانووەکەوە تاوەکو سەربان و کەرەستەکان، هیچ شتێک بەکەڵک بەکارهێنان نەماوە، بەڵام خێزانە سەرمایەدارە خێرخوازەکەی هەولێر بەشێوەیەکی جێگەی سەرنج لەو هێرشە رزگاربوون. 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بەهۆی تووشبوونی نەوین سوبحی، هاوژینی شێخ باز بە کۆرۆنا، چەند رۆژێک بوو چووبوونە خانووێکی فلاتی خۆیان لە نزیک خانووە سەرەکییەکەیان. ئێوارەی 12ی ئادار ئەنجامی پشکنینی هاوژینی شێخ بە نێگەتیڤی گەڕابووەوە، بەڵام لەسەر داوای نەوین خان، گەڕانەوەکەیان دواخستبوو بۆ رۆژی دواتر. 
 
شێخ باز بەرزنجی لەبارەی شەوی مووشەکبارانەکە دەڵێت، "لەبەرئەوەی زۆر نزیکبوو لێرەوە، رەنگە 100 بۆ 150 مەتر لێرەوەوە دووربووبین، بۆیە کارەسات بوو، بەتایبەت بۆ منداڵەکان".
 
بانوو، کچی شێخ باز بەرزنجی باسی کاتی مووشەکبارانەکە دەکات و دەڵێت، "کەس نەیدەتوانی لە شوێنی خۆی بوەستێت، چونکە پەنجەرەکان ورد ببوون. ئەو شەوە ئەوە دۆخی ئێمە بوو. هەر پێڵاوێکمان کەوتە بەردەست لەپێمان کرد و هەر قەمسەڵەیەکمان کەوتە بەر دەست لەبەرمان کرد؛ لەنێو باخچەکەدا بووین و مووشەکەکانمان بە ئاسمانەوە دەبینین کاتێك بەسەرماندا تێدەپەڕین، نەماندەزانی درۆنن یان مووشەکی بالیستی."
 
هیوا مەحموود عوسمان، شرۆڤەکاری سیاسی دەڵێت، "روونە ئەوەی ئێرانییەکان باسی دەکەن شتێکی بێ مانایە؛ ئێرە دەکرێت هەر شوێنێکی دیکە بێت، جگە لە بنکەی ئیسرائیلی، خۆشت ئەوە دەبینیت".
 
سوپای پاسدارانی ئێران نیوەڕۆی رۆژی 13ی ئادار رایگەیاند، بنکەیەکی "ئیسرائیلیان" لە هەولێر کردووەتە ئامانج، دوای ئەوە ئاژانسی میهری نیمچە فەرمیی ئێرانیش ناوی نۆ کەسی بڵاویکردەوە کە گوایە ئیسرائیلین لەو هێرشەدا کوژراون. قسەی سوپای پاسداران لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عیراق رەتکرانەوە. هەولێر و بەغدا و خودی شێخ بازیش داوا دەکەن کە لێکۆڵینەوەیەکی هەمەلایەنە لەو هێرشە بکرێت، داوا دەکەن ئێران خۆیشی بێت لێکۆلینەوە بکات.  
 
بەهۆی هێرشەکە چەندین ماڵی دیکە زیانی گەورەیان بەرکەوت؛ دوو کەسی سیڤیلی کورد و موسڵمانی خەڵکی هەولێریش برینداربوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە